داگیركاری لە کەناری ئاوابوندا

322
0
هاوبەشی :

نوسینی : ژینا زاگرۆس

مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کاتێک سیستەمی خۆی ئاواکرد و بوە ھێزی ناوەندگەرای جیھانی و دەسەڵاتی ئەوروپا و تائێستە خۆرئاوایی چەسپاند، لە پێناوی قازانج و پەرەپێدانی پیشەسازی و زۆرکردن و فراوانکردنی بازاڕی فرۆش و کەرەستەی خاودا، دەوڵەت نەتەوەی بەبنەماگرت و لەسەر بنچینەی یەکڕەنگیەکان واتە؛ یەک زمان، یەک وڵات، یەک ئاڵا، یەک سەرۆک و یەک ئایین و ھەروەھا درێژەی یەکیەکان.
بەو یەکڕەنگیە، لە پێکەوەبون و یەکیەتی جیاوازیەکانی کۆمەڵگەکانی دا و شەڕێکی نەبڕاوەی خستە ناو جیھان و بە تایبەت خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت تریش دڵی ئەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە؛ کە کوردستانە. بۆیە سەرمایەداری ناوەندگەرای خۆرئاوایی بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەی ناکۆکیەکان و جیاوازیەکانی ناوچەی کردە خاڵی لێ ھەستان و تێکدان و شەڕ و پێکدادان.
بەھۆی گەشەی سەرمایە و قازانج و تەماعکاری و دروستبوونی ناوەندی ئابوری و ھێزی سەربازی، ئەو دابەشکاریەی ڕابردوو، بەکاری تەماعکاری و زۆرترین قازانجی ئەم سیستەمە نەھات و نایەت. کەواتە سیستەم لە قەیراندایە. چۆن چارەسەر دەکرێت. ئەگەر نیگایەک بە گۆی زەوی و جیھانی ئەمڕۆ و ھێزەکان و ناوەندەکانی سەرمایەی فینانس و پیشەسازی سەربازی و گۆڕەپانەکانی شەڕ و کۆمەڵگەکان و کوردستاندا بکەین، ئەوا دوو جۆر شەڕ دەبینین.
١-شەڕێک ھی ناوەندەکانی فینانسەی سەرمایە و قازانج پەرستیە لەناو خۆیاندا، کە گۆی زەوی بەرەو کارەسات و تیاچون دەبات.
٢-شەڕێکیش کە دەسەڵات دەوڵەتەکان و ناوەندەکانی ھێز و کۆمەڵگەکانە. ئەوان وەک سیستەم لەبەرامبەر کۆمەڵگە شەڕ دەکەن و کۆمەڵگەش بە شێوازە جیاوازەکانی بەھێزی و بێھێزی، پاسیڤ و ئەکتیڤ خۆی لەبەرامبەر ئەو سیستەمە ھێرشبەرە بێ ڕەحمەدا دەپارێزێت.
لایەنی ھەرە ئەکتیڤ و بە ستراتیژەی ئەم شەڕە، کوردان و کوردستان و تێکۆشانە ئازادەکەیەتی. دەبینین، ئەمڕۆ ھەر لە کێشوەری ڕەشەوە، تا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و بەشێکی ئاسیا و ئۆکرانیا پانتایی و گۆڕەپانێکی شەڕی وێرانکەرە! ئەم شەڕانە لە پێناوی چیدا؟ لە پێناوی ھەڵوەشانەوەی گۆڕەپانی بڕیار لێدراوی پێشوی بازاڕی قازانجەکانیان.
لە دوای ھەڵوەشانەوەی سوسیالیزمی بونیاد نراوەوە. ئەوروپای خۆرھەڵات پارچەبوو، چەند دەوڵەتێکی تێدا دروستکراو، ھەندێکی چوە یەکیەتی ئەوروپاو ھەندێکی بەھۆی پێگەی ھەستیاریانەوە، لەدەرەوەی ئەو یەکیەتیە و ھاوپەیمانیە سەربازیەکەی کە ناتۆیە مانەوە. بەڵام ئەمە ڕانەوەستایە سەر وازھێنان لە دابەشکاری و خستنە ژێردەستی خۆوە. بەڵکو ھەوڵەکان ھەربەردەوام بوون و بۆ دەسکەوتنی ئەو بازاڕانە قەیرانەکان قوڵتر دەبونەوە و گۆڕەپانی شەڕەکان فراوانتر دەبوون. لە عیراق – کوێت و ئەفغانستانەوە دەستی پێکرد، بە پڕۆژەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی ئەمریکی. بەڵام بەھۆی تاک جەمسەری و سەرەڕۆیی ئەمریکا و دەرکەوتنی ناوەندی ھێزی ئابوری گەورەی جیھانی و مێژوی زلھێزی ئەوانی دی، ئەو دۆخە سەرکەوتوو نەبوو، توشی لەبەر وەستانەوەی دەوڵەت نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیش بویەوە.
بۆیە گۆڕەپانی شەڕەکان فراوانتر بوو، بەھاری عەرەبی بەدوادا ھات. ھەندێک وڵاتی عەرەبی بە ئاسانی دەسەڵاتەکانیان ڕادەستکرد و ھەندێکیش لەناو شەڕ و ھەندێکیش پەرەدان بەشەڕ. تونس تەسلیمبوو، میسر بەھۆی تاقیکردنەوەی ئیخوانی ئیسلامیەوە، کەوتە ناو ئاڵۆزی و بەڵام لە دواساتەکاندا زلھێزانی دنیا تێگەیشتن ئیخوان، نمونەی بەڕێوەبردنی میسر نیە، کە وەک ناوەندێکی حەوزی نیل دەردەکەوێت. بۆیە لێیان داو، لەوێوە ھێڵی ئیخوانی کەوتە بەر نەفرەت. جەزائیر، مەغریب، سودان، یەمەن، لیبیا، لوبنان، سوریا کەوتنە ناو پرۆسەی دەستێوەڕدان و شەڕی گەرمەوە. ئەو وڵاتانە وێرانکران، جگە لە یەک دوانێکیان.
بێگومان ئەم شەڕانە، نە کۆتاییان دێت، نە بەوەندەوە دەوەستن. لەبەرئەوەی بەلاداخستنی ھاوسەنگی ئەم ناوچانە پەیوەستی دابەشکاری گۆڕەپانەکانی ترە. بۆیە کاتێک شەڕ لەسوریا پەرەدەسەنێت، ڕوسەکان دەکەونە خۆ چونکە دەزانن، چ داوێک بۆ گەمارۆی سەر وزەی ڕوسی دانراوە. ئەوروپیەکان دەکەونە خۆ، چونکە تێگەیشتوەن دابەشکاری کۆن لەژێر فشاری ھەڵوەشانەوەدایە، بۆیە شەڕەکان پەرەپێدەدەن و گۆڕەپانە نوێکان بۆ فەتح و دابەشکاری نوێ دەکەنەوە.
شەڕی ئۆکرانیا، ئەو گۆڕەپانە نوێیە بوو. بەڵام خۆرئاواییەکان و ئەمریکیەکان تێگەیشتن کە بەوەندەوە ناوەستێ و دەبێت، ڕوسەکان ڕاگیرێن. بۆیە شەڕەکە بوە، شەڕی ڕوسەکان و خۆرئاواییەکان و ئەمریکا. ئەو ھەموو پارە و چەک و چۆڵەی لە ئۆکرانیادا خەرجی دەکەن ھۆکارەکەی ئەوەیە. بێگومان ڕوسەکانیش، تێگەیشتن، کە بەتەنیا لە ئۆکرانیا و بە ئۆکرانیا ئەنجام بەدەست ناخەن، چونکە خۆرئاواییەکان و بەتایبەت فەرەنسیەکان بەتەنیا و لەپاڵ ھەندێک ھێزدا، ئەفریقا و کیشوەڕی ڕەش دەخۆن و تێچوی شەڕەکانی ئۆکرانیا دابین دەکەن.
بۆئەوە ڕوسەکان دەستیان خستە کیشوەری ڕەشی بێ حەریفی خۆرئاواییەکانەوە و دەستیان کردە ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەی پاڵبدەوە و بخۆ! لە نەیجر کودەتایەکیان وەڕێخست. کودەتای نەیجر شەڕی بلۆکەکانی سەرمایەی فینانسە بۆ دەسکەوت و دابەشکردنەوەی نوێی سەروەت و سامان. ئەگەر جاران داگیرکاری لەڕێگەی خاک و ئاوەوە دەبوو، ئەوا ئێستە لەڕێگەی بەڵتەجی و کۆمپانیاکانی دراوو پارەوەیە. بۆیە چەند ھێزو ناوەند دەتوانن لە ئەنجامی ڕێککەوتندا، لە یەک ناوەنددا سود و قازانج دەستخەن.
بێگومان نەخشە ڕێژکردنەوەی ناوچە بەشەڕی کیشوەری ڕەش کۆتایی نایەت، دەبێت بپەڕێتەوە ئەمریکای لاتین (کوشتنی کاندیدی خۆھەڵبژێردراوی ئیکوادۆر لەو چوارچێوەیەدایە) و ناو گۆڕەپانی وڵاتانی زلھێز و ناوەند گەراش. بەوەش دۆخێکی ھەرە پڕ ئازار و خوێن گۆی زەوی دەگرێتەوە. چونکە ئەو سیستەمە بەخوێن و پارە واتە قازانج و وێرانکردن دروستبوە و گەورەبوە و بەردەوامی بەخۆی دەدات.
لێرەوە لەناو ئەم شەڕە جیھانیەدا، دۆخی ھەرە مەترسیدار بۆ سیستەمی سەرمایەداری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕشی کوردستانە. بۆ ڕاوەستە لەسەر شەڕی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست پێویستە حەقیقەتی شۆڕشی کوردستان و ئەو عەشقە بۆ ئازادی بناسین. بۆچی شۆڕشی کوردستان بەو شێوەیە مەترسیە و ھەموان لەدژی دەوەستنەوە.
لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی بەدەست ئەو سیستەمە دڕندەی سەرمایەوە تەنگاو و وێرانکراوە، کۆمەڵگەش لە بەرخۆدان و لێگەڕینی چارەسەری ژیانی کێشە دروستکراوەکانیدایە. شۆڕشی کوردستانیش ئەڵتەرناتیڤی ئەو سیستەمە خراپکار و تێکدەرەیە. چونکە ئەو سیستەمە لە قەیرانی خنکێنەر و کوشندە زیاتر ھیچی پێنیە. بەڵام شۆڕشی کوردستان، لەسەر ئاستی کوردستان، یەکیەتی نەتەوەیی، لەسەرئاستی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، پێکەوەژیانی گەلان و بۆ جیھانیش کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک کە پشت بەستەیە بە دونیا بینیەک کە بە ڕۆحی خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری و نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی ڕێزدارانەی جیاوەزیەکان دەبەستێت و بەڕێوەدەچێت.
بێگومان کۆمەڵگەکان، ڕێگەچارەی بە ئاشتی ژیان و سودمەندبوون لە دەوڵەمەندیەکانی گۆی زەویان دەوێت، نەک مشتێک سەرمایەدار و کۆمەڵێک ناوەندی پارەپەرست، کە ھەر لە بیر و خزمەتی بەرزکردنەوەی باڵای ئاماری پارەکانیاندابن و ئێتر کۆمەڵگە و خەڵک و ژینگە و گۆی زەوی چی لێ بەسەردێت، کێشەی ئەو نەبێت.
مرۆڤی کورد، مرۆڤێکی ئازادی لەژێر گوشاری شەڕی قڕکەر و لەناوبەردایە. بۆیە گرنگە، بە باڵای ئەو شەڕە قوڵەی سەرمایەداری تێگەیشتن و شەڕەکەی ئاست بەرزبکاتەوەو شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بە بنەمابگرێت. باشوری کوردستان گۆڕەپانی ھەرە گەرمی شەڕی داگیرکاری دەوڵەت نەتەوەی پاکتاوکەرە. وەک چۆن لەھیچ گۆڕەپانێکدا ناوەندەکانی دەسەڵات و قازانج سەرناکەون بەسەر یەکدا. لە جیھانیشدا، سیستەمی سەرمایەی گڵۆباڵ سەرناکەوێت، ھەتا گەلی کورد تەسلیم، پاکتاوو قڕنەکات.
بەڵام ئەم گەلە ھەستاوەتەوە، خاوەنی ڕێبەری، پێشەنگ و دونیابینیەکە، کە جیھانگیربوە و لەشکان نایەت، بەڵام لەدۆخی ھەرە دژوار و بەئازاردایە. ئەو کوشتار، شەڕ و لەدەستدانی گیانانەی لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا لەدەستی دەدەین، ھۆکارەکەی ئاستی بەرزی شەڕی گەلەری کوردستان و لەشکان نەھاتنیەتی. باشوری کوردستان گۆڕەپانێکی گەرمی شەڕە، بێگومان شەڕیش دڵ قایمی ھێز و ئیڕادەی دەوێت. مرۆڤ پێویستە بە گیان لەدەستدانی ھەڤاڵێک، گەر*ی•لایەک خۆی بخاتە بەردەم وێناو بیرکردنەوەیەک، کە، بۆچی دوژمن شەڕی خستوەتە ناو ماڵەکانمان؟ ئەی ئێمە لەبەرامبەر ئەو شەڕەدا خۆمان بە ڕێکخستن کردوە و ئاستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیمان پێشخستوە و بەرز کردوەتەوە؟
مرۆڤی کورد نابێت بکەوێتە گازاندەی سیخوڕ و دەستنیشانکردنی ئەوەی لەڕێگەی سیخوڕی ناوخۆوە، ئەو تیرۆر و دەستنیشان کردنەوانە دەکرێت. بەڵکو دەبێت بکەوێتە ناسینی ئاستی شەڕەکە، خۆئامادەکردن و جیاکردنەوەی بەرەی شەڕەکان و دەست نیشانکردنی دۆست و دوژمن. ئەویش لەسەر ڕێی شیکردنەوەیەکی حەقیقی دیاریکردنی دۆست و دوژمن و بەوەش پەرەپێدان بە ئاستی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ڕێکخراوو ھاتنە دەرەوە لە چاوەڕوانی و ڕسواکردن و لەقاودان و تێکشکاندنی دوژمن و ھاوکارەکەنی.
بێگومان بە خۆڕێکخستن کردن، بەرزکردنەوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و تێگەیشتن لە ئاستی سەرکەوتنەکان دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و ھەڵوەشانەوەی سیستەمی داگیرکاری و سیخوڕی و کۆتایی ھاتن بە شەڕی خوێناوی و دەستپێکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان. بۆیە گۆڕەپانی باشور ئەو فشار و گوشارەی لەسەرە، کە نەبێتە ھێزی ھێڵی ئازادی تێکۆشان و ڕێکخراوو بەرزی ئاستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی. بۆئێمەش ئەوە گرنگە ئەو ئاستە بە تێکۆشانی باشور بدەین و بەوە داگیرکار و سیخوڕ ھەم بە کۆتادێنین، ھەم بەسزا دەگەیەنین. بێگومان پێویستە باشور لە گلەیی و چاوەڕوانی بێتە دەرەوە و خۆی ڕزگار بکات لەو کورت بینیەی کە بەسەریدا سەپاوە و وەک خۆرھەڵات، کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سوتاندنی دارستان و جەنگەڵەکاندا چۆن نیشانیدا پێویستی بە دەوڵەت نیە و ئەگەر دەوڵەتیش ھاوکاری بکات! ئەوا باشتر، خۆی ڕێکدەخات و فریای خۆی دەکەوێت. ئەمیش فریای خۆی بکەوێت و خۆی نەسپێرێتە فەرامۆشی.
بۆیە شۆڕشی کوردستان، مەترسی کۆتابوونی سیستەمی داگیرکاری قوڵکردوەتەوە و وەک دواقۆناغی پەلامارەکانی ھێرشی قڕکەر دەکات و پێویستە ڕاگیرێت. سیستەمی جیھانیش ھاوکاریەتی. بەڵام ئەوەی ئەو کۆتاییە ئەنەخشێنێت و ھاوسەنگیەکان بە قازانجی ئاشتیەکی مایندە دەشکێنێتەوە، پەرە پێدانە بە یەکگرتویی تێکۆشان و بەرزکردنەوەیەتی بۆ ئاستی شەڕی گەلەری و بەشداری ھەر تاک و خێزان و ھێز و پێکھاتەیەک بۆ ڕێگری لە دەستێوەردانی سیخوڕی و ڕاگرتنی تیرۆر و ھەڵگەڕانەوەی ھاوسەنگی ھێز.
ژینا زاگرۆس

١٠ \ ٨ \ ٢٠٢٣

هاوبەشی :