سودانی: هەوڵدەدەین یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی كارا بكەینەوە
لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكان ڕایگەیاند، چەتەكانی داعش تاوانی دڕندەیی قێزەونیان دژی هەموو عێراق و پێكهاتەی ئێزدی لە شنگال ئەنجامدا، هەوڵدەدەن یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی كارا بكەنەوە و كێشەكانی شنگال چارەسەر بكەن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مەراسیمی نۆیەمین ساڵی تاوان و جینۆسایدی چەتەكانی داعش دژ بە ئێزدییەكان وتارێكی پێشكەش كرد.
سەرۆك وەزیرانى عێراق ئاماژەی بە ڕێوشوێنەكانی حكومەت كرد، بەمەبەستی دابینكردنی دادپەروەری بۆ هاووڵاتیانی ئێزدی لە عێراق، لەوانە كاراكردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی و چارەسەركردنی خاوەندارێتی زەوییەكانیان، كە ماوەی ٤٨ ساڵە ڕاگیراوە، هەروەها كارئاسانی بۆ خەرجكردن و قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان دەكەن، بەمەبەستی هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
ئاماژەی بەوەش كرد، عێراقییەكان بە ئێزدییە ڕەسەنەكانیشەوە كەوتنە بەر هێرشی دڕندانە و ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدیان داوە، هەروەها هەزاران كەسیش هەتیو و بێسەروشوێنن، دەشڵێت، داعش نۆ ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەكانی نزیك شنگال و گوندی كۆجۆ دەستی كۆمەڵكوژیی كرد.
سودانى ڕوونیشی كردەوە، هەموو عێراقیەكان دژی داعش هەڵسانەوە كاتێك زیان بە برا ئێزدییەكانیان و باقی ئەو پێكهاتانەی دیكە گەیشت، عێراقییەكان ڕووبەڕووی چەتەكانی داعش وەستایەوە، دەشڵێت: لە یەكەم ڕۆژەوە كە حكومەت ئەركەكانی گرتە ئەستۆ، كارمان كردووە بۆ چالاككردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی.
هەروەها سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، هەموو تاوان و دەستدرێژییەك بەرامبەر بە ژنێكی ئێزدی هاوارێكە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی، شەرمەزاركردنی هەموو ئەو كەسانەیە كە پشتیوانی تیرۆریان كردووە، بە قسە یان بە كردار یان بە خزمەت، وڵاتان و گروپی چەوت، دەستیان لەم تاوانە خیانەتكارەدا هەبوو، ویستیان عێراق تێك بدەن.
سودانی لە وتارەكەیدا وتی، حكومەت كۆتایی بە كێشەی خاوەندارێتی زەوی نیشتەجێبوون و خانوو بۆ دانیشتوانی ئێزدی هێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ەوە ئەم بابەتە پشتگوێ خرابوو، هەروەها ئێمە هانی ئاوارەكانمان دا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەلومەرجی مرۆییمان بۆ دروست كردن.
باسی لەوەش كرد، تا ئێستاش كار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنكراوەكان بەردەوامە، هەروەها هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن بۆ ئازادكردنی هەموو ڕفێنراوێك.
هەروەها سودانى ئەوەى خستە ڕوو، سندوقی ئاوەدانكردنەوەی دەشتی شنگال و نەینەوا لە بودجەی سێ ساڵەدا خرایە نێو بودجەی عێراقەوە، لایەنەكان ئاڕاستە كران بۆ ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی خەرجكردنی قەرەبوو بۆ ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، هەروەها ئەو قەرەبووكردنەوەی موڵك و ماڵانەی زیانی بەركەوتووە.
لە کۆتاییدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، ئەوەی حكومەت لەم ڕووەوە پێشكەشی دەكات نە چاكەیە و نە شەرەفە، بەڵكو دووپاتكردنەوەی ماف و جێبەجێكردنی ئەركە، دانانی ڕێساكانی یەكسانی و فریاگوزاری بۆ ستەملێكراوان.