خەڵکی شەنگال: لەرێگەی شەنگالی خۆبەڕێوەبەرەوە دەتوانرێت رێگری لە فەرمان بکرێت

238
0
هاوبەشی :

بەهەزاران شەنگالی لە ٩یەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئاب کۆبوونەوە و بە دروشمی “شەنگالی خۆبەڕێوەبەر رێگریی لە فەرماندەکات” رێپێوانیان کرد. شەنگالییەکان رایانگەیاند، کە لێپرسینەوە لەو هێزانە دەکەن کە بوونە مایەی روودانی فەرمانەکە.

لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە شەنگال بە بەشداری هەزاران کەس رێپێوانێک سازکرا.

رێپێوانێکە لەبەردەم ئەنجومەنی گەلی شەنگال بە دروشمەکانی لە دژی هێرش و خیانەت دەستیپێکرد و تا بازاری کۆن بەردەوام بوو.

میر نایف: دەبێت دەستبەجێ مافی ئێزدییەکان بەفەرمی بناسرێت

میر نایف لە گردبوونەوەکەدا قسەی کرد و وئەم پەیامەیدا: “ئێزدییەکان لە باشووری کوردستان و سەرتاسەری جیهان یادی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەنەوە کە لە وەها رۆژێکدا لە سەر دەستی داعش لە دژی هەزاران مەدەنی بێ بەرگریی، ژن و پیاو و منداڵ بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا. هەروەها ئێش و دڵتەنگی کشانەوەی کتوپڕی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەرپرسیارێتی پاراستنی شەنگالیان لە ئەستۆ بوو، هەرگیز لە بیر ناکەین. هەرێم ئێمەی نەپاراست و بەو هۆیەشەوە چەتەکانی داعش بە بێ ئەوەی هیچ کەس رووبەروویان ببێتەوە هاتنە ناو گوند و ناوچەکانی شەنگال و بەمەش کوشتن، رفاندن و کۆچبەری هاتەئاراوە. جینۆسایدی خەڵکی ئێزدی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی راکێشا بەڵام ئەوە زۆر دواکەوت، پێویستە هەنگاوی خێرا بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئێزدییەکان بنرێت”.

خودێدا ئەلیاس: لەرێگەی شەنگالی خۆبەڕێوەبەرەوە دەتوانرێت رێگری لە فەرمانی دیکە بکرێت

بە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال خودێدا ئەلیاس ئاماژەی بەوەکرد کە بە رەنجی زۆری گەریلا و شەڕڤانان شەنگال رزگارکراوە. لەگەڵ رزگارکردنی شەنگال گەلەکەمان رێکخستنی خۆی سزکرد و گەڕانەوە سەر خاکی خۆیان. ئەم گەڕانەوەیە وەڵامی هەموو فەرمانەکانە. ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە رێگەی شەنگالی خۆبەڕێوەبەر و ئازادەوە دەتوانین رێ لە هەموو فەرمانەکان بگرین و رێگەنەدەین جارێکی دیکە گەلەکەمان لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەسەر ناوی دامودەزگاکانی بنەماڵەی شەهیدان پاکیزە جەلال و لە سەر ناوی دەستەی سەرۆک هۆزەکانی شەنگال سەعد مولهەمیش پیامیان راگەیاندن و داوایان لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد کە ئەو کەسانەی بوونە هۆکاری فەرمانەکە سزابدرێن.

کورتای شەنگالی: ئێمە لەرێگەی یەبەشە و یەژەشەوە ئێزدییەکان بەهێز دەکەین

یەک لە فەرماندەکانی یەبەشە کورتای شەنگالی قسەی کرد و وتی، “ئیتر گەلەکەمان پشت بە هیچ هێزێکی دەرەکی نابەستێت. گەلەکەمان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر خۆی بە دەستی خۆی خۆی نەپارێزێت، ناتوانن رێگریی لە فەرمانەکان بکەن. رێگریکردن لە فەرمان لە رێگەی رێکار و میکانیزمەکانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان مسۆگەر دەبێت. ئەم شوێنەی ئێمەی تێداین، بە سەدان شەهید لە پێناو رزگاکردنی خاکی پیرۆزدا گیانیان بەخشیوە. نابێت هەرگیز ئەو راستیە لەبیر بکرێت. لەبیرکردنی فەرمان و لەبیرکردنی خیانەتی پەدەکە، خۆی گەورەترین خیانەتە. بە گەلەکەمان دەڵێین کە ئەمڕۆ هێزێکتان هەیە کە دەتانپارێزێت، هێزێک کە گیانی خۆی لە پێناو ئێزدییەکان و ئایینەکەیان بەخت دەکات، یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخانە.

نیعام بەدەل: داعش بە چەکی عێراق ئێمەی دەکوشت

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تاژێ نیعام بەدەل لە سەرەتای قسەکانیدا خیانەتی پەدەکەی شەرمەزار کرد و وتی، “دەبێت نەڵێین تەنیا پەدەکە خیانەتی لێکردین. لەبەر ئەوەی بەر لە پەدەکە حکومەتی عێراق لە پاراستنی ئێزدییەکان بەرپرسیاربوو. بەڵام هێزەکانی عێراق بەر لە هەمووان هەڵاتن و چەتەکان بەو چەکانەی کە بەرپرسانی سوپای عێراق رادەستی ئەوانیان کردبوون، هێرشیان کردەسەر ئێمە. بەو چەکانە ئێمەیان جینۆساید کرد. تائێستا عێراق لەپای ئەو کشانەوەیە لە شەنگال و شوێنەکانی دیکە هیچ کەسێکی سزا نەداوە. ئەو کەسانەشی بەر لە فەرمانەکە لەناو سوپای عێراقدا هاوکاری داعشیان دەکرد و هەڵاتن، ئێستاش سەرلەنوێ لە هەمان ئەرک و بەرپرسیارێتیدان. ئێمەش وەک کۆمەڵگای ئێزدی داوا لە رای گشتی دەکەین کە ئەو کەسانەی بوونە مایەی فەرمان دەبێت بە زووترین کات دادگایی بکرێن”.

چالاکی شەنگالییەکان بە دروشمەکانی ‘بژی بەرخودانی گەریلا’ و ‘بژی بەرخودانی شەنگال’ کۆتاییهات.

هاوبەشی :