هاوپەیمانی ئێزدییەکان دەنگی راستەقینەی شەنگال دەگەیەنێتە بەغدا’

225
0
هاوبەشی :

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ قەحتان قیرانی رایگەیاند: کۆمەڵگای ئێزدی لە رێگەی گەڕانەوەی گەل بۆ زێدی خۆیان و بە چالاکییەکانی هاوپەیمانی پێشوازی لە ساڵیادی فەرمانەکە دەکات و وتی، “ئەگەر ئێزدییەکان یەک دەنگ و یەک بڕیار بن، عێراق ناچار دەبێت مافەکانیان بدات”.

لە ٩یەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابدا، کۆمەڵگای ئێزدی خاوەندی پڕۆژەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتین. لە لایەکەوە بە سەدان بنەماڵە لە کەمپەکانی باشووری کوردستانەوە روویان کردووەتە شەنگال، لەلایەکی دیکەوە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان وتە و بڕیاری خۆیان یەکدەخەن بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی فەرمان بکەن و پرسی ستاتۆ و قەوارەی شەنگال روونبکەنەوە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ قەحتان قیرانی لە بارەی رۆژەڤی سیاسی و داواکارییەکانی کۆمەڵگای ئێزدی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

‘دەرەنجامی باڵادەستی ١٣ ساڵەی پەدەکە، فەرمانی ٢٠١٤ بوو’

قەحتان قیرانی لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکانیدا رەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق گرت بەوەی ٩ ساڵ بە سەر فەرمانی سەر ئێزدییەکان تێپەڕ بووە، بەڵام وەک جینۆساید دانی پێدانەناوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: “کۆمەڵگای ئێزدی هیواخوازبوو کە حکومەتی عێراق پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئێزدییە بێسەروشێنەکان بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. بەڵام نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێم ئەرکی خۆیان بەجێنەگەیاند. لەو راستیەوە درک بەمە دەکرێت کە ئەگەر ئێزدییەکان خاوەنداری لە خۆیان نەکەن، رووبەڕووی جینۆسایدی دیکە دەبنەوە. لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ئەو راستیەمان بینی. حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٣ ساڵ گوای پارێزگاریی لە شەنگال دەکرد، ئەنجامەکەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بوو. کۆمەڵگای ئێزدی بە چەکی سوک، بەڵام بە ئیرادەی گەورە بەرامبەر فەرمانەکە وەستایەوە و توانی بەشێک لە کۆمەڵگای خۆی لە فەرمانەکە بپارێزێت. داعش نیوەی عێراق و سوریای تێکشکاند، بەڵام لە شەنگال شکستیهێنا”.

‘ئێزدییەکان یەکەمجارە دوای فەرمان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان’

کۆمەڵگای ئێزدی لە ٩یەمین ساڵیادی فەرماندا بە گەڕانەوە بۆ شەنگال پێشوازی لە ساڵیادەکە دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە دروشمی ‘بگەڕێنەوە بۆ شەنگال و تۆڵەی فەرمانەکە بکەنەوە’ کاروبارەکانی تایبەت بە گەڕانەوە بۆ شەنگال و پێشوازی کردن لە ئاوارەکانی بەڕێوەبرد. قەحتان قیرانی لە بارەی مێژووی فەرمانەکان ئاماژەی بەوەکرد، “لە مێژوودا ئێزدییەکان دوای هەموو فەرمانێک، نەدەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەمە یەکەم جارە کە دەبینین ئێزدییەکان دوات جینۆسایدی ٣ی ئاب، بە ئیرادە و ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان. کە دەگەڕێنەوە، بەهێزتر دەگەڕێنەوە”.

‘دەبێت وتە و بڕیاری کۆمەڵگای ئێزدی یەک بێت’

قەحتان قیرانی سەرنجی راکێشا بۆ سەر دابەشبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێزدییەکان و بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ هاوپەیمانی کرد، “ئێزدییەکان هێزی جیاجیای سەربازی و سیاسیان هەیە. پێویستی کۆمەڵگای ئێزدییە لەسەر داواکارییەکانی یەکدەنگ بێت. دەستووری عێراق لە زۆر خاڵی نچینەییدا مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدیی دەپاڕێزێت. ئەگەر وتە و بڕیاری ئێزدییەکان یەکبخرێت، عێراق ناچار دەبێت کە کار بە دەستووری خۆی بکات. ناکرێت کە هەر لایەنێک بە تەنیا بچێت و داواکارییەکانی بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە بەردەم عێراق. ئەوەی گرنگە ئێزدییەکان سەرەتا لە چیای شەنگال یەکبگرن دواتر داواکارییەکانیان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان”.

قیرانی لەبارەی کارەکانی هاوپەیمانی لە شەنگال ئەو زانیارییە راگەیاند: “دوای فەرمانەکە یەکەمجارە کە لە شەنگال لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگا یەکدەگرن و هاوپەیمانی بەرەوپێش دەبەن. ئەگەر گەلانی شەنگال پشتیوانی ئەو هاوپەیمانییە بکەن، هاوپەیمانێتیەکە دەتوانێت داوا مافەکانی ئێزدییەکان بکەن. ئەو هاوپەیمانێتیە لە هەڵبژاردنیشدا دەتوانێت ببێتە هیوای گەل بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەچێت. دەتوانن ەنگی راستەقینەی چیای شەنگال بگەیەننە بەغدا. ئێستا هەندێک کەس هەن لە پەرلەمانی عێراق لە سەر ناوی ئێزدییەکان دەجوڵێنەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکان نە بە شەنگال و نە بە ئێزدییەکانەوە نییە”.

‘ئێزدییەکان و چیای شەنگال پێکەوە بەستراونەتەوە’

قەحتان قیرانی لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا بەم جۆرە سیاسەتی پەدەکە و دەوڵەتی تورک لە دژی شەنگالی هەڵسەنگاند: “هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی شەنگال، تۆڵەی تێکشکانی داعشە. هەوڵ دەدرێت کە تۆڵەی داعش لە ئێزدییەکان بسەندرێتەوە. ئەوان رێککەوتبوون کە ئێزدییەکان لە جیای شەنگال دەربکەن، بەڵام هیوای ئەوان نەهاتەدی. بەو هێزەی گەریلاکانی پەکەکە و شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بە شەنگالی بەخشی، ئەو ئامانجەیان سەرینەگرت. هەربۆیەشە هێشتاش دەیانەوێت رێگری لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکەن و درێژەی بە هێرشەکانیان دەدەن. سەرباری ئەو هێرشانەش ئێزدییەکان دەگەڕێنەوە بۆ شەنگال. ئێزدایەتی و چیای شەنگال لەیەک دانابڕێن و پێکەوە بەسراونەتەوە. ئێزدییەکان چەندە لە چیای شەنگال بمێننەوە، هێندەش ئێزدایەتی بەردەوام و بەهێز دەبێت”.سڵاو

هاوبەشی :