کەجەکە چالاکییەکانی گەریلای پیرۆز کرد

263
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبۆنەی چالاکی بەهێز لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر، سڵاوی ئاراستەی گەریلاکان کرد.

کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل و شەڕڤانان و فەرماندەکانی هەپەگە و یەژاستاری کردووە، بە هۆی چالاکییەکانیان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرماندە و گەریلاکان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

“لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣وە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە چالاکی بەهێز گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەوەشێنن. بە تایبەتی چالاکیەکان لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین گورزێکی گەورەبوون کە بەر سوپای تورکی داگیرکەر کەوتن. بەهۆی ئەو چالاکیانەوە لە دڵ و گیانەوە پیرۆزبایی دەکەین لە گەریلا و فەرماندەکانی هەپەگە و یەژاستار، بەتایبەتی فەرماندە و شەڕڤانان لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین، بەهۆی ئەو چالاکییە گەورانەوە سڵاویان لێدەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لەو هاوڕێیانەشمان دەکەین کە یارمەتیدەر و بەشداربوون لە چالاکییەکانی ١٩، ٢٠ و ٢١ی تەمووز. بەم بۆنەوە ئێمە هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکانی جەنگی خابور، شەهید ساڤاش مەرەش و هەڵۆکانی زاگرۆس و ئەو چالاکیانەی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەدا ئەنجامدراون، سڵاویان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

پەیامی پیرۆزبایی بۆ فەرماندەیی ناوەندیی نەپەگە

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (فەبەنەپەگە) لە رێگەی گورزوەشاندن و هەڵوێستی گەریلا و قووڵی تاکتیکی و ستراتیژیکی گەریلاوە، هێزەکانی دوژمنی فاشیست و داگیرکەریان پەرێشان و بێچارە کرد، کۆنسێپتی ئەوانیان پوچەڵ کردەوە. لە رێگەی ئەو چالاکیانەوە هەم گورز لە دوژمن وەشێنراوە، هەمیش بووەتە سەرچاوەی هێز و ورەی زۆر بۆ گەلی وڵاتپارێزی کوردستان. لەم رووەوە، ئەم چالاکیانە هەم لە روو کات و هەم لە رووی چوارچێوەوە زۆر واتاداربوون. پیرۆزبایی لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەدی پاراستی گەلمان دەکەین، سڵاو و رێزی خۆمانیان ئاراستە دەکەین.

گەریلا لە هەموو شوێنێک کوردستان دەپارێزێت

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر لە ١٢ی تەمووزدا لە دژی باشووری کوردستان پلانێکی نوێی داگیرکەری خستەگەڕ و بە تایبەتی لە هەرێمەکانی زاپ و مەتینا دەستی بە هێرشی بەرفروان کرد. ئەو پلان و هەوڵە نوێیانەی هێرش، جارێکی تر ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست و قڕکەر دەیەوێت تەواوی باشووری کوردستان داگیربکات. گەریلا لە دژی هەوڵەکانی ئەم دوایین ئۆپراسیۆنەی دەوڵەتی تورکی قڕکەر بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ و مەتینا ئەو چالاکیانەی ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش ئەم چالاکییە لەناو بەرخودانی گەریلادا بە واتای پاراستنی باشووری کوردستانە لە دژی داگیرکەری. دەبێت ئەو راستیە بە دروستی ببیندرێت و درکی پێبکرێت. گەریلا لە هەموو شوێنێک دەستکەوتەکانی گەلی کورد و کوردستان دەپارێزێت، لەو پێناوەدا شەڕدەکات و خۆڕاگری دەکات. دەبێت نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزان خاوەنداری لەم بەرخودانەی گەریلا بکەن و لە دژی هێڵی خیانەت و داردەستی کە لەگەڵ دوژمندایە و خزمەت بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان دەکات، هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن. ئەمە مەرجێکی وڵاتپارێزییە. پاراستنی کوردستان، ئازادی ئەو و یەکێتیی نەتەوەیی کوردستان بەم هەڵوێستە وڵاتپارێزییە دەبێت.

بەڵێنی خۆمان بۆ سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە

گەریلا بە ستراتیژی و تاکتیک و ئاستی گیانبازی ئاپۆیی کە خۆی پێگەیاندووە، ئەوەی سەلماندووە کە نابەزێت و شکست ناهێنێت و بەو چالاکیە گەورانە جارێکیتر ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە هەموو بارودۆخێک کوردستان دەپارێزێت و واتادارترین پراتیکی وەفاداری بۆ شەهیدان نیشان دەدات. ئەمە هەڵوێستێکی شکۆمەندانە، واتادار و شایەنی پەسندان و پێداهەڵگووتنە.

ئێمە جارێکیتر ئەو هەڵوێستە بەرزدەنرخێنین، بە بۆنەی ئەو چالاکییە سەرکەوتوانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرماندە و شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار دەکەین و سڵاو و رێزیان بۆ دەنێرین. لە کەسایەتی شەهیدانی زاپ، مەتینا و خواکورکدا هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە، ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەینەوە کە بە شەهیدانمان داوە”.

هاوبەشی :