کەرکوک، یادی١٥ساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە کرایەوە

248
0
هاوبەشی :

 

ئەحمەد کەرکوکی \ ستێرك تیڤی

لە شاری کەرکوک، ١٥هەمین ساڵرۆژی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بەرزڕاگیرا، بنەماڵەی سۆرانی مامە حەمە، دەسەڵاتی کوردی تۆمەتبار دەکەن بە تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە.

١٥ ساڵ لەمەوبەر و لەشاری كەركوك ڕۆژنامەنووسی بوێر و گەنج سۆرانی مامە حەمە، بەدەستی چەکدارانی نەناسراوی (پەدەکە) شەهیدكرا، بەڵام تائێستا تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بەنادیاری ماونەتەوە و سزا نەدراون، سۆرانی مامە حەمە لەدوای شەهیدکردنی بەهۆی بوێریی و زیندویەتی قەڵەمەکەیەوە نازناوی “شەهیدی‌ قەڵەم”ی پێبەخشرا.

سۆران مامە حەمە لەساڵی ١٩٨٧ لەشاری کەرکوک لەدایکبووە، ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی گۆڤاری لڤین بوو و ماوەی سێ ساڵ لەو گۆڤارە کاری کرد، کە لە ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨
لەبەردەم ماڵی خۆیدا تیرۆرکرا، کەیسی سۆرانی مامە حەمە ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، تاوانباران و ھۆکاری کوشتنی ھێشتا تەواو ڕوون نییە.

بەر لە دوو مانگ لە کوشتنی، سۆران ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، کوشتنەکەشی بەدوای چەند وتارێکدا دێن کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردبوونەوە، وەک وتاری پرسی دەرکەوتنی خانمی یەکەمی کوردستان لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی کە تێیدا داوای دەرکەوتنی خێزانی مەسعوود بارزانی کردبوو لەگەڵ ڕاپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی حکومی شاری کەرکوک لەگەڵ لەشفرۆشانی ئەو شارە ھەندێ کەسیش گۆڤارەکە بەھۆکاری تیرۆرکردنی ناوبراو لێکدەدەنەوە ئەوەش لەبەر بڵاوکردنەوەی وتارەکەی سۆرانی مامە حەمە.

سۆرانی مامە حەمە نوسینەکانی زیاتر دژی خیانەت و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی بوون. لە یەکێ لە نوسینەکانیدا باس لەوە ئەکات کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بۆتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، بۆ نموونە ئەڵێ “ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە سیاسی و خاوەن خەباتی کوردایەتی ئەو ھەرێمە دەزانن، لە خۆیان وردبوونەتەوە کە ئایا، تەنھا ڕۆژێک خەبات و سەروەرییان ھەیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی دۆزی کوردان لە مێژوودا، جگە لە کوردکوشتن و خیانەتی نەتەوەیی و بوون بە کۆیلە و جاسوسی وڵاتانی دراوسێ و جیھان”.

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی پەیمانگای عیلم لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدی قەلەم و چالاکوانان و رۆژنامەوانان، لە ١٥هەمین ساڵرۆژی تیرۆرکردنی ئێوارە دیدارێکی ئەدەبی و رۆژنامەوانی تایبەت بە بەرهەمە شیعری و رۆژنامەوانییەکانی شەهیدی قەڵەم (سۆران مامە حەمە) بەڕێوەچوو کە تیدا هەریەکە لە (لەتیف فاتیح فەرەج) نووسەر و رۆژنامەوان و (هەڵمەت هۆشیار) خوێندنەوەیان بۆ بەرهەمەکانی سۆرانی مامە حەمە کرد.

جێگای باسە دیدارەکەش بە دەستپێشخەڕی گۆڤاری نوگرە سەلمان ڕێکخرابوو کە گۆڤاڕێکی تایبەتە بە جینۆساید و ئەنفال وە هەروەها سۆران مامە حەمە دەستەی نووسەر و دەستەی دامەزرێنەی ئەو گۆڤارەبووە.

پەدەکە فەرمانی داوە بە داخستن و شاردنەوەی ئەم کەیسە

سەبارەت بە مەڕاسیمی بەبیرهێناەوەی ئەو شەهیدی قەڵەمە، گەردە مامە حەمە خوشکی شەهیدی قەڵەم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: “ئێمە وەکو بنەماڵەی شەهید ماوەی ١٥ ساڵە چاوەڕوانین لە دەزگا ئەمنیەکانی شاری کەرکوک کە بکەرانی ئەم کەیسە ڕادەستی دادگا بکات، ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوەی لە شەهیدکردنی سۆران مامەحەمە دروست کرا تا ئیستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بۆ هیچ لایەنێک ڕانەگایندووە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حزبی دەسەڵاتی کوردی فەرمانی داخستنی ئەم کەیسەی کردووە”.

پەدەکە بەردەوامە لە تیرۆر کردن و سەرکوتکردنی رۆژنامەنووسان

ئەحمەد کەرکوکی
هەروەها ئەو خوشکەی سۆران مامە حەمە سەبارەت بەو لایەنەی کە دەستی هەبوو لە تیرۆکردنی براکەی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: “دەزانین کە حزبێکی کوردی باڵا دەستی هەرێمی کوردستان(پەدەکە) بەرپرسە لە تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، ئەو حزبە تائیستاش بەردەوامە لە تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان و چەوساندنەوەی خەڵکی کە ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسک دەکاتەوە، وە چالاکوانان و رۆژنامەوانان دەخاتە زیندان، ئەبینین ئەمرۆ ئەو حزبە کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر سۆرانی تیرۆرکرد ئەمرۆ سزای ٤ ساڵ زیندانی بەسەر رۆژنامەنووس شێروان شێروانی سەپاند، ئەمەش پەیامی ئەوەیە کە ئەم حزبە(پەدەکە) بەردەوامی دەدات بە سەرکوتکردنی رۆژنامەوانان، بەڵام جێگای خۆشحاڵیە کە رۆژنامەنووسان بوێرتر بوونە لە گەیاندنی پەیامی خەڵکی”.

دەسەڵات ناتوانێت خۆی چاک بکات بۆیە رۆژنامەنووس تیرۆر دەکات

لەلایەکی دیکەوە، لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و رۆژنامەوان، سەبارەت بە بەردەوامی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: “رۆژنامەنووس چاودێرە بەسەر دەسەڵات و دەستوەردەداتە برینەکانی هەر سێ دەسەڵاتەکەی(جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری) کە پیان دەڵێت کە دەسەڵات لە کوێ ناشیرن و کەمتەرخەمە و داوای چاکسازیان لێدەکات، هەر سێ دەسەڵاتەکەی دیکەی نایانەوێت چاکسازی بکەن، دەسەڵات ناتوانێت خۆی چاک بکات بۆیە هەڵدەستێت رۆژنامەنووس تیرۆر دەکات و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دادەخات و هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانی ڕاگەیاند”.

هاوبەشی :