بانگەوازی پەژاک و کۆدار بۆ بەشداری لە رێپێوانی لۆزان

230
0
هاوبەشی :

پەژاک و کۆدار بەمەبەستی بەشداری لە رێپێوانی لۆزان بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: کۆتاییهێنان بە پەیمانی لۆزان لە رێگەی تێکۆشان و ئازادی گەلانەوە دەستەبەر دەبێت.

بانگەوازی هاوبەشی کۆدار و پەژاک لەبارەی پەیمانی جینۆسایدکارانەی لۆزان و بانگهێشتی ئازادیخوازان بۆ بەشداری لە رێپێوانی ٢٢ی تەمووز بەم جۆرەیە:

کۆتاییهێنان بە لۆزان لە رێگەی تێکۆشان و ئازادی گەلانەوە دەستەبەر دەبێت

بەستنی پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ بووە مایەی بە کۆلۆنیبوونی کوردستان و دابەشبوونی نیشتمانی مێژوویی گەلی کورد لە نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکان. لە کۆتایی سەد ساڵەی ئەو پەیماننامەیە کۆمەڵکوژکارانەیە، بە توندی شەرمەزاری دەکەین و بە توندی لەدژی درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی راپەڕینە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد، ئەرکێکی مێژووییە.

پەیمانی لۆزان وەک پەیمانێکی نێونەتەوەیی نێنوان دەوڵەتانی زلهێز و فاشیستی جیهانی و هەرێمایەتی، وڵاتەکەمان کوردستانی، کە نیشتمانی گەلی کورد و گەلانی دۆستمانە، پارچەپارچەکرد. ئەم پەیماننامەیە بە ئامانجی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بەرفراوان لە کۆمەڵکوژیەکانی “ئامەد، زیلان و کۆچگری و دێرسیم” لە باکووری کوردستانەوە تا ئەنفاڵ و هەڵەبجە لە باشووری کوردستان و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆماری کوردستان و کۆمەڵکوژی لۆرشتان، هەروەها داگیرکردن و کۆمەڵکوژی لە عەفرین و سەرێکانی لە رۆژئاوا، لە دژی گەلەکامان واژۆکراوە و بە درێژایی ١٠٠ ساڵ زنجیرەیەک لە کۆمەڵکوژی بەدوای خۆیدا هێناوە.

رێبەر ئاپۆش لە بەرامبەر ئەم پەیماننامەیە و هاوشێوەکانی بە بیردۆزی “کوردستان داگیرکراوە و کۆلۆنییە” شکۆمەندانەترین شۆڕشی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان و گەلانی چەوساوەی دەستپێکرد و بە گیانبازییەکی بێوچان لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و کۆتاییهێنان بە لۆزانە ستەمکارانەکان، تێکۆشا. لەمرۆدا رێبەر ئاپۆ بە هۆی پیلانگێڕی ئەنجامدەرانی لۆزان لە زیندانی ئیمراڵیدا بە دیل گیراوە. هێزی ئازادیخوازی ژنان لە سەر بنەمای ئەندێشەی باڵای “ژن، ژیان، ئازادی” و لە سەر رێبازی رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان، بنچینەییترین هێزی تێکۆشان لە کوردستان و ناوچەیەکەیە و رێنیسانس و رۆشنگەری ئازادی دەخوڵقێنێت.

تێکۆشانی ژنان گەلەکەمان زیاتر لە هەموو کات لە ئازادییەوە نزیکتر دەکاتەوە و کۆتایی بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکان دەهێنێت.

داگیرکەری و پلانەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا بە ئاراستەی هێنانەدی و بەئەنجامگەیاندنی جینۆساید بە پێی ئەوەی لە پەیماننامەی لۆزاندا دەخوازرا، لە سایەی تێکۆشان و بەرخودانی گیانبازانەی گەلەکەمان و فیداکاری رۆڵە تێکۆشەرەکانی تائێستا رووبەڕووی گەورەترین لەمپەر و ئاستەنگ بووەتەوە.

بێگومان تاکە رێگەی کۆتاییهێنان بە پەیماننامەی شووم و نەگریسی لۆزان و جینۆسایدەکان، تێکۆشانی یەکگرتووانەی گەلەکەمان لە گۆڕەپان و بوارە کردارییەکانە. گرتنەبەری هەڵوێستی نەتەوەیی دیموکراتیک بە پشتبەستن بە ئیرادەی خودی گەلەکەمان و هێنانەدی یەکێتی لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان، ئەرکێکی مێژوویی، سیاسی، رۆشنگەرانە و ئەخلاقی-دیموکراتیکە. پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتن و تێکۆشان و خۆڕاگری گەلەکەمان لە سەد ساڵی رابردوو لە رێگەی ئامادەبوون و بەشداری لە هەموو گۆڕەپانەکان و بەستێنەکان، ئازادی گەلەکەمانی گەرنتی کردووە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) وێڕای شەرمەزارکردنی پەیمانی کۆمەڵکوژکارانەی سەد ساڵەی لۆزان، داوا لە هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانی گەلەکەمان و گەلانی چەوساوە، بە تایبەتی دانیشتوانی تاراوگە دەکات کە لە سەدەمین ساڵەی کۆتاییهاتنی لۆزان راپەڕن و لە دژی دروستبوونی لۆزانی نوێ بوەستنەوە و رێگری لێبکەن. بەتایبەتی بەشداری و ئامادەیی گەلەکەمان لە ئەوروپا لە رێپێوانی گەورەی رۆژی ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە شاری لۆزان، ئەرکێکە لە پێناو یەکگرتوویی و ئازادی. هەربۆیە سەرجەم کۆمەڵانی گەلەکەمان لە سەرتاسەری ئەوروپا بانگهێشت دەکەین کە بەشداری لەم رێپێوانە گەورەیەدا بکەن و دەنگی مافدارانەی خۆیان بە گوێی جیهان بگەیەنن. ئەمە هەل و دەرفەتێکی مێژوویی گەورەیە بۆ پتەوکردنی ریزەکان و یەکگرتوویی گەلەکەمان، حزبەکان و رێکخراوە جیاوازەکانی. بەشداری شکۆمەندانەی گەلەکەمان سەرجەم پیلان و سیناریۆکانی دوژمنان بە ئاراستەی لۆزانێکی نوێ پوچەڵ دەکاتەوە. گیانبازی گەلەکەمان مایەی سەرکەوتنە، هەربژی یەکێتیی و یەکگرتوویی گەلەمان.

هاوبەشی :