هاوسەرۆكایەتی تەڤگەری ئازادی سەردانی چادری مانگرتوانی كفرییان كرد

277
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە

شاندێكی تەڤگەری ئازادی، بەمەبەستی پشتیوانی كردن لە داواكارییەكانی مانگرتوانی كفری، كە ماوەی نۆ ڕۆژە، بەبۆنەی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی كار و چەند داواكارییەكی دیكەوە مانیانگرتووە، سەردانی مانگرتوانی كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییەكانیان دووپاتكردەوە.

ئەمشەو دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، بەئامادەبوونی هاوسەرۆكانی گشتی، سەردانی چادری مانگرتوانی شارۆچكەی كفری سەربە ئیدارەی گەرمیانیان كرد، كە ماوەی نۆ ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین كردووە.

تارا حسێن، هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەری ئازادی
لە مانگرتنەكەدا، تارا حسێن، هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەری ئازادی وتارێكی پێشكەشكرد و وتی: جێگەی شانازییە كە شارۆچكەكەی شەهید شەماڵ و شەهیدانی دیكە، كە خاوەن مێژوویەكی دێرینی پڕ سەروەرییە، ئەمڕۆ پێكەوە داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، گەنجان كۆچ قەبوڵ ناكەن و چەندین ڕۆژە لەمانگرتن بەردەوامن و داكۆكی لەشارۆچكەكەی خۆیان بكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، كە وەكو تەڤگەری ئازادی بەڵێن دەدەین، وەك چۆن لەڕابردوودا داكۆكیكاری گەل بووین، ئێستاش بەهەمان گوڕوتینەوە داكۆكیكار و پاڵپشتی سەرسەختتان بین.

سەركەوت پەرێشان، چالاكوان
لەبارەی سەردانەكەی شاندی تەڤگەری ئازادییەوە، سەركەوت پەرێشان، چالاكوان و بەشداربووی مانگرتنەكە بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و بە ڕۆژنیوزی وت: دەست خۆشی لەهەموو شاندێك دەكەین كە خۆیان بە خەمخۆر بزانن و پاڵپشتی لە داواكارییەكانی مانگرتوان بکەن

وتیشی: جێگەی خۆشحاڵییە كە شاندێكی تەڤگەری ئازادی بە ئامادەبوونی هاوسەرۆكانی گشتی، لە شارەكانی دیكەوە هاتوون و جەختیان لەوە كردەوە كە پاڵپشتی مانگرتوانن.

هاوبەشی :