پۆلیسی ئێران جارێکیتر یەکە گەڕۆکەکانی لە دژی ژنان خستەوەکار

244
0
هاوبەشی :

 

پۆلیسی ئێران بە پاساوی زیادبوونی ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکان بە بێ سەرپۆش دەردەکەون، سەرلەنوێ یەکە گەڕۆکەکانی پۆلیسی ئەخلاقی خستەوەکار.

دوای ئەوەی لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەهۆی ناڕەزایەتیەکانەوە کارەکانی یەکە گەڕۆکەکانی ئەو هێزەی پۆلیس راگیرابوون، بەڵام سەرلەنوێ دەوڵەتی ئێران ئەو یەکانەی خستووەتەوەکار.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سەعید مونتەزێرولمەهدی وتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، “لەمرۆ بەدواوە پۆلیس بە ئۆتۆمبێل و بە پیادە لە ناو شارەکاندا دەگەڕێن و ئەو کەسانەی بە گوێرەی رێنماییەکانی حکومەت بۆ پۆشاک و جلوبەر هەڵسوکەوت ناکەن، هۆشدارییان پێدەدات و سزایان دەدات”.

ئەم لێدوانە دوای نزیکەی ساڵێک دێت بە سەر کوژرانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ لە تاران. کوژرانی ئەو کچە کوردە بووە هۆی دەستپێکردنی سەرهەڵدانێکی بێهاوتا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

لە سەرهەڵدانەکەدا بە سەدان کەس لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژران، بە دەیان هەزار کەسیش دەستگیر و زیندانی کران و هەندێکیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

لەسەرەتای سەرهەڵدانەکەوە تائێستا ژنان لە دژی قەدەغەکانی دەسەڵات لەسەر ئازادی هەڵبژاردنی جۆری پۆشاک و جلوبەرگ، بە شێوەی نافەرمانی مەدەنی لەچکەکانیان لە شوێنە گشتییەکان لادەبەن و تادێت ژنارەی ئەو کچ و ژنانەی بێ سەرپۆش دەردەکەون لە تاران و شارە گەورەکان رووی لە زیادبوونە.

هاوبەشی :