جوتیارانى کەرکوک: تا بەدەستهێنانى مافەکانمان بەردەوام دەبین و رێگەی نوێدەگرینەبەر
جوتیارانى کورد و تورکمانی سنووری پارێزگای کەرکوک رایانگەیاند، دەستبەرداری یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی نابن و جەخت ئەکەنەوە، تا بەدەستهێنانى مافەکانیان بەردەوام ئەبن و رێگەی نوێ ئەگرنەبەر.
ئەمڕۆ یە شەممە، جوتیارانى کورد و تورکمانى سنوورى پارێزگاى کەرکوک لەبارەى کیشەى زەوییە کشتوکاڵیەکانیانەوە، کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانییان بەڕێوەبرد.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، بەیاننامەیەکیان پێشکەشی رایگشتیی کرد و رایانگەیاند: ئێمە لە ماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی، کارەکانمان بە یاسایی جێبەجێ بکرێن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمییمان بەدەست نەگەیشتووە کە کێشەکانمان چارەسەر بووبێت، ناکرێت جوتیارانی کورد و تورکمان دەستبەرداری یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی بن، کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵانى ٢٠٠٧ و ٢٠١٢ دوو بڕیار دەرچووە، کە لەبەرژەوەندی ئێمەیە و ئەو گرێبەستانە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییدا هاتوونەتە کایەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە جێبەجێ کارەکان لەناو پارێزگای کەرکوک بەرپرسانى پەیوەندیدارى عێراق جێبەجییان نەکردوە .
ئەوەش خرایەڕوو، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ ە وە سەرلەنوێ ئەو کێشانەی ئێمە سەری هەڵداوەتەوە و ئەیانەوێ چۆن لەسەردەمی پێشوو رایانگواستین و دەستیان بەسەر زەوییەکانماندا گرتبوو دووبارەی بکەنەوە .تا بەدەستهێنانى مافەکانمان بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگاى نوێ دەگرینە بەر و بە هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان جوتیارانی کورد و تورکمان بەرگریی لە ماف و زەوییەکانی خۆمان دەکەین و داواکارین پەرلەمانتارەکانیشمان بەهەمان شێوە یەکدەنگ و یەکڕیزبن بۆ ئەوەی لە بەغداد بەرگریی لە مافەکانمان بکەن .
جوتیارانی تورکمان و کورد لە راگەیاندراوەکەدا هێمایان بۆ ئەوەشکرد، هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا بووین جارێکی دیکە کۆمەڵێک نوسراو کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە ئێمە بڕیارماندا وەکو نوێنەرانی جوتیاران لە هەموو ناوچەکان بە کورد و تورکمانەوە بە شێوازێکی نوێ و یاسایی ئەمجارە ئاڕاستەی ئیش و کارەکانمان بگۆڕین بەوەی کە پارێزەرێک ڕاسپێرین و بیکەین بە بریکاری خۆمان بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوەوە بتوانین داواکاری خۆمان بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان بگەیەنین .