لە بەغدادەوە دەنگی ناڕەزایی دژی داگیركاریی توركیا دەستیپێکرد
سوپای تورکی داگیركەر لە هەوڵی داگیركردنی بەشێكی گەورەی خاکی عێراقە دایە، هاووڵاتییانی عێراق حكومەت بە لاواز ئەزانن بەرامبەر هێرش و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك و رایدەگەیەنن: پێویستە حكومەت نامەیەكی توندی ئاگادار كردنەوە بداتە باڵیۆزی توركیا لە عێراق.
عەلا غەزەیر، چاودێری سیاسیی ڕایگەیاند، دەستوەردانی توركیا لە كاروباری عێراق و هاتنی هێزی توركەكان بۆ بەعشیقە و دەشتی نەینەوا و كەركوك، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ لاوازیی دەوڵەتی عێراق و لاوازیی بڕیاری نیشتمانیی عێراق، هەروەها لاوازیی حكومەت بووە هۆی زیاد بوونی سەرپێچییەكانی توركیا.
وتیشی، وڵاتانی هەرێمی دەستوەردان لە كاروباری عێراق دەکەن، چونكە عێراق خاوەنی سەروەریی نییە، كە بتوانێت سوپای بنیات بنێت و بڕیارێكی نیشتیمانیی بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق دەربكات، بەڵام لە ئێستادا چەند هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی داگیركەرییەكانی توركیا ڕابگرێت، لەوانە ناردنی سوپایەك بۆ موسڵ، ناردنی سوپایەك بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە، یەكێكی دیكە لە هەوڵەكان بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێزە بۆ كەمكردنەوەی مامەڵە لەگەڵ توركیا.
ئەبو سەعد عێراقیی هاووڵاتییەكی بەغدادە و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندوە، هێرش و داگیركارییەكانی توركیا دژ بە عێراق تاوانە، بۆیە پێویستە حكومەت پەیامێكی هەڕەشە ئامێز سەبارەت بە داگیركەرییەكان بۆ باڵیۆزی توركیا بنێرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی عێراق لە ڕێگەی فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركەوە نەبنە قوربانیی.