” ناچارین گۆشه‌گیری بخه‌ینه‌ به‌رباس و كۆتایی پێ بهێنین”

269
0
هاوبەشی :

سه‌زایی ته‌مه‌للی، په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی سه‌وز ڕایگه‌یاند، هه‌وڵ ده‌درێت گۆشه‌گیری له‌ ئیمرالی نه‌بێته‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی و به‌ره‌و لایه‌كی دیكه‌ به‌لاڕێدا ده‌بردرێت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئێمه‌ ناچارین گۆشه‌گیری بخه‌ینه‌ به‌رباس و كۆتایی پێ بهێنین.

زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ گۆشه‌گیری له‌ ئیمرالی به‌ بێ وه‌ستان به‌رده‌وامه‌. له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ڕۆژنامه‌نووس، مه‌ردان یانارداغ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (ته‌له‌1) باسی پرسی گۆشه‌گیری كرد، به‌ڵام به‌په‌له‌ ڕاگیرا. پرسی گۆشه‌گیری كه‌ به‌و ڕووداوه‌ سه‌رله‌نوێ كه‌وته‌وه‌ به‌ر باس، به‌ هه‌مان خێرایی هه‌ڵسه‌نگێندرا.

له‌وباره‌وه‌ سه‌زایی ته‌مه‌للی، په‌رله‌مانتاری موش-ی پارتی چه‌پی سه‌وز بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسه‌ی كرد.

كه‌س باسی ناكات

سه‌زایی ته‌مه‌للی جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ هه‌مووان باسی بابه‌تی گۆشه‌گیری بكه‌ن، به‌ڵام كه‌س باسی ناكات. دوابه‌دوای قسه‌كانی ڕۆژنامه‌نووس، مه‌ردان یانارداغ، بابه‌تی گۆشه‌گیری سه‌رله‌نوێ كه‌وته‌وه‌ به‌ر باسی ڕایگشتی توركیا. ڕایگشتی توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌. له‌ ڕاستیدا گۆشه‌گیری سه‌ر ڕێبەری گەلی كورد، بابه‌تێكی زۆر گرنگه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌تی توركیا و سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ باش ده‌زانین تا ئه‌و ئاسته‌نگیه‌ له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی توركیا دا هه‌بێت، سیاسه‌ت ناتوانێت ئازاد بێت. له‌ڕِووی دیموكراتیك بوونیشه‌وه‌ ناتوانرێت هه‌نگاو بندرێن، ڕژیمی دیكتاتۆریش ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار ده‌هێنێت.

كه‌س نییه‌ كه‌ به‌مه‌ بێزار نه‌بێت، به‌ڵام كه‌سیش باسی ناكات. به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگا باس له‌ نه‌بوونی یاسا، نادادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن، له‌ڕووی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته‌وه‌ لێدوانی زۆر ده‌درێت، به‌ڵام كه‌س باسی هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ناكات. نه‌ باسی پرسی كورد و نه‌ هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیری له‌ ئیمراڵی ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌.

هه‌وڵیاندا له‌ چوارچێوه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌رته‌سكی بكه‌نه‌وه‌

ته‌مه‌للی ڕه‌خنه‌ی له‌وه‌ گرت كه‌ پرسی گۆشه‌گیری به‌خێرایی له‌ بایه‌تی سه‌ره‌كی لادرا و وتی: مه‌ردان یانارداغ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی توانج باسی بابه‌ته‌كه‌ی كرد، كتوپڕ كه‌وته‌وه‌ به‌ر باسی ڕایگشتی توركیا، به‌ڵام به‌ هه‌مان خێرایی له‌بابه‌تی سه‌ره‌كی لادرا. هه‌وڵ درا بابه‌ته‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئازادی ڕاده‌ربرین به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌ وتنی قسه‌یه‌كی پڕ له‌ ڕقی له‌وجۆره‌ ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بیانه‌وێت درێژه‌ به‌و گفتوگۆیه‌ بده‌ن بێده‌نگیان بكه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕایگشتی ده‌بێت له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ گفتوگۆ بكات. چ به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین بێت، چ له‌ چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤدا بێت، چ له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا، چ له‌باره‌ی ئازادی سیاسی و سیاسه‌تدا بێت، به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌بێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت. له‌وانه‌یه‌ له‌ڕووی فكرییه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌وان بن، به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ وه‌كوو لایه‌نی به‌رامبه‌ر قبووڵیان بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی سیاسه‌تمه‌ندران ئه‌وه‌یه‌. له‌ هه‌شت ساڵی ڕابردوودا بینیمان سیاسه‌تی به‌نه‌بوو دادنان هیچ سودێكی نییه‌. بۆیه‌ هیچ هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ نه‌نرا.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی چه‌پی سه‌وز ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هێشتا له‌ وڵاتێكدا ده‌ژین كه‌ كێشه‌ی جددی هه‌یه‌، ئاستی دیكتاتوری به‌رزده‌بێته‌وه‌ و چ له‌ ڕووی سیاسی و چ ئابووری ڕووداوی نه‌رێنی زۆر هه‌مووان ده‌گرێته‌. ئه‌وا ئێمه‌ ناچارین هه‌نگاوێك بنێین. به‌ڕای من پێویسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی جددی له‌ نێوان ڕایگشتی، لایه‌نه‌كان و له‌ هه‌موو شوێنێك گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت. زۆر گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، چ یاسایی، چ مافی مرۆڤ و چ سیاسی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام كاتێك ئه‌و گفتوگۆیانه‌ كران نابێت ئه‌مه‌ له‌بیر بكه‌ین كه‌سێك هه‌یه‌ كه‌ 24 ساڵه‌ گۆشه‌گیر كراوه‌. له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ مافه‌كانی زه‌وتده‌كرێت.

سه‌زایی ته‌مه‌للی هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ زه‌وتكردنی مافی مرۆڤ بهێندرێت، ده‌بێت هه‌مووان ده‌ستپێشخه‌ری بگرنه‌به‌ر. ئه‌و دۆخه‌ مایه‌یی قبوڵكردن نییه‌. نابێت له‌بیربكرێت كرده‌وه‌ی دژی مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وامه‌. بۆیه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی مافناسان، ڕه‌نجده‌رانی تیپ، ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.

هاوبەشی :