بەهۆی گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لە لایەن دەوڵەتی توركیاو و ئێرانەوە، دانیشتووانی باشووری عێراق بە دۆخێکی سەختی وشكەساڵیدا تێپەڕ دەبن و ناچاری کۆچن.
عەلا بەدران، شارەزای بواری ژینگە لێدوانی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز داو وتی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران پشكی ئاوی عێراق لە ڕووبارە لاوەكییەكان دەبڕێت، توركیاش بەنداو لەسەر ڕووبارەكانی دیجلە و فورات دروست دەكات.
هەروەها وتیشی گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر عێراق هەبووە و ئاستی باران بارین بە رێژەیەکی بەرچاو كەمبوەتەوە، لەبەرامبەریشدا پلەكانی گەرما بەرزبوونەتەوە و بەهەڵم بوون زیاد بووە.
بەهۆی گرتنەوەی ئاوەوە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە هۆڕەكانی ناوچەی حەویزە لە میسان بە تەواوی وشك بوون و ئەوانی دیکەش نزیکبونەتەوە لە وشکبوون و دانیشتووانەکەی بە ناچاری دەستیان بە کۆچکردووە.
شارەزایانی بواری ژینگە دەڵین حكومەتی عێراق لە فشارخستنە سەر تورکیا و ئێران بۆ زیادكردنی پشكی ئاوەكەی شكستێناوە و بەرپرسان ئەو دۆسیە چارەنوسازەیان پشتگوێ خستووە.