ئەو بەڵێنانەی لە جنێڤ دران، لەبیرکران لە ساڵی ١٩٢٥ لە جنێڤ بەکارهێنانی
چەکی کیمیایی گوایە قەدەغەکرا. کاتێک بابەتەکە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بێت ئەو بەڵێنە بوونی نامێنێت.
کاتێک بابەتەکە دەبێتە کورد و کوردستان پێوان و یاسای شەڕ بەفەرمی ناناسرێن. بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد هەموو جۆرە هێرش و شێوازێکی شەڕ رەوایەتیان پێدەدرێت. کاتێک ئامانجی هێرشەکان کورد بن، ئەو کاتە هەژموونی جیهانی فەرمان دەدەنە سەربازانیان: “ئێوە لەبیری بکەن کە ئەوانەی بەرامبەرتان مرۆڤن”. ئەم قسەیە شرۆڤە نییە، شیکاریش نییە. بە دڵنیاییەوە راستیە، لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بەرجستە دەبن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەبوون و خۆبەڕێوەبەری کوردی هەرگیز قەبوڵ نەکردووە. هەربۆیە لە هەموو قۆناغێکی مێژوودا بەردەوام بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بیانوو و پاساوێکی بۆخۆی دۆزیوەتەوە. بە هاتنەمەیدانی رێبەر ئاپۆ دەوڵەتی تورک هەستی سۆڤینیستی گەیاندە بەرزترین ئاست و هێرشەکانی بۆ سەر کوردان و بزوتنەوەی ئاپۆیی زیاد کرد.
لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢دا دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی ناتۆ، دەستی بە هێرشێکی نوێی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ کرد. دەوڵەتی تورک کە لە ئاسمان و زەویەوە بە هەموو هێزی تەکنەلۆژیایی هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، ئەو چەکانەی لە جنێڤ قەدەغەکراون، گازی کیمیایی، ئەتۆمی تاکتیکی و تێرمۆباریکی بەکارهێنا. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی هێشتاش بەردەوامە. دیمەنەکانی چیای رەش، ئەشکەوتی برینداران، شەهید شاهین، وەرخەلێ و کوڕەژارۆ لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێشتا لە بیری مرۆڤەکاندا ماون. گەریلاکان ئەو دیمەن و وێنانەی تاوانی شەڕیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. هەموو کەس دەزانێت کە کاریگی چەکی تێرمۆباریک و کیمیایی زۆر دژوارن. گازی ژەهراوی و کوشندەن. دەوڵەتی تورک چەندین مانگە لە دژی گەریلاکان ئەو چەکانە بەکاردەهێنێت. تەنیا لە ٥ مانگی رابردوودا ٧٦٢ جار بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجامداوە. دیمەنی شەهیدانی خۆڕاگر هەڵبەست کۆچەر و باز مۆردەم بە روونی ئەو دڕندەییەی خستەبەرچاو.
سەرباری بەڵگە و زانیارییەکانیش ئۆ پی سی دەبڵیو راستییەکان نابینێت
دوای ئەوەی دیمەنی هەردوو شۆڕشگێڕەکە بڵاوکرانەوە، ئیتر ئەو دڕندەییە نەدەکرا نکۆڵی لێبکرێت و پەردەپۆش بکرێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەوەستانەوە، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) خۆی بێدەنگ کرد. تەنیا یەک هۆکار هەیە کە مامەڵەیەکی بەم جۆرە بێ ویژدانانە و دژە مرۆییانە دەکەن؛ ئەوەش گەلی کوردە. کاتێک بابەتەکە دەبێت گەلی کورد هێزە نێونەتەوەییەکان بە هەموو جۆرێک پشتیوانی بۆ ئەردۆغان دەردەبڕن.
لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا جارێکیتر بە چەکی تەرمۆباریک هێرشی کردەسەر تونێلەکانی بەرخودانی شەهید دۆغان. لە ئەنجامدا گەریلا شەڕزان ماوا شەهیدبوو. لەبەر ئەوەی جیهان بێدەنگ دەبێت و ناڕەزایەتی دەرنابڕێت، دەوڵەتی تورکی فاشیست ئەو هێرشانە دوبارە دەکاتەوە.