فاشیزمی نوێ لە تورکیا
دانا مەنمی
فاشیزم ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییە، کە بە کۆمەڵێک بنەما و باوەڕ و خەسڵەتەوە لە ئایدۆلۆژیاکانی تری جیادەکاتەوە، لە ئەدەبیاتی خۆرئاوادا کاتێک باسی فاشیزم دێتە گۆڕێ باس لەو دیاردە مێژووییە دەکرێت کە لە نێوان دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ڕوویداوە، پاشان فاشیزمی ئیتالی نێوان ساڵانی ١٩٢٢-١٩٤٥ و نازیزمی ئەڵمانی نێوان ساڵانی ١٩٣٣- ١٩٤٥ کە فۆڕمی فاشیزمی بە خۆیەوە بینی، مۆدێلی فاشیزمی ئەڵمانی جیاواز بوو لە مۆدێلی فاشیزمی ئیتالی، فاشیزمی ئەڵمانی لەسەر بنەمای نەژادپەرستی دامەزرابوو، بەڵام فاشیزمی ئیتالی لەسەر بنەمای دەوڵەت پەرستی بوو، هەر چەندە فۆڕمی فاشیزم دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لە ناو چوونی دەسەڵاتەکانی هیتلەر و مۆسۆلۆنی کۆتایی پێهات، بەڵام لەم سەردەمەدا فۆڕمێکی نوێ لە فاشیزمی نوێ سەری هەڵداوە کە بە بەرگی جیاواز و ڕەنگی جیاواز بوونی هەیە .
لەم سەردەمەی ئیستادا ئایدۆلۆژیایەکی نوێ لە فاشیزم سەریهەڵداوە کە نەک تەواوی ئایدۆلۆژیاکانی دونیا ڕەت دەکاتەوە و خۆی وەکو ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش دەکات، بەڵکو پەنا بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی ئەوانیتر دەدات، گوتاری سەرەکی فاشیزمی نوێ گێڕانەوەی شکۆ، یەکپارچەیی نەتەوەیی و قوتکردنەوەی کەسایەتییەکی فاشیزمە لەبەردەم نەتەوەدا بەناوی ڕێبەر یان مەرجەعی نەتەوەیی، فاشیزمی نوێ وەکو ئایدۆلۆژیایەکی خەڵەتێنەر واقیعی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا ناکات، بەڵکو لە ژێر ڕووخساری جیاوازدا لە ناو ژینگەیەکی ئاڵۆزو ناکۆکیدا سەرەنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و بانگەشەی “ ئازادی ، مافی مرۆڤ ، شکۆمەندی نەتەوەیی ، پیرۆزی خاک و ئاڵا …هتد دەکات، بەڵام لە جەوهەردا تیۆری فاشیزمی نوێ کار لەسەر بێبایەخکردنی تاک دەکات و تاک وەک بەشێک لەکەرەستەی جەنگ دەبینێت، هەر تاک و هێزو لایەنێکیش لە ژیر قەڵەمڕەوی خۆیدا نەبێت بە دوژمن ناوی دەبات .
فاشیزمی نوێ هەمیشە ڕەواج بە بیروباوەڕی شەڕەنگیزی و توندوتیژی دەدات، خۆ ئەگەر هیچ هەڕەشە و شەڕێکیش لە ئارادا نەبێت ئەو دێت دوژمنێکی وەهمی بۆ کۆمەڵگا قووت دەکاتەوە و شەڕێکی نوێ دروست دەکات، یەکێکی تر لە میتۆدو ئامرازەکانی تری هەڵخەڵەتاندن و بەکارهێنانی مەزهەبە بەتایبەت کاتێک کۆمەڵگا مەزهەبی بێت، بەنموونە کۆماری تورکیا هەر لە سەرەتایی دروستبونەیەوە ١٩٢٣ تاکو ئەمڕۆ زەمینەیەکی هەبووە بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی فاشیزم ، هەمیشە ڕەنگ و بۆی فاشیزم هەندێکجار تۆخ و هەندێکجار کاڵتر بە سیاسەتی کۆماری توکیاوە دیار بووە ، هەڵبەت لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کاریگەری دەرونی لەسەر تورکەکان دانا کە پێیان وایە شکۆمەندی نەتەوەییان لە دەست داوەو خاکەکەیان بچوک بووەتەوە ، کۆماری تورکیا لە قۆناغێکدا دروست بوو کە سەردەمی گەشەکردنی فاشیزم بوو لە ئەورووپا زیاتر مەیلی بەلای فۆڕمی فاشیزمی نازیەتدا ڕۆیشت .
هاتنەسەرکاری ئاکەپە و بانگەشەکانی ئەردۆگان لەسەر سیکۆلاریزم لای خۆرئاواییەکان وەها شرۆڤە کرا کە قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا دروست بێت ، خۆرئاواییەکانیش باوەشیان بۆ ئەم قۆناغەکردەوە کە پارتێکی ئیسلامی بانگەشەی میانڕەوی دەکات ، بەڵام وردە وردە دەرکەوت کە ئەردۆگان سیکۆلار نییەو دوای ڕاپەرینەکانی بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆی سوریا هاوکاریکردنی تورکیا بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو بەرەی نوسرە و داعش دژ بە کوبانێ و لەپاڵ ئەمانەیشدا خنکاندنی دەنگ و ڕەنگی دیموکراسی لەناو تورکیا کە بە گوڕوتین و بەرگی فاشیزمەوە بە شێوازێکی سیستەماتیکانە هاتە گۆڕەپانی سیاسەت ، ئیتر گومان نەمایەوە لەسەر ئاکەپەو ئەردۆگان کە ئایا فاشیزمن یان نا ؟! چونکە دەبینین کەم ڕۆژ هەیە سیاسەتی فاشیزمی نوێ لە تورکیا پەلاماری ژینگەو کەلەپوور و ئاسەواری دیرۆکی کوردی نەدات، هەر جارە و بە بەهانەیەک و بە پشتیوانی تیرۆریستان لە رۆژئاوای کوردستان جەنگێک هەڵدەگیرسێنێت ،خۆ ئەگەر خۆڕاگریی و بەرخودانی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان نەبوایە لەپاڵ هەلومەرجە جیهانیەکە ئەردۆگان هاوشێوەی هیتلەر چی بەسەر ئەورووپادا هێنا ئەردۆگانیش خراپتری بەسەر رۆژئاوای کوردستاندا دەهێنا ، تاکە جیاوازی لە نێوان هیتلەرو ئەردۆگان دەرفەت و قۆناغەکەیە کە بۆ ئەردۆگان لە بار نییە .