تابۆی سەردەم
نوسینی: ژینا زاگرۆس
سەردەمێکی سەیرە، سیستەمێک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای بۆخۆی داناوە و دەیسەپێنێت بەسەر تاک و کۆمەڵگە و پێکھاتەکاندا. چ لە ناوخۆ، چ لەدەرەوە. سەرمایەداری کە لە ڕێگەی یاساوە ڕەوایەتی بەخۆی دەدات و دەیەوێت کۆمەڵگە و تاک بە گوێرەی خۆی لە قاڵب بدات. بەڵام ھەرخۆیشی لە کوێدا پێویستی کرد یاساکان بن پێ دەکات و گوێیان پێ نادات. مافی مرۆڤی ھەیە، گوایە بەرگری لە مرۆڤبوون دەکات. بەڵام پێناسەی بۆ مرۆڤبوون بە گوێرەی خۆیەتی. ژیان، مەرگ، ئازادی، بیروباوەڕ، سیاسەت و ھەمووی بەگوێرەی خۆی پێناسە کردوە و داڕشتوە و یاسای بۆ نوسیوەتەوە و وەک دەستور بەسەر کۆمەڵگەیدا دەسەپێنێت.
بەڵام خودی دەستورو یاساکەی خۆی ئەگەر بۆ پرسێک نەگونجا ئەوا بەگوێرەی خۆی ئەو پرسە بەڕێوەدەبات. لەناو یەکێک لەپرسەکاندا، ھەرە دیارترینیان، پرسی کەسێتی بەڕێز ئۆجەلانە، کە بە پرسی سەدە ناودێر دەکرێت. پرسی ئۆجەلان، پرسی تەنیا کەسێک و ناسنامەی کەسێتیەکەی نیە و پرسی گۆشەگیری و زیندانیەکیش نیە! بەڵکو پرسی ئازادی و ناسنامەی نەتەوەیی کورد و پێگەی کوردستان و چارەسەری دوزی گەلێکە لە پەیوەند بە ژیانی ئازاد و ژینگە و ئیکۆسیستەمی گەردوونی.
لەکەسێتی بەڕێز ئۆجەلاندا دۆزێکی مێژووی ژیان و ھەبون، زیندانی، سەرکوت و گۆشەگیر دەکرێت. نەک ھەر گۆشەگیر، بەڵکو لە چوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوو قڕکردن و کۆمەڵکوژیدا لە ئیمراڵیەوە جێبەجێدەکرێت. گۆشەگیری و دابڕینی کەسێتی ئۆجەلان، بەڕێوەبردنی سیاسەتی قڕکردن و کوشتاری سەر گەلی کوردە. لەدەرەوەی تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە، بەشداریە لە سیاسەتی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری. بەرخۆدانی بەڕێز ئۆجەلان پێشەنگی بەرخۆدانی نەتەوەیی گەلی کورد و بەردەوامی تێکۆشانەکەیەتی. تێکۆشانی گەلی کورد لە قۆناغێکی ھەستیاری دوو ڕیانی چارەسەری و شەڕی قڕکردندایە. سەرباز و سوپا بەوە گەیشتن کە ھێز و کوشتار ناتوانێت ئەو گەلە و ڕێبەریەکەی نە لەیەک دابڕێت، نە پاکتاو بکات. بۆیە بێچارەبوون.
بەڵام سیاسی و لۆمپەنەکانی بازرگانی خوێن و فاشیزم و دۆگماتیزم، کەوتنە بەرامبەر کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دۆزی کورد و دەستیان کرد بە ئاڵوگۆڕ لە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ھێڵی چارەسەری و بەردەوامی پڕۆژەی دەوڵەت نەتەوەی فاشست و قڕکردنی گەلی کورد. بۆیە ھێڵی فاشیزمی ئیخوانی لەڕێگەی مەھەپە – ئەکەپە و باخچەلی – ئەردۆغانەوە کەوتنە ئامادەکاری ئاڵووگوڕ لە ستراکتۆری دەوڵەت – سوپا و دامودەزگاکانی.
بێگومان لێدان لە دامەزراوەی سوپا بە میلیشیاو و ھێزگەلی چەکداری چەتەیی جێبەجێکرا و سوپا کرایە میلیشیا چەتەگەریەکان و بەگوێرەی ھێزی کوژەر و فاشیستی قڕکەر ئامادەکران. بۆیە گەشەگیری دژواریش وەک بەشێک لە و ھێرشە نوێیە و ئاڵوگۆڕە نوێیە بەڕێوەبرا و دەبرێت.
ئەرکی ھەر تێکۆشەر، ئازادیخواز، دیموکراسیخواز و ھەست زیندوو مرۆڤدۆست، ژینگەپارێز، فیمینیست، چەپ و ئازادە کە بەرگری لە لەناوبردن و ھەڵوەشانەوەی دۆخی سیستەمی قڕکەری ئیمراڵی بێنێت و لەدژی ئەو سیستەمە لە تێکۆشاندا بێت. چونکە ئەو سیستەمەی ئیمراڵی لەبەرامبەر تاکە کەسێکدا نیە. سیستەمێکە لە کەسێتی ئۆجەلاندا، بەرامبەر مرۆڤایەتی ئازاد، نەتەوەی دیموکرات و لەناویشیدا بەرامبەر بە گەلی کورد و ژنی ئازادە. بۆیە بێترس ئەرکی ھەر تێکۆشەر و ژن و ئازادیخوازێکە لە کەسێتی ئۆجەلاندا ھێرش بۆسەر خۆی ببینێت و بەرگری لە ئازادی ئۆجەلان بکات.
چارەسەری دۆزی کورد و ئازادی گرێدراوی دۆخ و ڕەوشی ئازادی ئۆجەلان و ھەڵوەشانەوەی سیستەمی ئیمراڵیە. بەبێ ھەڵوەشانەوەی سیستەمی ئیمراڵی و لابردنی گۆشەگیری و نەگەڕانەوە بۆ ئۆجەلان، نەپرسی کورد چارەسەر دەکرێت، نە پرسی ئازادی کۆمەڵایەتی جێگەدەگرێت. بۆیە ئۆجەلان پرسی کەسێتی دۆزێکە کەلە ئۆجەلاندا شاراوەیە. کەسێتیەکە کە ھەڵگری دۆزێکی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و نەتەوەی دیموکرات و پێکەوەژیانی گەلان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و جیھانی و ڕێگریە لە کوشتار و خوێنڕێژی و سیستەمی قازانجپەرستی سەرمایەداری.
بۆیە ناوی ئۆجەلان بوەتە تابۆی سەردەم و بەناوھێنانی بە تایبەت لەتورکیادا، ھەرکەس دەبیت و لەھەر جێیەک دەبێت، تووشی سزا، لێپرسینەوە و زیندان دەبیت. لێرەوە لە مانای ھەڵگریی دۆزێکی گەورە لە کەسێتی ئۆجەلاندا تێدەگەیت. کە بوەتە فۆبیای ھێڵی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە و ئیسلامی سیاسیش ئاشی فاشیزی دەوڵەت نەتەوە، لەدژی ئۆجەلان دەگێڕێت. ئەو تابۆیە بە خاوەنداری لە ڕەوایی کەسێتی ئۆجەلان و دۆزەکەی دەشکێنرێت. بۆیە بوێرانە پێویستە بوترێت ئۆجەلان خاوەنی دۆزێکە، بەناوی گەلی کورد وژن و سۆسیۆلۆژیای ئازادیەوە و دۆزەکەشی دۆزی منیشە. خاوەن دەرکەوتن بەوشێوەیە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆسەر بنیات دەنێت، کەلەسەر ئازادی کەسێتی بەڕێوەبچێت و نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکان گوڵستانی باخچەکەی بن. بۆیە لە کەسێتی ئۆجەلاندا دەیانەوێت دۆزێک و مرۆڤایەتی ئازاد قڕبکەن.
پێویستە ئەو گوڵستانە ئاوابکەین!