ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و حوكمدانی ڕێبەر ئاپۆیە

290
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لە سێدارەدانی سەرکردەی شۆرشگێری کورد، شێخ سەعیدی پیران، کە لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٢٥ دەستگیرکرا، لەپاش ٧٤ ساڵ لەهەمان ڕۆژدا رێبەر ئۆجالانیش لەپیلانگێرییەکی نێودەوڵەتیدا رفێنرا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دوژمنانی کورد بەپیلان کار لەسەر سەرکوتکردنی هەموو شۆرشە کوردییەکان دەکەن .

لە بەرواری ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٢٥، شێخ سەعیدی پیران لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەستگیرکرا و پاش ٧٤ ساڵ لەهەمان ڕۆژدا لە ساڵی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیرکرا و ڕادەستی تورکیا کرایەوە.

ئەوەی جێگای باسە شێخ سەعید پیران لە ساڵی ١٩٢٤ ئامادەکاریی بۆ ڕاپەڕینێکی گەورەی دەکرد لە دژی دەسەڵاتی فاشیستی تورکیا، بەو بۆنەیەوە دەستی بە گەڕان کرد بە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا، بەڵام بەھۆی خیانەتکاریی سەرۆکەکانی ھۆزی خورمیک کەهەواڵ و خوئامادەکردنی شێخ سەعیدیان گەیاندە ڕژیمی تورکیا، بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، بەشێک لەو هاوڕێگایانەی شێخ سەعید دەستگیرکران .

شێخ سەعید بە شۆڕشی خۆی توانی ١٤شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان لەژێر چنگی دەوڵەتی تورک دەربهێنێت و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵام لە ئەنجامی شەڕێکی قورس کە بۆ ڕزگار کردنی ئامەد کرا، هێزەکانی شێخ سەعید شکستیان هێنا و بەرە بەرە ئەو هەرێمانەی کە کۆنترۆڵیان کردبوو لەدەستیان دایەوە.

بەھۆی خیانەتی سەرۆکی ھۆزی جبرانان و قاسم بەگی جبرانەوە، شێخ سەعید و ٢٦ شۆرشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیل گیران، جگە لە شێخ سەعید، ٤٧ تێکۆشەری کورد لە ڕۆژی ٢٩ـی حوزەیرانی ١٩٢٥دا بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا و لە شاری ئامەد لە سێدارە دران.

٧٤ساڵ پاش ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٩٩ش لە ١٥ـی شوبات بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و بە واژۆی بەشێک لە سیاسییە کوردەکان ڕێبەر ئۆجالان لە وڵاتی کینیا لەلایەن هێزی گلادیۆی ناتۆەوە ڕفێندرا و ڕادەستی تورکیا کرایەوە و لە زیندانی ئیمڕاڵی سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکرا و گۆشەگیرکرا.

بەرخۆدانی ئیمراڵی بووە ئاوێنەیەک لەمەڕ نیشاندانی دۆزی کورد و گەورەیی ئەو پیلانگێڕیانەی کە لەسەری دەکرێن، ئەگەرچی شێخ سەعید لە سێدارە درا و شۆرشەکەی کۆتایی پێهات، بەڵام بەرخۆدانی ڕێبەر ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی تۆڵەی شێخ سەعید و پیلانگێڕانی بە جیهانی کردنی پرسی کورد و گەیاندنی بە ئاستی سەرکەوتن کردەوە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

هاوبەشی :