ژنانی هەرێمی کوردستان تیرۆر کردنی ژنە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوا شەرمەزار ئەکەن

238
0
هاوبەشی :


لە شاری سلێمانی بە بەشداریی ژنانی تەڤگەری ئازادیی، تیرۆرکردنی تێکۆشەران یوسرا دەروێش و لێمان شوێش و فورات توما شەرمەزار کرا و ژنان جەختیان لە سەر رێبازی ئەو شەهیدانە کردەوە.

لە گردبوونەوەکەدا تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ژنانی ئەندام لە تەڤگەری ئازادیی بەشداریی گردبوونەوەکە بوون و هێرشە تیرۆرستییەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت بۆ سەر هەردوو ژنە شۆڕشگێڕ یوسرا دەروێش و لێمان شوێش شەرمەزار کرد.

ژنانی هەرێمی کوردستان بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک لە پارکی ئازادیی لە شاری سلێمانی، شەهیدکردنی هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات توما بە توندی شەرمەزار دەکەن.

سەرەتا خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان لە ژنان راگەیاندراوێکیان بۆ راگەیاندنەکان خوێندەوە و وتیان: “هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات توما، بە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی هێزەکانی تاریکی شەهیدبوون”.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکەی داگیرکەری تورکی شەرمەزارکرد و وتی: “کرێکاران و بەرپرسان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی ئەرکەکانیان دەکرێنە ئامانج. بەبۆنەی شەهیدبوونی تێکۆشەرانی پێشەنگ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و سەرتاپای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین. لەدەستدانی هەر ژنێک خەسارەتە بۆ تێکۆشانی ئازادی کورد و بۆشاییەکی پڕنەکراو جێدەهێڵێت”.

ژنان ئاماژەیان کرد بە کەسێتی لێمان شوێش و رایانگەیاند: “هەڤاڵ ڕەیحان ڕۆڵی هەبوو لە بەگژاچوونەوەی داعش. باسکردن لە خەبات و تێکۆشانی ڕەیحان چەند ساڵی دەوێت، ڕۆڵی مەزنی هەبوو لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی”.

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “با دوژمنانی ئازادیی بزانن، ژنانی کورد شکست قبووڵ ناکەن، ئامادەن بۆ گیانبەختکردن لەپێناو سەرکەوتن و بەدیهاتنی خەون و هیواکانیان، بەڵێن دەدەن بە درێژەدان بە کار و تێکۆشان لەپێناو ئازادیی گەلەکەیان و ئازادی ژنان”، ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” کۆتایی هات.

هاوبەشی :