دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی لەبارەی تیرۆری هاوسەرۆک و جێگری کانتۆنی قامشلۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

236
0
هاوبەشی :

بەییاننامەی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەی تیرۆرکردنی دوو سەرکردەی ژنی رۆژئاوای کوردستانەوە.

لەڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٢٠ به بۆردومانی فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکاریی تورکیا، ژنانی پێشەنگی ڕۆژئاوای وڵات (یوسرا دەروێش) هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ و (لیمان شوێش) نوێنەری پێشوی کۆنگرە ستار لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەنیاندا لە ڕێگەی نێوان تربەسپی – قامشلۆ بە ئامانج گیران و گەیشتنە پلەی شەهادەت، بە توندیی ئەو کردە تیرۆریستییەی دەوڵەتی تورکیا مەحکوم و شەرمەزار ئەکەین.

‎ئێمە لە دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە کاتێکدا سەرەخۆشیی و هاوخەمییمان ئەگەیەنین بە ماڵباتی سەربڵندی شەهیدان و تەواوی هەڤاڵان و حکومەتی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، خۆیشمان بە کۆست کەوتوو ئەزانین، چونکە لە دەستدانی هەر ژنە شۆڕشگێڕێک لێدانێکە لە تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیی ژن، لە جیهان بە گشتیی و ژنانی کورد بە تایبەتی.

‎ژنانی کورد لە ڕۆژئاوادا، مێژووی پڕ شانازیی ژنیان نووسییەوە، لە کۆکی مێژووەوە چرۆیان کرد و سەرلەنوێ لە خاکی دایکە خوداوەندەکاندا، ڕوبەڕووی شامانەکانی سەردەم بوونەوە، بۆیە ئەم هێرشە و هەموو پەلامارە دڕندانەکانی ئەردۆغان و هاوپەیمانە فاشیستەکانی، تۆڵەی تێکشکاندنی تیرۆریستانی سەردەم(داعش)ە لەسەر دەستی ژنانی پێشەنگی ئازادیی.

‎با دوژمنانی ئازادیی ئەوە بزانن، ئەم سەدەیە سەدەی ژنە، هەموو ئەبنە شاهیدی سەرکەوتنەکان بە پێشەنگایەتیی ژن، بۆ ئاوا کردنی ژیانێکی ئازاد، بۆ پێشخستنی ئاشتیی و دیموکراتیی، بۆ ئافراندنی پێکەوەژیان و لەناوبردنی ئەهریمەنە شەڕخوازەکانی سەدە و لەگۆڕنانی خەونە گڵاوە هەژمونخوازییەکانیان. ئەگەر هەڤرین و ناگیهان و ڕاپەڕین و ئەڤین و بێریڤان و یوسرا و ڕیحانەکانیش بەس نەبن، ئەوا ئامادەین هەزاران گیانی تر ببەخشین، بەڵام ژنانی ئازاد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەگەزیی، نیشتیمانیی، مرۆییەکانیان، تەسلیمبوون ناناسن.

‎لە کۆتاییدا دەڵێین: بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بۆ ئێمە مانیفێستێکی ڕوونە کە بەرەو حەقیقەت ئاڕاستەمان ئەکات، هەر شەهیدێک ڕێنماییدەرێکە، هەر لە دەستچونێک کەڵەکە بوونی ڕقێکی پیرۆزە و دەتەقێتەوە بە ناوچاوانی دەوڵەتە تیرۆریستییە دژە مرۆڤ و دژە ئاشتیی و دژە ئازادییەکاندا.

‎ژن ژیان ئازادیی

‎دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٢١/٦/٢٠٢٣

هاوبەشی :