ئەهوەن چیاكۆ: كۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە هەموو شێوەیەك تۆڵە لە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكاتەوە
ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی مەجلسی پژاک، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆساڵان، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی فارسی ئەنجامدا.
چیاکۆ وتی: کۆماری ئیسلامی هێرشی بەرفراوان ئەنجام دەدات و کۆساڵان و ناوچەکانی نزیک هەورامان و مەریوان میلیتاریزە دەکات، هەروەها ئەو ناوچانەش تۆپباران دەکات، کە هێزی گەریلایان تێدایە.
ئەو ئەندامەی مەجلسی پژاک لە بەردەوامیدا گوتی: گەریلا بەردەوام لە جوڵەدایە و شوێنێکی جێگیری نییە، هەربۆیە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر سرووشت و ڕەز و لەوەڕگە و باخ و ماڵاتی خەڵکی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
ئەهوەن چیاکۆ هەروەها روونی کردەوە: کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک تۆڵە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە و هێرشەکانی ئەم دواییەی، پەیوەندییان بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییەوە هەیە، کە ساڵی ڕابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە.
ئەهوەن چیاکۆ ئاماژەی بە نەبوونی ئازادی سیاسی کرد لە ئێران و وتی: هێزەکانی پژاک چالاکیی هێرشکردن ئەنجام نادەن و ئەوان چالاکیی گەشەپێدانی فکر بەڕێوەدەبەن، بەڵام بۆ خۆپاراستن ناچارن چەکداربن.