پەکەکە: گەلی کورد، کە کەسانی وەک لەیلا سورخوێنی تیادا هەڵکەوتبێت، هەرگیز شکست ناهێنێت!

257
0
هاوبەشی :

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، گەلی کورد و ژنانی کورد، کە شۆڕشگێڕ و جەنگاوەری هێژا و فەرماندەی گەریلای وەک لەیلا سورخوێن-یان تیادا هەڵکەوتبێت، هەرگیز شکست ناهێنن.

پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بە بۆنەی شەهادەتی لەیلا سورخوێن بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

“هەموو ڕۆژێک لەسەر ئاستی پێشەنگایەتی دا هاوڕێکانمان دەچنە کاروانی شەهیدانەوە. لە دوایین نمونەدا ڕۆڵەی قارەمان و ئازای ژنان و خەڵکی ئامەد و گەلی کوردستان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکەمان پەکەکە، ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژا ستار، فەرماندەی گۆڕەپانی بۆتان هاوڕێ لەیلا سورخوێن شەهید بوو. بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانییەوە یادی شۆڕشگێڕ و جەنگاوەری خۆبەخشی هێڵی فیدایی ئاپۆیی هاوڕێ لەیلا سورخوێن دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین، کە هەمیشە تێکۆشانەکەی بۆ ئازادی بەرەو پێش ببەین و بە سەرکەوتنی بگەیەنین. گەل و ژنانی کورد، کە شۆڕشگێڕ و جەنگاوەری هێژا و فەرماندەی گەریلای وەک لەیلا سورخوێن تیادا هەڵکەوتبێت هەرگیز شکست ناهێنن، هەرگیز ژیانی کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن و هەمیشە سەرکەوتنی گەورە لەسەر هێڵی ئازادیدا بەدەست دەهێنن. لە کەسایەتیی هاوڕێ لەیلا دا یادی شەهیدە ئازاکانی مانگی ئایار و هەموو شەهیدانی تێکۆشانمان بۆ ئازادی بە ڕێز و پێزانیەوە دەکەینەوە.

لەسەر هێڵی عەگید و زیلان بوو بە فەرماندە

هەڤاڵمان لەیلا سورخوێن لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە ناوچەی بسمل لە ئامەد لە تەمەنی گەنجییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی پەکەکەوە کرد. لە ناو پەکەکەدا هەمیشە لە ڕیزەکانی گەریلا و لە هێڵی پێشەوەدا بوو. ئەو هەمیشە دەیویست، لە ناوچە سەختەکاندا بمێنێتەوە، چونکا لە تێکۆشانی خۆیدا هیچ ڕێگری و بەربەستێکی نەدەناسی. شەڕڤان و جەنگاوەرێکی فیداکار و دڵسۆز و بوێر بوو، لە هەموو ئاستەکان فەرماندەیی کردبوو. لە شەڕڤانییەوە تاوەکو فەرماندەیی هەمیشە بە شێوەیەکی فیداکارانە، خاکی و گەشبینانە بەشداری هەموو کار و چالاکییەکانی دەکرد و پەیوەندیی هاوڕێیانەی زۆر قووڵ و بەهێز بوون. وەک ئاو پاک بوو. لە ڕووی ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنەوە، خۆی لە فەلسەفەی ڕێبەرایەتیدا قووڵ کردبوویەوە. بەم تایبەتمەندییانەی هێز و ورەی بە هەڤاڵەکانی دەبەخشی. بۆیە  هاوڕێیەک بوو، کە هەمیشە خۆشەویست بوو و چاو بە دوایدا دەگەڕا. لە تێکۆشانی ئازادیی ژنان دا پێداگر بوو؛ لە کەسایەتیی ئاپۆیی دا خاوەنی پێوەر و ستاندارد و تایبەتمەندییەکی بەهێز و پێشەنگ بوو. ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنانی لە بەرزترین ئاست دا لە کەسایەتی خۆیدا نوێنەرایەتی دەکرد.

لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشاندا پێوەرەکانی پارتیی لە کەسایەتیی خۆیدا نوێنەرایەتی دەکرد، بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردن پێوەرەکانی پارتی لە ئاستی پێشەنگایەتیدا تێدەکۆشا. بە تێکۆشانی سەرکەوتوانەی خۆی لەسەر هێڵی سەرکەوتنی ئاپۆیی، شوێنی خۆی لە دەستەی فەرماندەیی یەژاستار و هەپەگەدا گرت. چەندین ساڵ لە ئاستی ئەندامێتیی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە خزمەتی کرد. لە ڕووی تێگەیشتن و میتۆد و شێوازەوە هەمیشە خۆی لەسەر هێڵی گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک قووڵ دەکردەوە. لە شێوازی جەنگ دا هەمیشە هێڵی سەرکەوتنی بۆ خۆی کردبووە بنەما. لەسەر هێڵی عەگید و زیلان بوو بە فەرماندە. بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ستراتیژیی جەنگی گەلی شۆڕشگێڕ رەنج و هەوڵێکی زۆر گەورەی دا. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو بۆشایەیی، کە بەهۆی شەهیدبوونی فەرماندەی یەژا ستار هاوڕێ دەلال ئامەد ڕوویدا پڕکردەوە، لە بۆتان شەڕی کرد و شەهید بوو.

ڕۆڵێکی گرنگی بۆ بڵاوبوونەوەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە جیهاندا گێڕا

ڕێبەر ئاپۆ وتی، ‘پەکەکە پارتی ژنانە’. بزووتنەوەی ئازادیی ئێمە بۆ ژنان بەو تێڕوانین و فەلسەفەیەوە بوو بە گەریلا، بوو بە پارتی و سیستەمی ژنی ئافراند. بە تێکۆشانی ئازایانە و قارەمانەی خۆی بوو بە هێزێکی پێشەنگ. لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنان، کارێکی کرد، کە ژنان ئازاد ببن، ببنە خاوەنی ئیرادە. لەم چوارچێوەیەدا تێڕوانینی ژنۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ بە هەموو کوردستان و جیهاندا بڵاو بووەتەوە. لە ڕووی ئایدۆلۆژی، ڕێکخستن و سیاسییەوە شۆڕشی ئازادیی ژنان گەیشتۆتە ئاستێکی گرنگ. هاوڕێ لەیلا سورخوێن یەکێک بوو لە شۆڕشگێڕە پێشەنگەکانی ئەم تێکۆشان و پێشکەوتنە مێژووییە. ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە سەرانسەری جیهاندا گێڕا.

هاوڕێ لەیلا سورخوێن لەم قۆناغ و پرۆسە قورسەی تێکۆشان دا بەرپرسیاری، فیداکاری و بوێریی ئاپۆی لە بەرزترین ئاست دا نیشان دا. لە دژی سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، لە ریزەکانی پێشی پێشەوە بەشداری لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرد. ساڵەهای ساڵ فەرماندەی بەرخودانی مێژوویی بۆتان بوو. وەک فەرماندە دەلال ئامەد، لە ئامەدەوە بەشداری تێکۆشان بوو و لەگەڵ بۆتان ئاوێتە بوو و بوو بە یەک، وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری و بەرخۆدانی گەل و ژنانی کوردی گەیاندە بەرزترین ئاست. لەبەر ئەوەش بۆ ڕووخاندنی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و برەودان بە هێنانەدیی کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکراتیک، ڕەنجێکی زۆری دا و تێکۆشا و ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا.

بە دڵنیاییەوە، ئەم ڕاستییە و ڕەنجە گەورە و مەزنەکانی فەرماندە نەمرەکانی بۆتان و هاوڕێ لەیلا سورخوێن هەرگیز لەبیر ناکرێن. هاوڕێ لەیلا بە هەڵوێستی خۆی، بەشداریکردنی خۆی، دڵسۆزییەکەی بۆ ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ و تایبەتمەندیی خۆی، کە ملی بە هیچ سەختی و زەحمەتییەک نەدەدا و تێیدەپەڕاندن، هەمیشە ڕێگا نیشاندەرمان بوو. سەرەتا ژنانی گەنج و گەنجانی ئامەد و بۆتان، گەنجان و گەلی کوردستان بە دڵنیاییەوە بە تەواوی لەم فەرماندە نەمرە تێدەگەن، زیاتر دێنە ناو ڕیزەکانی گەریلاوە، تێکۆشان دەکەن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. بە دڵنیاییەوە لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی و شەهیدان بەرگری و بەرخودان دەکەن، سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی تێکدەشکێنن و  ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەن. لەم تێکۆشانە پیرۆزەدا بۆ ئازادی و هەبوون، شەهیدە ئازاکانمان هەمیشە مەشخەڵی ئازادی دەبن، کە ڕێگاکەی بەردەممان بۆ ڕووناک دەکەنەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە جارێکی دیکە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی فەرماندەی نەمری ژنان و گەلی کورد هاوڕێ لەیلا سورخوێن دەکەینەوە و داوا لە ژنان و گەنجان دەکەین، کە لەسەر رێگاکەی هاوڕێ لەیلا بە بەهیزی بەشداری لە تێکۆشانی ئازادی دا بکەن!.”

هاوبەشی :