دڵمان دەفتەر و مێشکمان قەڵەمە

280
0
هاوبەشی :


گەریلای عەڕەب عەگید حەسەکە بە شێوەیەکی سەرنج راکێش مێشکمانی بۆ لای ئەو راستییە کەمەند کێش کرد و وای کرد کە ئێمەش تێبگەین کە ئێشی مەزن تەنیا بە قەڵەمی مێشک و لە دەفتەری دڵماندا دەنووسرێت.

اد نەچوونی هێندێک رووداو و ئێشی ژیانمان چ دەفتەرێک باشتر لە دەفتەری دڵمان نووسراوەکانمان هەڵدەگرێت و چ پێنووس و قەڵەمێک باشتر لە مێشکمان ئەو شتانە بە رەنگێکی تۆخ دەنووسێت. بە تایبەتی ئەگەر ئەو ئێشە، ئێشی لەدەستدانی هاوڕێیان و داگیرکردنی وڵاتمان بێت؛ هیچ دەفتەرێک جیا لە دەفتەری دڵی شۆڕشگێڕانی ئەم وڵاتە ئەم قورساییە لە خۆیەوە ناگرێت. گەریلای عەڕەب عەگید حەسەکە بە شێوەیەکی سەرنج راکێش مێشکمانی بۆ لای ئەو راستییە کەمەند کێش کرد و وای کرد کە ئێمەش تێبگەین کە ئێشی مەزن تەنیا بە قەڵەمی مێشک و لە دەفتەری دڵمان‌دا دەنووسرێت.

“سروشتی کوردستان گەوهەری دڵە”

گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) عەگید حەسەکە لە سەرەتای قسەکانی‌دا سەبارەت بە جوانی و هاوڕێیەتی چیاکانی کوردستان وەها دوا:” بەشداربوونی بۆ نێو ریزەکانی گەریلا ئامانجی سەرەکی من بوو و بەم بۆنەیەوە هاتمە چیاکانی کوردستان. دیتنی سروشتی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانم بوو. کوردستان بە سروشتی خۆیەوە دەناسرێت. بۆ گەریلایەک و بە تایبەتی بۆ گەریلایەکی ئاپۆچی چیا خاوەن گرنگییەکی تایبەت بە خۆیەتی. سروشتی کوردستان گەوهەری دڵە. لە لای ئێمە چیا وەک پیرۆزییەکە، شتێک کە لە سەرەتا دا کاریگەری لەسەر من دانا چیاکانی کوردستان بوو. هەروەها هاوڕێیەتییەک کە لەسەر ئەو چیا سەرکێشانەدا بەڕێوە دەچێت، شتێکە کە هەرە زۆر مرۆڤ پێی کاریگەر دەبێت. هاوڕێیەتی ئاپۆچی زۆر زوو مرۆڤ بۆ لای خۆی کەمەندکێش دەکات. بەو هەموو جوانییانەی سروشتی کوردستان و هاوڕێیەتی ئاپۆچی زۆر دڵخۆشم بە بەشداربوونم بۆ نێو ریزەکانی گریلا. هاتنم بۆ سەر چیاکانی کوردستان و جلی گەریلایەتی لەبەر کردن چانسێکی مەزن بوو کە زوو، زوو وەدەست هەرکەس ناکەوێت. ئەم چانسە بکەوێتە دەست هەر کەسەوە با لەدەستی نەدات. چونکە ئەمە چانس و دەرفەتێکی زۆر مەزنە. چیاکانی کوردستان بڕوا بە مرۆڤ دەبەخشێت و وا دەکات کە ناخت راحەت بێت. ئێستاکە ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورکیا شەڕ دەکەین و من وەکوو کەسایەتییەکی عەڕەب لەو شەڕەدا جێگە دەگرم. لە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین شەڕێکی دژوار بەڕێوە دەچێت و لە هەمان‌کات‌دا خۆڕاگرییەکی بێوێنەش بەڕێوە دەچێت. دوژمنی ئێمە بەشێوەیەکی هۆڤانە لەبەرامبەر بە ئێمە شەڕ دەکات و دەخوازن خاکمان داگیر بکەن. بەس چەندە هێزمان هەیە هەتا کۆتایی لەبەرامبەر بەم دوژمنە شەڕ دەکەین هەتا کاتژمێری دوایی ژیانیشمان لە شەڕ کردن بەردەوام دەبین. دار و بەردی سروشتی کوردستان ئێمە دەپارێزێت و بڕوامان پێدەبەخشێت.”

کاتێک سەربازانی دوژمن گوێیان لە دەنگی هەڤاڵ شاهۆ دەبوو چۆکیان دەلەرزی

گەریلا عەگید حەسەکە لە درێژەی قسەکانی‌دا سەرنجی راکێشایە سەر کەسایەتی و هاوڕێیەتی شەهید شاهۆ تۆڵهەڵدان کە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر کەسایەتی ئەو داناوە و بەمشێوەیە باس لە کەسایەتی شۆڕشگێڕی شەهید شاهۆ دەکات:” یەکێک لە سەرچاوەکانی بڕوامان هاوڕێیەتی پەکەکە یە بۆ نمونە هەڤاڵ شاهۆ تۆڵهەڵدان کە هەڤاڵێکی رۆژهەڵاتییە و کاریگەرێکی مەزنی لەسەر کەسایەتی من دانا. زۆر شتی هەڤاڵ شاهۆ بۆ من نمونەن بەوێنەی هاوڕێیەتی ئەو، حورمەت و رێزدانانی ئەو، درووست بوونی ئەو و پەیوەست بوونی بە رێکستن. تەنیا بۆ ئەوە دەستی دوژمن لەسەر ئەو خاکە کورت بکاتەوە چی لەدەست هاتبا دەیکرد. شتێک کە بتوانێت بیکات یان نەتوانێت بیکات، هەرگیز نەیدەگووت ناتوانم ئەم کارە بکەم؛ هەمیشە دەیگووت دەتوانم چوونکە زۆر پەیوەست و ئاوێیەتی کورستان بووبوو. کاتێک سەربازانی دوژمن گوێیان لە دەنگی هەڤاڵ شاهۆ دەبوو چۆکیان دەلەرزی. هەر رۆژ لە داگیرکەرانی دەدا. لەم ئۆپراسیۆنەدا لە مەتینا بەشداری هەموو چالاکییان دەبوو. هەڤاڵ شاهۆ ئەگەر گورزی لە دوژمن نەوەشاندبا دڵی راحەت نەدەبوو. هەڤاڵ شاهۆ بە منی دەگووت:’ کوردستان هی ئێمەیە، ئەم خاکە، خاکی ئێمەیە و ئێمە ئەم خاکە دەناسین ئەو دوژمنە کەس نازانێ لە کوێوە هاتووە و پێویستە گورزێکی وەهای لێبدەین کە هەرگیز لەبیری نەکەن.’ بەراستی هاوڕێیەتی هەڤاڵ شاهۆ زۆر جیاواز بوو. راوەستە و هەڵوێستی ژیانی هەموو شتی ئەو جیاواز بوو. هەڵبەتە هەموو ئەو شتانەی لر رێکخستن گرتبوو. بۆ ئەوەی بچێتە ئاڵانی شەڕ زۆر پێداگری دەکرد. خۆی فێری هەموو جۆرە چەکێک دەکرد. هەڤاڵ شاهۆ ئەوەی لە دوژمن بدات خۆی فێری هەموو سیلاحەکان دەکرد.”

شەهادەتی ئێمە بۆمان دەبێتە سەرچاوەی هێز

عەگید حەسەکە بە وەبیر خستنەوەی هەڵگرتنی تۆڵەی شەهیدان سەرنج رادەکێشێتە سەر ئەوەیکە دڵی هەر گەریلایەک بە وێنەی دەفتەرێک هەموو شتێک لە خۆیدا دەنووسێت و دەڵێت:” لە کەسایەتی هەڤاڵ شاهۆدا بەڵێن بە هەموو هەڤاڵانی شەهید دەدەین کە تۆڵەیان دەستێنینەوە. رۆژێک دێت کە حیسابی یەکە بە یەکەی شەهیدانمان لە داگیرکەران دەستێنینەوە. ئەمە کلتووری پەکەکەیە کێ دەستی لە نێو خوێنی هەڤاڵانمان‌ دابێت رۆژێک حیسابیان لێدەپرسین. ئەگەر تەنیا هەڤاڵێک لە نێو پەکەکە دا بمێنێت ئەو کەسانەی دەستیان لە شەهادەتی هەڤاڵانمان دایە بە سزای کردەوەکانیان دەگەیێنێت. چەندە هەڤاڵانمانیان شەهید کرد، چەندە چەکی کیمیاییان لە بەرامبەر بە ئەشکەوتەکانمان بەکار هێنا و هەڤاڵانمانیان ژەهری کرد، ئەو شتانە هەرگیز لەبیر ناکەین. هەموو ئەو کردەوانەیان بە دەفتەر و قەڵەم دەنووسین. نە وەک لەسەر دەفتەر نووسین؛ دڵی ئێمە دەفتەرە و مێشکمان قەڵەمە. هەموو شتێک لە دڵمان‌دا دەنووسین. هەتا ئێستاکەش خۆڕاگرییەکی مەزن لە هەریمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بەڕێوەدەچێت. فەرمانداری داگیرکەران بە سەربازەکانی دەڵێت:’ بچۆ نێو تونێلەکانەوە ئەمە فەرمانێکە.’ سەرباز دەڵیت:’ گوێت پێنادەم و ناچمە ناوەوە.’ ئەم خۆڕاگرییە لە ئاستێکی وەها دایە کە داگیرکەران ناوێرن بچنە نێو تونێلەکانی خۆڕاگری. راستە شەهادەتی ئێمەش هەیە بەڵام، شەهادەتی ئێمە بۆمان دەبێتە سەرچاوەی هێز و لەسەر تۆڵەسەندنەوەی ئەو هەڤاڵانەیە کە شەڕ دەکەین. بۆ ئەوەی تۆڵی ئەو هەڤاڵانەمان بستێنینەوە لە یەکە یەکەی داگیرکەران حیساب دەپرسین.”

“ئێمە تەنیا دادپەروەریمان دەوێت”

عەگید حەسەکە لە بەردەوامی قسەکانی‌دا باس لە شەڕی چەپەڵی داگیرکەران بەرامبەر بە گەریلا دەکات و دەڵێت:” ئەگەر تۆ بە گوێرەی یاسای دەوڵەت رێوەبچی و شەڕ بە شێوەیەکی دادپەروەری رێوبچێ؛ لە پێکدادانی یەکەم‌دا ئەگەر زیاتر لە ١٠٠ سەربازی تۆ بکوژرێت، ئەو کاتە ئەو شەڕە کۆتایی پێدێت و تۆ بندەکەوی. لە شەڕی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە سەرەتای شەڕدا بە سەدان سەربازی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کوژرا بەڵام، دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە هۆی ئەوەی کە دەیهەوێت وڵاتی ئێمە داگیر بکات؛ بە هەزاران سەربازی خۆی بە کوشت دا. جەنازەی هێندێک لە سەربازەکانیان لە دەست ئێمە دایە، ئێمە دەڵێین وەرن جەنازەکانتان بگرن، ناوێرن بێن جەنازەکانیان بگرن. بە هۆی ئەوەیکە ناتوانن جەنازەکانیان بگرن، ئاگریان لە جەنازەکانی خۆیان بەردا. ئێمە مرۆڤ‌گەلێکی وەها نین کە جەنازە لەگەڵ خۆمان هەڵبگرین و دواتر کە تەنیا ئێسکانی بمێنێت بچین بۆ بنەماڵەکەی بنێرین. ئێمە مرۆڤ‌گەلێکی وەها نین کە بۆ ئەوەی کەسێک بکوژین چەکی کیمیایی بەکار بێنین. ئێمە تەنیا دادپەروەریمان دەوێت. چوار پارچەی کوردستان هی ئێمەیە، بۆچی داگیریان کردووە؟! ئێمە وڵاتی خۆمان دەوێت. ئامانجی دوژمن تەنیا پەکەکە نییە، ئەو خوازیارە لەسەر رووی دونیا شتێک بە ناوی کورد نەمێنێت. دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پەکەکە شەڕی سەربازی بەڕێوە دەبات بەڵام، بەرامبەر بە گەلەکەمان شەڕی دەروونی بەڕێوە دەبات.”

” ئێمە بۆ گەلەکەمان و بۆ خاکەکەمان شەڕ دەکەین ”

گەریلای هەپەگە عەگید حەسەکە لە کۆتایی قسەکانی‌دا بانگەوازی لە گەل و بە تایبەتی گەنجانی عەڕەب، کورد، فارس و …هتد کرد کە لەبەرامبەر بە سیاسەتەکانی داگیرکەران وشیار بن و وتی:” پێویستە گەل بزانێت کە شەڕێکی دەروونی زۆر قورس لە لایەن داگیرکەرانەوە لەسەریان بەڕێوەدەچێت. پێویستە لە دژی ئەم سیاسەتانە گەل ببێتە یەک. ئەگەر گەلەکەمان یەک نەگرن ناتوانین دوژمن تێکببەین. پشتی ئێمە بە گەلەکەمان قاییمە. کاتێک مرۆڤ پشت دەداتە دیوارێک پێویستە بزانێت دیواری پشتی پتەوە و ناڕوخێت. رێبەری ئێمە ٢٥ ساڵە لە نێو گۆشەگیرییەکی قورس‌دایە. دەوڵەتی تورکیا دەزانێت ئەگەر رێبەر ئاپۆ لە زیندان دەرکەوێت هەموو شتێک چارەسەر دەبێت، بەم هۆیەوەیە کە گۆشەگیرییەکی ئەوەندە دژوار لەسەریا بەڕێوە دەبەن. تەنیا بە شەڕی سەربازی ئێمە ناتوانین ئەم دوژمنە تێکبشکێنین بۆ ئەمە پێویستە گەلەکەمان ببێتە پاڵپشتی ئێمە. ئێمە بۆ گەلەکەمان و بۆ خاکەکەمان شەڕ دەکەین. جیاوازی نەتەوەیان لەنێو ئێمەدا نییە و بۆ ئەمە بانگەوازی لەگەلی عەڕەب و هەموو گولی کورد بە تایبەتی گەلی باشووری کوردستان دەکەم کە ئێستاکە شەڕێکی تایبەت لەبەرامبەریان بەڕێوە دەچێت؛ پێویستە ئەمە بزانن دەوڵەتی تورکیا هەڤاڵتی نییە و تەنیا لە فیکری تێکبردنی کورد دایە. پێویستە بە یەکەوە وڵاتەکەمان ئازاد بکەین و بە یەکەوە ئەم تێکۆشانە لە دژی فاشیزم سەربخەین.”

هاوبەشی :