خەڵکی شەنگال دوای ۹ ساڵ دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

245
0
هاوبەشی :

خەڵکی شەنگال بەهۆی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ەوە، کە بە خیانەتی پارتی (پەدەکە)ئەنجامدرا و ناچارکربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکە. دەیان هەزار لەو کۆچبەرانە لە کەمپەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون و بۆ ماوەی ٩ ساڵ لەو کەمپانەدا وەک دیل ڕاگیرابوون.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥٠٠ خێزان و بنەماڵەی شەنگالی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال. یەکێک لەو گوند و کۆمەڵگەیانەی، کە خەڵکەکەی بە زۆری دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، کۆمەڵگەی تل قەسب  لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شەنگال، کە هەموو دانیشتوانەکەی ئێزدی بوون.

سێ خێزان و بنەماڵەی کۆمەڵگەی تل قەسەب، کە لە کەمپی کەبەرتۆ دا بوون لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵەکانیان وتیان، لە بەر دیوار خۆیاندا بن لە ماڵ و موڵکی خەڵک خۆشترە.

ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

خێرۆ ئەلیاس گارس ڕایگەیاند، لە ساڵی ۲۰۱۴ بەهۆی فەرمانەکەوە هەڵهاتوون بۆ کەمپی کەبەرتۆ لە دهۆک و وتی: “ئێمە زۆر بۆمان گرنگ بوو بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان. ئێستا ئەو ماڵەی، کە تیایدام هی خۆم نییە هی دراوسێکەمە. بەڵام دیسانەوە وتم، بۆ ئێمە باشترە بگەڕێینەوە بۆ خاکەکەی خۆمان.”

هەروەها دایکێک بە ناوی خەزاڵ عەلی باسی گەڕانەوەی دەکات و دەڵێت، “هەر لە کۆنەوە ئەمە ماڵی ئێمە بوو و بە گەڕانەوە بۆ ناوی  زۆر دڵخۆش بووین. لە کەمپەکەشدا، وەک ئەوەی فەرمانمان لەسەر بێت چادرەکەمان ئاگری گرت و هەموو کەل و پەلەکانمان سوتا. ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی فەرمانەکە بۆ ئێمە سەخت بوو، بەڵام دیسانەوە سوپاس بۆ خودا، کە ئێمە زیندوو و سەلامەتین. ئێمە لە بەر دیواری خۆماندا بین بۆ ئێمە باشترە”.

دایە خەزاڵ عەلی داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەبوو و وتی: “ئەوانەی دەگەڕێنەوە یارمەتییان بدەن تاوەکو ئەوانی تریش بتوانن بگەڕێنەوە. چونکا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و بنەماڵەکان خانووەکانیان ڕوخاووە بۆ ژیان نابێت. خانوەکەی ئێمە لەلایەن داعشەوە سوتێنرا، بەڵام ئێمە جارێکی دیکە سەرلەنوێ بنیادی دەنێینەوە.”

هاوڵاتییەکی تر بە ناوی ئەلیاس گارس سەرنجی خستە سەر ئاسایش و ئارامیی شەنگال و وتی: “ئێستا هیچ ترسێک لەسەر زەوی نییە و هەموو خەڵکی شەنگال بە ئارامی ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن. ئێمە داوا لەو کەسانە دەکەین، کە تا ئێستا لە کامپەکاندان بە خێرایی بگەڕێنەوە تاوەکو ئێمە پێکەوە شەنگالەکەمان ئاوەدان بکەینەوە”.

هاوبەشی :