ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی زانیاریی گرینگی دەربارەی پیلانە تیرۆریستیەكانی دەوڵەتی تورکیا ئاشكرا كرد بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی پەکەکە لە وڵاتی سوید

253
0
هاوبەشی :

ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی لە هەواڵێکدا زانیاریی گرینگی سەبارەت بە پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی پەکەکە لەو وڵاتە خستۆتە ڕوو.

بەگوێرەی هەواڵەکە و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی، تورکیا پیلانی بۆ کوشتنی ئەندامانی پەکەکە لە سوید داناوە.

شەوی ٢٨ ی نۆڤەمبری ٢٠٢١ لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید، کەسێکی ٤٧ ساڵە بە حەوت گولـلە کوژرا.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی، ئەم کوشتنە پەیوەندی بە پیلانێکی بەرفراوانترەوە هەبووە.

ئەو کەسە تەمەن ٤٧ ساڵە کە هاوڵاتیی تورکیایە، لەلایەن میتی تورکیاوە ڕاسپێردراوە شایەتحاڵێک بکوژێت کە پەردەی لەسەر پیلانەکانی تورکیا بۆ کوشتنی ئەندامانی پەکەکە هەڵداوەتەوە. بەڵام دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە لە کوشتنی شایەتحاڵەکە، شەوی ٢٨ نۆڤەمبری ٢٠٢١ لەلایەن شەش کەسەوە کوژراوە.

ڕێکەوتی ٥ مەی دادگای سوید ٤ کەس لەو ٦ کەسەی بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دا کە ٣ کەسیان هاوڵاتیی تورکیان.

تائێستا کاربەدەستانی سوید سەبارەت بە پیلانی کوشتنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد لە وڵاتەکەیان، هیچ هەڵوێستێکیان لەبەرامبەر تورکیا دەرنەبڕیوە.

هاوبەشی :