تەرمی هامیەت یالچین کایا گەریلای یەژاستار لە ئامەد بەخاکسپێردرا

259
0
هاوبەشی :

 

گەریلای یەژاستار هامیەت یالچین کایا لە مانگی ئازار لە ناوچەی بەستای شرنەخ شەهید بوو. تەرمەکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە گۆڕستانی بێکەسان وەرگیرایەوە و لە ئامەد لە ژێر گەمارۆی سەربازانی تورک دا بە خاک سپێردرا.
گەریلای هامیەت یالچین کایا (لەیلا ئامەد) لە شەڕی ۱۱ی ئازار لە ناوچەی بەستای شرنەخ شەهید بوو.

دوای شەڕەکە تەرمی یالچین کایا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لە ناوەندی شارەکە و لە گۆڕستانی بێکەسەکاندا بە خاک سپێردرابوو.

بنەماڵەی شەهید لەیلا لە دوای ئاگاداربونەوە لە شەهیدبون و شوێنی ناشتنی ڕۆڵەکەیان، دەستیان بە هەوڵەکانیان کرد بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کچە شەهیدەکەیان  و بۆ ئەوەش نموونەی دی ئێن ئەی بۆ پشکنین لەگەڵ تەرمەکەیان پێشکەش کرد. دوای ئەوەی نموونەی دی ئێن ئەی گەڕایەوە، تەرمەکەی یالچین کایا-یان وەرگرتەوە.

مامەڵەی ناشیاو بەرامبەر بە تەرمەکان دەکرێت

ڕۆژی دووشەممە، ۲۲ی ئایار، تەرمی یالچین کایا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە گۆڕستانی بێکەسان وەرگرایەوە و بردیانەوە بۆ ناوچەی بسمل لە ئامەد.

بنەماڵەی یالچین کایا تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکەیان بردەوە بۆ گۆڕستانی گەڕەکی سەیران تەپە. ئەو گۆڕە، کە پێشتر بۆ تەرمەکە هەڵکەندرابوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرا و ڕێگایان نەدا تەرمەکە لەو گۆڕەدا بە خاک بسپێردرێت.

دوای ئەم مامەڵە نامرۆڤانەیە پۆلیس پاساوی ئەوەی هێنایەوە، کە تۆماری یالچین کایا لە گەڕەکی تەپەجیک لە ناوەندی ناوچەی بسمل دایە.

لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارەدا بنەماڵەکەی بڕیاریاندا تەرمی لەیلا ئەحمەد گەریلای یەژاستار ببەنەوە بۆگوندەکەی خۆی، کە سەر بە ناوەندی بسملە و لەوێ بە  خاکی بسپێرن. بەڵام دیسانەوە ئەمجارەش گەڕەکی تەپەجیک و گۆڕستانەکە لەلایەن سەربازانەوە دەورە درا!.

سەربازەکان لەبەردەم دەروازەی گۆڕستانەکەدا دەستیان بە پشکنین و سەیرکردنی ناسنامەکان کرد و ڕێگەیان بە کەسە بەشداربووەکانی یاوەری تەرمەکە نەدا بچنە ژوورەوە و بە شێوەی جەماوەری تەرمەکە بە خاک بسپێرن، بۆیە تەنها بنەماڵەکەی تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکەیان لەژێر گەمارۆی سەربازەکاندا بە خاک سپارد.

لە کاتی بە خاکسپاردنەکە و لە دەرەوەی گۆڕستانەکە جەماوەر چاوەڕانی بە خاکسپاردنەکەیان کرد و دوای ئەوەش لە پرسەکەدا خزمانی یالچین کایا و ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوانی دەشتی میزۆپۆتامیادا (مەبیا – دەر)، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە زیندانیان و سزادراوان (توهای – دەر)، پارتی چەپی سەوز، پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) ئامادەبوون.

هاوبەشی :