هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی: ئەبوو پارتی و حکومەتی عێراق پاداشتی کەمپی مەخمور بدەنەوە نەک تەلبەندکردنی
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، هەوڵی گەماردۆدان و تەلەبدنکردنی کەمپی مەخمور، پیلانی سێ قۆڵیی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراقە، دەبوو پارتی و حکومەتی عێراق پاداشتی کەمپی مەخمور بدەنەوە نەک هەوڵی بێ ئیرادەکردن و تەلبەندکردنی ئەو کەمپە بدەن؛ وتیشی: نەک تەنیا مەخمور بەڵکو کەرکوک و سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان لەژێر مەترسییدان.
تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، رایدەگەیەنێت: ئەو پەلامار و هێرشانەی کە ماوەی سێ ڕۆژە بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکرێتە سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخمور، بۆ تەلبەندکردن و دەوروپێچکردنی، جێگای شەرمەزارییە، ئێمە تا دوا ڕادە ئیدانەی ئەو کارە دەکەین، ئاوارەکان زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەو کەمپەدان، بەپێی هەموو پێوەرێکی ئەخلاقیی و یاسایی و مرۆیی دەبوو ئێستا مافی هاووڵاتییبوونیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێبدرایە، نەک ئەوەی ڕێگەشیان نەدەن لەناو ئەو کەمپەدا بەردەوامیی بەو ژیانە زەحمەتەی خۆیان بدەن.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی بە ئاژانسی رۆژنیوزی وتووە: ئاشکرایە کە ماوەی دوو ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستێکی زۆر خراپ لەبەرامبەر دانیشتوانی کەمپەکەدا دەنوێنن، سەرباری ئەوەی لە کاتی شەڕی داعشدا کەمپی مەخمور، بووە بەربەستێکی بەهێز بۆ پاراستنی هەولێر لە هێرشی چەتەکانی داعش و قوربانی دا و بەرگرییەکی گەورەی کرد، دەبوو ئێستا پارتی و حکومەتی عێراقیش پاداشتی ئەو هەڵوێستانەی کەمپی مەخموریان بدایەتەوە، نەک هەوڵی بێ ئیرادەکردن و تەلبەندکردنی ئەو کەمپە بدەن.
ئاماژەی بەوەکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی چاودێریی کەمپەکە و دانیشتوانەکەیی لە ئەستۆ گرتووە، ئێستا کاتی ئەوەیە هەڵوێست بنوێنن بەرامبەر بەو هەوڵانەی دەوڵەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە باوەڕی ئێمە ئەمە پلانگێڕییەکی دیکەیە هاوشێوەی پلانگێڕییە سێ قۆڵییەکەی پێشووی دەوڵەتی عێراق و تورکیا و پارتی لە دژیی شەنگال، هەر درێژکراوەی ئەو پیلانەیە، پێشمان وایە بۆ ئەم هەوڵی تەلبەندکردنە ئەو سێ لایەنە دانیشتنی سێ قۆڵییان ئەنجامدابێت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ کەمپی مەخمور بەڵکو مایەی مەترسییە بۆ سەر شەنگالیش.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی راشیگەیاند: کاتی ئەوەیە سەرجەم لایەنەکان و چالاکوانان هەڵوێست وەربگرن، لەبەرئەوەی بۆ هەموومان ئاشکرایە کە پەنابەرانی سیاسیی لە کەمپی مەخمور گۆشەگیر کراون و ژیانێکی زەحمەت بەڕێوە دەبەن، مافی هیچ کەس و لایەنێکیش نییە لەدوای ٣٠ ساڵ پەنابەرێتییان لەم خاکەدا هەوڵی تەلبەندکردن و چاودێرییکردنی ژیان و کەمپەکەیان بدات.
وتیشی، تەڤگەری ئازادیی بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێست و بەرەنگاریی دانیشتوانی ناو کەمپەکە دەردەبڕن و لەگەڵ هەر بڕیارێکدان کە ئەوان بیدەن، لەگەڵ نوێنەرانی کەمپی مەخموریشدا لە پەیوەندیدان، ئەو نوێنەرانە پێیان ڕاگەیاندوون کە دانیشتوانی کەمپەکە بە هیچ شێوەیەک خۆیان ڕادەستی ئەو هەوڵە ناکەن تەنانەت ئەگەر هەمووشیان گیانی خۆیان بکەنە قوربانیی، ڕێگەش نادەن ببنە کارتێک بۆ مامەڵەکردنێکی سیاسیی.
هەروها داواشی کرد، گەلەکەمان لە هەرکوێیەکی دونیا بن خاوەنداریی لە خەڵکی مەخمور و پرسەکانیان بکەن، لەهەمان کاتدا پەرلەمانتارانی عێراق لە لایەنە مرۆڤ دۆستیی و یاساییەکانەوە دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە بگێڕن لە گەیاندنی پەیامی ئەو پەنابەرانە بە پەرلەمانی بەغداد و ناوەندە جیهانییەکان.
تارا حوسێن وتی: حزبە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە ناشارەزان و بەهەرزان سیاسەت دەکەن، بە ستراتیژ خەبات ناکەن بەڵکو بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، ئەمەش شتێکی مەترسیدارە بۆ چارەنوسی خەڵک و ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، هیچ هێز و لایەنێکی ئەم وڵاتە پرسی خاک و گەلەکەیان بۆ گرنگ نییە.
هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەوەی مەترسییە لەسەر ئەم خاکە و خەڵکەکەی ئەوەیە کە هێزە دەسەڵاتدارەکان بە پەرلەمانیشەوە هیچ کاتێک پرسی خاک نیشتیمان و گەلەکەیان بۆ گرنگ نەبووە، بەڵکو هەموو هەوڵەکانیان بۆ دەستکەوتە کەسی و بنەماڵەیی و مادییەکانی خۆیان بووە، لەوەش مەترسییدارتر ئەوەیە، ئەو لایەنانەشی بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن بوون دەکەن ئەوندەی مەبەستیانە بگەن بە دەسەڵات و پلە و پۆست بەدەست بهێنن، ئەوندە مەبەستیان پرسە نیشتیمانییەکان نییە.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان راشیگەیاند، نەک تەنیا مەخمور بەڵکو کەرکوک و سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان گرفتیان هەیە و لەژێر مەترسییدان، ئەگەر دەسەڵاتیش لەبەرامبەر ئەم مەترسییانەدا بێ دەنگە، دەبوو ئەم بابەتە لەلای لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان پرسی سەرەکیی بووایە، لەبەرئەوەی هەتا ئەم پرسە بە کێشە نەزانن ناتوانن خاوەندارێتیی لە داخوازییەکانی خەڵک بکەن، ئەم ڕۆژە بۆ هەموو کەس و لایەن و هێزێک ڕۆژی هەڵوێستە هەریەکێکیان هەوڵە سیاسیی و دیبلۆماسی و مرۆڤایەتییەکانی خۆی نەخاتە گەڕ شەرمەزاری بەردەم مێژوو دەبێت.