سێ پارتی باشوور لە بارەی مەخمورەوە بانگەوازێکیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد

257
0
هاوبەشی :

سێ پارتی باشووری کوردستان لە ژێر ناوی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لەبارەی کەمپی پەنابەرانی مەخمورەوە داوایان لە حکومەتی عێراق کرد کە دەست لە هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەمپی پەنابەرانی مەخمور هەڵبگرێت و رێز لە یاساکانی پەنابەری بگرێت.

سێ لایەنى کوردستانی لەسەر بارودۆخی کامپی مەخموور ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تیایدا وێڕای ئیدانەکردنى هێرشکردنە سەر کامپەکە، ڕایانگەیاندوە، ئەو کەمپە هەڕەشەی زۆری لەسەرەو ژیانی دانیشتوانەکەشی بە هۆی هەرەشەو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مەترسی دایە.

لەبەرەبەیانی ڕۆژی شەممەوە، سوپای عێراق هەوڵی گەمارۆدانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی ( مەخموور) دەدات، بەنیازی تەلبەندکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کەمپەکە، ئەو هەوڵەی سوپای عێراق لەلایەن دانیشتوانی کەمپەکەوە ڕەتدەکرێتەوە و بە ژن و گەنج و پیر و منداڵەوە لەدژی وەستاونەتەوە، هاوکات بەهۆی تەقەی هێزەکانی عێراقەوە دوو کەس برینداربوون.

لە ڕاگەیەنراوێکدا هەریەکە لە بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان، پەیامێکی هاوبەشیان لەسەر دۆخی کامپی مەخموور بڵاوکردوەتەوەو ڕایانگەیاند: هەوڵی كۆنترۆڵکردنی کەمپی مەخموور لەلایەن سوپای عێراق ئیدانە دەکەین ماوەی چەند رۆژێکە هێزێکی سوپای عیراق گەماڕۆی کەمپی ئاوارەکانی مەخمووری داوەو دەیەوێ بچیتە ناو کەمپەکەو کۆنتڕۆڵی بکات، هەرچەندە ئەو کەمپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کەمپێکی فەرمیەو بۆ ئاوارەکانی تورکیا دابین کراوە، بەڵام دەیان جار لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی جۆراوجۆر هێرشی کراوەتە سەر ژن و منداڵ پیری تێدا بۆتە قوربانی، حکومەتی عراق هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.

ئەو سێ لایەنە لەژێر ناوی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان باسیان لەوە کردوە، لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعشیش مەترسی زۆر لەسەر ئەو کەمپە دروست بوو، خۆ ئەگەر خۆڕاگری و بەرگری قارەمانانەی خەڵکی کەمپەکەو هێزی پێشمەرگە نەبوایە، دانیشتوانی ئەوێش وەکو شوێنەکانی دیکە جینۆساید دەکران، ئەو تاکو ئێستاش لەو سنوورە مەترسی داعش ماوەو هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە بە گشتی و کەمپی مەخموور بە تایبەتی.

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان بە توندی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کەمپە لەلایەن سوپای عیراقەوە ئیدانە دەکات،هاوکات بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بە کەمپی ئاوارە و خەڵکی پەنابەر دادەنێن.

سێ لایەنەکەى کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو کەمپە هەڕەشەی زۆری لەسەرەو ژیانی دانیشتوانەکەشی بە هۆی هەڕەشەو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مەترسی دایە، بێگومان کۆنتڕۆڵکردنیشی لەلایەن سوپای عیراق ترس و دڵەڕاوکێی زیاتر لەو کەمپە دروست دەکات و مەترسیەکان زیاتر دەبن.

لەبەشێکی دیکەى ڕاگەیەنراوەکەیاندا، ئەو سێ لایەنە داوا لە حکومەتی عیراق و لایەنە بەرپرسەکان دەکەن ئەو مەترسیانە لەبەر چاو بگرن و دەست لە کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە هەڵبگرن و ڕێز لە یاساو ڕێساکانی تایبەت بە پەنابەری بگرن، هەروەها داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بەو پێیەی ئەو کەمپەکە لەلایەن ئەوانەوە دامەزراوە و سەرپەرشتی دەکرێت بە زوویی بچنە سەر خەت ڕێگری لەو کارە بکەن و پارێزگاری لەکەمپەکەو ژیانی دانیشتوانەکەی بکەن.

سێ لایەنەکەی هەرێمی کوردستان داواش لە حکومەتی هەرێم دەکەن بێتە دەنگ و هاوکار بێت لە ئاساییکردنەوەیی دۆخی کەمپەکە و پاراستنی گیان و ژیانی خەڵکە سڤیلەکەی.

هاوبەشی :