سەرمایەگوزاریی ئاکەپە بۆ هەڵبژاردن؛ کۆمەڵکوژکردنی کورد

239
0
هاوبەشی :

یەکێک لە میتۆد و شێوازەکانی ئاکەپە لە ماوەی ۲۱ ساڵی ڕابردوودا، کە چەندین جار ئەنجامیدا، کوشتنی کورد بوو. حکومەتی ئاکەپە کوشتنی کوردەکانی لەژێر ناوی “شەڕی دژ بە تیرۆر” بۆ خۆی کردبووە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بۆ هەڵبژاردنەکان.

حکومەتی ئاکەپە ماوەی ٢١ ساڵە تورکیا بەڕێوە دەبات، سیاسەتەکانی خۆی لەسەر سڕینەوەی کورد بنیات ناوە و سیاسەتەکانی خۆی لە دژی تێکۆشان و بەرخۆدانی کورد گۆڕیوە بۆ پڕوپاگەندەی “جەنگ لە دژی تیرۆر” و ئەوەی کردووەتە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بۆ هەڵبژاردنەکان تاوەکو دەنگی نەتەوەپەرستانی تورک بەدەست بهێنێت. کاتێک ئەردۆغان ڕۆیشت بۆ ئامەد، وتی “ئێمە کێشەی کوردمان چارەسەر کرد”، کاتێک چوو بۆ ڕۆژئاوای تورکیا وتی، “ئێمە کۆتایمان بە کورد هێناوە” و داوای دەنگی لێکردن. کاتێک مرۆڤ سەیری مێژووی ٢١ ساڵەی کۆمەڵکوژییەکانی ئاکەپە دەکات، مرۆڤ ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە دوای کۆمەڵکوژییەکان حکومەت سەرەتا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کردووە و دواتر بڕیاریداوە بیانشارێتەوە. کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆبۆسکی، جزیر شاردرانەوە و بانگەشەی ئەوە کرا، کە گوایە داعش کۆمەڵکوژییەکانی پرسوس و وێستگەی میترۆی ئەنقەرەی ئەنجام داوە.

کوشتنی ئوغور کایماز؛ ٢ تیرۆریست کوژراون

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ۲۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۰٤ دا تەقەیان لە ئوغور کایمازی تەمەن ۱۲ ساڵ و ئەحمەد کایمازی باوکی کرد و لەبەردەم ماڵەکەیان دا لە ناوچەی قۆسەری مێردین پێکەوە کوشتنیان. پارێزگاری مێردین لە ڕاگەیاندراوێکدا وتی، ‘دوو تیرۆریست لە پێکدادانێکدا کوژراون.’

‘ژن بێت، یان منداڵ، چی پێویست دەکات لە دژیان ئەنجامی بدەن’

لە ۲٤ی ئازاری ۲۰۰٦ دا ۱٤ گەریلای هەپەگە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سوپای تورک دا لە موش بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژکران. پرسەیەک بۆ ٦ گەریلای هەپەگە لە ئامەد دانرا، بەڵام پۆلیس دەستوەردانی لە پرسەکەدا کرد. ئەو دەستێوەردانەی پۆلیس بووە هۆی ئەوە خێرا کاردانەوە و ناڕەزایەتی بەسەرتاسەری شاری ئامەد و باکووری کوردستاندا بڵاو ببێتەوە و پۆلیس هێرشی کردە سەر گەل و راستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و گولـلە و بۆمبی گازییان لە دژی گەل بەکارهێنا و بەو هۆیەوە لە ئامەد ١٠ هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ کرد، کە ٥ کەسیان منداڵ بوون، لە مێردین ١ و لە ئێلح-یش ١ هاووڵاتیی تریان شەهید کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو کاتەدا سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی تورک بوو و داکۆکیی لەو کۆمەڵکوژییە کرد و وێڕای سوپاسی هیزە ئەمنییەکان وتی، “ژن بێت یان منداڵ، ئەوەی پێویستە دەبێت ئەنجام بدرێت.”

کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی

لە ۲۸ی کانوونی دووەمی ۲۰۱۱دا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سوپای تورکدا بە فڕۆکەی سەربازی ئێف-۱٦، ۳٤ هاوڵاتیی کوردی گوندی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژکران، کە ۱۷ کەسیان منداڵ بوون. ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە بوو. ئەردۆغان بۆ ئەو تاوانەی دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو کۆمەڵکوژییە سوپاسی ئیلکەر باشبوغ سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکی کرد.

کۆمەڵکوژی لە جزیر و کۆچبەری

لە ۱٤ی کانوونی دووەمی ۲۰۱٥، لە کاتی گەمارۆدانی سێ مانگەی جزیردا ٣٠٠ کەس، لەنێویاندا گەنج، ژن و منداڵ کۆمەڵکوژ کران و سەدان کەسیش برینداربوون. هەزاران ماڵ وێران بوون و دەیان هەزار کەسیش کۆچبەر و ئاوارە بوون.

هاتای – ڕەیحانلی؛ ٥٢ کەس کۆمەڵکوژکران

لە ۱۱ی ئایاری ۲۰۱۳ دا دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی ڕەیحانلیی هاتای تەقێنرانەوە و بەو هۆیەوە ٥٢ کەس کۆمەڵکوژکران.

بە بۆمب هێرشکرایە سەر گردبوونەوەی جەماوەریی هەدەپە

لە ۷ی حوزەیرانی ۲۰۱٥ دا و ٢ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمان)، بە بۆمب هێرشکرایە سەر گردبوونەوە جەماوەرییەکەی هەدەپە لە ئامەد، کە سەڵاحەدین دەمیرتاشیش لە گردبوونەوەکەدا بوو. لەو هێرش و تەقینەوەیەدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.

لە شاری پرسوس بە بۆمب هێرش کرایە سەر چالاکوانان

لە ۲۰ی تەممووزی ۲۰۱٥ دا گەنجان بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و کەلوپەل و پێداویستیی مرۆیی بە کۆبانێ لە پرسوس کۆبوونەوە، بەڵام بە بۆمب لەلایەن خۆکوژیکەوە هێرشیان کرایە سەر. لە ئەنجامی ئەو هێرشە خۆکوژییەدا، کە لەلایەن ئاکەپەوە بە خۆکوژێکی داعش ئەنجامدرا ۳۳ چالاکوان کۆمەڵکوژ کران.

لە ئەنقەرە بۆمب تەقییەوە، بەڵام پۆلیس پەلاماری بریندارەکانی دا!

دوای کۆمەڵکوژییەکەی پرسوس کۆمەڵکوژییەکی تری گەورە لە ئەنقەرە ڕوویدا. لە ۱۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۱٥ دا دوو خۆکوژی داعش لە وێستگەی میترۆی ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئاشتی. ئەوە گەورەترین کۆمەڵکوژی بوو لە تورکیا، کە بەهۆی تەقینەوەی خۆکوژییەوە ئەنجام بدرێت و لەو تەقینەوەیەدا ١٠٣ ئاشتیخواز کۆمەڵکوژکران. پۆلیس دەستبەجێ لە دوای کۆمەڵکوژییەکە هێرشی کردە سەر بریندارەکان و ڕێگای نەدا هاوکاریی مرۆیی و تەندروستیی بە پەلەیان بۆ دابین بکرێت.

تیرۆرکردنی ئەلچی و کورکوت

لە ۲۸ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٥ دا تاهیر ئەلچی سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد لە کاتی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی لە بەردەم مەنارەی مێژوویی چارلنگ لە ناوچەی سووری ئامەد تیرۆر کرا. لە نەورۆزی ۲۰۱۷ دا کەمال کورکوت خوێندکاری زانکۆ لەلایەن پۆلیسەوە تیرۆر کرا. هەر ئەوەندەی کە چاوەڕێ دەکرا، بکوژەکان و ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرکارییە ئاشکرا ببن، ئاکەپە دەستیکرد بە پەردەپۆشکردنی و بڕیاری نهێنیی بۆ دۆسیەکان دەرکرد و بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەکی لەبارەیانەوە قەدەغە کرد!.

کۆمەڵکوژی لە گەڕەکی کوردانی دیلۆک

لە ۲۰ی ئابی ۲۰۱٦ دا خۆکوژێکیتر لە گەڕەکی شاهین بەی دیلۆک هێرشی کردە سەر ئاهەنگی هاوسەرگیری و شایی کوردان. لەو هێرشەدا ٥٩ کەس کۆمەڵکوژکران، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. حکومەتی ئاکەپە هەر لە یەکەم ڕۆژی ئەو کۆمەڵکوژییانەدا، خێرا بریاری دا ڕوماڵ و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیاریی لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانەوە قەدەغە بکرێت، بەوەش هەم کۆمەڵکوژییەکانی پەردەپۆش کرد و هەم ڕاستییەکانی لە کۆمەڵگا دەشاردەوە. هەدەپە چەندین جار لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییانەوە پرۆژە پرسیاری پێشکەشی پەرلەمان کرد، بەڵام نەک وەڵامی هیچ یەک لەو پرۆژە پرسیارانە نەدرایەوە، بەڵکو هەموو پرۆژە پرسیارەکانیش ڕەتکرانەوە.

هاوبەشی :