بەبێ هەبوونی نوسراوو بەڵگەنامەی فەرمی، هێزێک هاتنە سەر فڕۆکەخانەی كشتوكاڵی عەربەت

257
0
هاوبەشی :



نەورۆز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە “بەبێ هەبوونی نوسراوو بەڵگەنامەی فەرمی، هێزێک هاتنە سەر فڕۆکەخانەکەمان. خۆم و کارمەندەکانیان دەرکرد و فڕۆکە خانەکەیان پشکنی.”

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە دوای ڕووداوەکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی لەم هێرشە ئاگادارکردۆتەوە و ئەوانیش وتویانە” جگە لە ئێمە کەسی تر خاوەنی فڕۆکەخانە نیە”.

فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەوێتە شارۆچکەی عەربەت لە باشوری شاری سلێمانی و گەورەترین فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2005 دامەزراوەو لە ساڵی 2007 بڕوانامەی ڕێپێدانی بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵییەکان بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2017 وەک سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بە فەرمی ناسێنراوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وتیشی” هاتنی ئەو هێزە بۆسەر فڕۆکەخانەکەمان لە کاتێکدایە، ڕەنگە لەسەر فڕۆکەخانەکە شتیان پێگەشتبێت. بۆیە لیژنەیەکی بێ چەک هاتنە سەرمان کە فڕۆکەی هاتووچۆیان پێ بوو. خۆم و کارمەندەکانیان کردە دەرەوە. بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەناو فڕۆکە خانە مانەوە و ژورەکانیان پشکنی.”

ئەو هێزەی بە پێی وتەی نەورۆز عەبدولقادر فڕۆکەخانەکەیان پشکنیوە لە کاتژمێر 9ی سەر لە بەیانیەوە هەتا کاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆ لە نێو فڕۆکەخانەکە ماونەتەوە. بەڵام بە پێی وتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە هێشتا دیار نیە هیچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان بردبێت.

نەورۆز عەبدولقادر وتی،” نیگەرانی ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبوایە پێشوەخت لە هاتنی هێزەکە ئاگاداربکراینەتەوە. ناشکرێت خەڵکێکی نا پسپۆڕ بنێردرێتە سەرمان و بەڕیوەبەر لە ژورەکەی بکەنە دەرەوە.”

نەورۆز عەبدولقادر وتیشی” هێزەکە بە فڕۆکەی هاتووچۆ هاتنە سەرمان. نازانم ئەوان ئیشیان چیە لای ئێمە. ڕێگەشماندان بچنە ژورەوە هەتا هەڵەمان بەرامبەر نەکەن، چونکە ئێمە خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمین.”

هاوبەشی :