ئامانجی سەردانی شاندە سەربازییەکەی عێراق بۆ سلێمانی ئاشکراکرا

252
0
هاوبەشی :

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئامانجی سەردانەکەیانی بۆ سلێمانی بۆلای هێزەكانی پێشمەرگە ئاشکراکرد، وتی ئامانجمانە هەوڵەكانمان یەکبخەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.

لەكۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییدا لیوا قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، بەرێنماییەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق هاتوونە بۆ لای هێزەكانی پێشمەرگە، ئامانجمانە هەوڵەكانمان یەکبخەین و هەردوو ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش ببینەوە، چونكە هەردوولا یەك چارەنووسمان هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەكەدا ئامانج گفتوگۆكردن و بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەشە، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زانیاریی و جێبەجێكردنی پلانەكانی پەیوەست بە چالاككردنی لیژنە پەیوەندیدارەكان، هاوكاریی بەردەوام لە هەموو ئاستەكاندا، بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایش و پەرەپێدانی یەكە سەربازییەكانی نێوان هەردوولا.

جەختی لەوەکردەوە، بەگوێرەی ڕێنماییەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دەبێت هەموو یەكە سەربازییەكان یەكگرتوو بن، بەو پێیەی یەک چارەنووس و ئامانجی هاوبەشمان هەیە، وەتیشی تەماحی ئێمە لەم هاوكارییە گەورەترە.

محەمەداوی وتیشی: ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش زۆر كەمن و لە ناوچەكانی سنوری هەرێم و عێراق ماوەنەتەوە، وەك دیالە و دوزخورماتوو و كەركوك، هەروەها كارەكان بەشێوەیەكی دروست بەرەوپێش دەچن، ئەمەش بەرهەمی هاوكاریی هاوبەشی نێوان هەردوو لایە.

هاوکات لە کۆنفراسە رۆژنامەنووسییەکدا مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی (٧٠)ی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ بەرزكردنەوەی هاوكاریی هاوبەش و پەرەپێدانی نێوان هەردوولا بوو، هەروەها پێویستمان بە ڕێكخستنەوەی تواناكانمانە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر دوژمنان یەكگرتوو بین، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەش هەیە.

راشیگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا كۆبوونەوەی دیكەمان ئەنجامدا، بەو هیوایەی ئەم كۆبوونەوەیە خزمەتی وڵات بكات، ئەرك و داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات.

هاوبەشی :