قەرەیلان: دەبێت گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا خواست و ئیرادەی خۆی بە هەموان نیشان بدات

169
0
هاوبەشی :

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایارەوە بانگەوازی بۆ گەلی کورد هەبوو و تی، “دەبێت گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا هێزی خۆی زیاتر بکات و خواست و ئیرادەی خۆی بە هەموان نیشان بدات.”

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە پێش هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە و داوای لە هەمووان کرد دەنگ بە پارتی سەوزی چەپ بدەن. قەرەیلان ڕاشیگەیاند، پێویستە گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا خواست و ئیرادەی خۆی بە هەموان نیشان بدات. قەرەیلان داوای لە هەموو لایەنەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە کرد، کە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکەن و وتی، “ئەگەر ئەو پشتیوانییە بکەن، ئەوە دەبێتە هەنگاوێکی بنەڕەتی لە پێشخستنی یەکێتیی کوردستان، کە لە داهاتوودا پێکدێت. بە دڵنیاییەوە ئەوە هەنگاوێکی باش دەبێت”.

قەرەیلان لەبارەی گفتوگۆکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پەیامی دا و وتی: “جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە ئەو لایەنە. بەم شێوەیە قسە لەسەر ڕێبەرایەتیمان مەکەن. ئەو شێواز و هەڵسوکەوتەی، کە ڕێبەراتیمان دەکەنە ئامڕاز، شێوازێکی بێ ئەخلاقانەن. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی ستراتیژیکە. کێشەی کورد و دۆخی ڕێبەر ئاپۆ کێشەیەک نین، کە لە تاکتیکی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بکرێنە ئامڕاز، ئەمە کێشەیەکی بنەڕەتییە، بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە، کە ڕێبەرایەتیمان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن بە ئامرازێک.”

چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ قەرەیلان:

ئێمە لە مانگێکی نوێی ئایارداین. بزووتنەوەکەی ئێوە مانگی ئایار بە ‘مانگی شەهیدان’ پێناسە دەکات. سەرەتا ئێوە دەتانەوێت بە بۆنەی ئەم مانگەوە چی بڵێن؟

پێش ئەوەی بچمە سەر پرسیارەکەت، من یادی دوایین شەهیدەکانمان دەکەمەوە. من لە کەسایەتیی هاوڕێ جانشێر ماکۆ دا یادی ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە، کە لە ئەیالەتی مێردین شەهید بوون و لە کەسایەتیی هەژار زۆزان دا یادی ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە، کە لە سەرحەد شەهید بوون. ئەو هاوڕێیانە لە سەختترین بارودۆخدا فیداکارانە تێکۆشان و لە بەرامبەر دوژمن دا ملیان نەچەماند، بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد و بەم شێوەیە شەهید بوون. ئێمە سڵاو لە بەرخۆدانیان دەکەین و جارێکیتر ئەو بەڵێنەمان دووپات دەکەینەوە، کە یاد و یادەوەرییەکانیان بە زیندوویی ڕابگرین.

هەروەها شەهیدمان هەیە، کە پێشتر شەهیدبوون، بەڵام لەم پرۆسەیەی دواییدا شەهیدبوونیان ڕاگەیەندراوە. من بە ڕێزەوە یادی هاوڕێ دڵخواز گابار، گوڵچیا گابار و پەلشین نەورۆز دەکەمەوە. ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا تێکۆشایان و خەباتمان کرد.

هاوڕێ دڵخواز بۆ ماوەی ۳۲ ساڵ لە چیاکان دا بە فیداکاری، ڕاستگۆیی، پاکی و دڵسۆزییەکی گەورە تێکۆشا و ڕەنجی دا. هاوڕێیەکی ئەوەندە دڵسۆز بوو، کە لە هەموو بارودۆخێکدا دڵسۆزیی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ڕێکخستن و هێڵی شەهیدان نیشان دەدا. من بە ڕێزەوە لە بەرامبەر هەوڵ و خەباتی هاوڕێ دڵخوازدا سەری ڕێز دادەنەوێنم و ڕایدەگەیەنم، ئیمە خاوەنداری لەو بەڵێن و پەیمانەی خۆمان دەکەین، کە بەو هاوڕێ هێژایەمان داوە.

هاوڕێ گوڵچیا ژنێکی ئاسایی کورد نەبوو. ئازایانە، بە هەڵوێست، هێز و ئیرادەوە لە شاهۆوە بۆ چیاکانی چەولیک، ئامەد و گارزان شەڕی کرد و لە هەموو شوێنێک شوێنپێی ڕەنج و تێکۆشانی هەیە. لە ڕووی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و هاوڕێیەتییەوە، لە ڕووی پەیوەستبوون بە ڕێبەر ئاپۆوە، ئەو هەڤاڵێکی نموونەیی بوو، کە ئاستێکی بەدەستهێنابوو. ئەو ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیمان بوو.

من بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە و بەڵێن دەدەم، کە ئێمە هەمیشە دڵسۆزی هاوڕێیەتییان دەبین.

جیهان ئایمازیش شەهیدی دۆزی ئازادی و کولتوری کوردییە

لە هەمان کاتدا، بە ڕێزەوە یادی هونەرمەند جیهان ئایماز دەکەمەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکدا لە ئیستەنبوڵ گیانی لەدەستدا و بە ڕێزەوە یادی دەکەمەوە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم بۆ خێزانەکەی دەردەبڕم. جیهان ئایماز شەهیدی ئازادی و کولتور و فەرهەنگی کوردە. لەبەر هاواری هونەر و فەرهەنگی کوردی لە شەقامەکانی ئیستەنبوڵ دا کرایە ئامانج و شەهید کرا. یادی شەهید جیهان ئایماز هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان دا بە زیندویی ڕادەگیرێت.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەت؛ وەک ئاماژەت پێدا، مانگی ئایار مانگی شەهیدانە. ئەوە ڕاستە، کە تێکۆشان و خەباتی ئێمە لە هەموو سەردەمێکدا شەهیدی خۆی هەیە، بەڵام لە مانگی ئایاردا هەم بۆ شۆڕشی کوردستان و هەم بۆ شۆڕشی تورکیا شەهیدی گرنگ بەخشراون. ئەگەر ئێمە لەسەر بنەمای ریزبەندیی ڕۆژ بین، سەرەتا پێش هەموو شتێک شەهیدانی تەقسیم لە ۱ی ئایاری ۱۹۷۷ دا هەیە، جارێکی دیکە لە ۱ی ئایاری ۱۹۸۱ هاوڕێ عەبدولقادر چوبوکچو لە بەرخۆدانی فەلەستین دا شەهید بوو. لە ۲ی ئایاری ۱۹۸۲دا محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگەن شەهید بوون. جارێکی دیکە لە هەمان رۆژدا لە ساڵی ۲۰۱٦ دا هاوڕێ ئازاد سیسەر و چەکدار ئامەد شەهید بوون. دیسانەوە لە ساڵی ۱۹۹۸، حەمزە ئەمەرین و هاوڕێکانی لە جودی شەهید بوون. لە ٦ی ئایاردا، پێشەنگەکانی شۆڕشی تورکیا دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسلان و حوسێن ئینان شەهید بوون.

شەهیدبوونی ئەو شۆڕشگێڕە بەنرخانە لە تورکیاوە بۆ کوردستان کاریگەریی زۆری هەبووە. دیسانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید هەیە. شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی لە ۹ی ئایاردا شەهید بوون. ۱۱ی ئایار ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی هێژای خەرزان هاوڕێ هۆزان میزگینە. لە ۱۳ی ئایاردا، لەیلا قاسم لەگەڵ ٤ گەنجی کورد لە بەغدا لە سێدارە دران. هەروەها جارێکی دیکە ١٦ی ئایار ڕۆژی بەرخۆدانی هەولێرە بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ ساڵح و هێلین. لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە دژی هێرشەکانی پارتی (پەدەکە) بەرگری و بەرەنگارییان کرد و شەهید بوون.

هاوبەشی :