هاوسەرۆکى نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان: ڕێگری لە هاتنی پەرلەمانتاری هەدەپە حەسەن ئۆزگونس بۆ هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی ناوی برد

224
0
هاوبەشی :

 

هاوسەرۆکى نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەدەکە لە فڕۆکەخانەى هەولێر ڕێگری لە هاتنى پەرلەمانتارێکی هەدەپە کرد بێتە باشوری کوردستان، ئەوەش بڕیارێکی تەواو سیاسییە کە لەلایەن پەدەکەوە دراوە و پەیوەندی بە عێراقەوە نییە.

ناهید ئارمیش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێگری لە هاتنی پەرلەمانتاری هەدەپە حەسەن ئۆزگونس بۆ هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی ناوی برد و ڕایگەیاند: ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە، عێراق ناتوانێت ڕێگری لە هاتنی کەسانی فەرمی بکات بۆ ناو هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر بڕیار بدات، لێرە دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەری کوردی هەیە و جێبەجێ ناکرێت.

ناهیدە ئارمیش وتیشی: پەرلەمانتاری ئێمە لەسەر داوای ڕۆشنبیران و چالاکوانان له باشوری کوردستان هاتووە، بۆ ئەوەش هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەودا نەبووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە بڕیارێکی سیاسی ڕێگرییان لێکرد و نەیانهێشت بێتە ناو هەرێمەوە کە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز و ویستى بەشداری لە چالاکییەکان بکات.

هاوسەرۆکى نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێم ئاماژەى بەوەشکردوە، هەوڵێکی زۆریان دا کە پەرلەمانتارەکەیان لە ڕێگەی دیپلۆماسیی و پەیوەندییەکانیانەوە بچێتە ناو عێراق و لەوێوەوە بێتەوە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام پەدەکە بەبیانووی ئەوەى حکومەتی فیدراڵی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنیان داوە، ڕێگەیان پێنەدا بچێتە عێراق.

ئارمیش وتیشی: ئێمە پێمانڕاگەیاندون کە هیچ مەرجێکی لەو شێوەیە نییە بۆ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەک یان کەسێک ڕێگە لە پەرلەمانتار بگرێت، ئێمە پەرلەمانتارەکانمان حەسانەیان و دەتوانن بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی هەرێم بکەن وەک بەشێک لە بەرنامەکەیان هەر کاتێک بیانەوێت.

بڕیار بوو ئەمڕۆ و ڕۆژانى داهاتوو لە چەند ناوچەیەکى هەرێمی کوردستان چالاکی پشتیوانى بۆ پشتگیری لە پارتى چەپی سەوز بەرێوە بچێت و لەسەر داوای ژمارەیەک رۆشنبیر و کەسایەتیش بانگهێشتى حەسەن ئۆزگونس، پەرلەمانتاری هەدەپەیان کرد بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى پەدەکەوە لە فرۆکەخانەى هەولێر ڕێگری لێکرا بێتە هەرێم.

هاوبەشی :