بەسێ ئەرزینجان: دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن

207
0
هاوبەشی :

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە داوای لە هەمووان کرد، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاردا دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەمووان بەتایبەتی ژنان کرد، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار لە تورکیا دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.

بەسێ ئەرزینجان لە سەرەتای وتەکانیدا، یادی شەهیدانی خەبات و تیکۆشانی شۆڕش و بزووتنەوەی ئازادیی کوردی کردەوە و بۆ شەهیدانی مانگی ئایاری وتی: “ئێمە لە مانگی ئایارداین. ئایار بۆ ئێمە مانگی شەهیدانە. بەم بۆنەیەوە بە ڕێزەوە سەرەتا لە کەسایەتیی هاوڕێ حەقی قەرار و لە کەسایەتیی دەنیز گەزمیش، یوسف ئەسلان، حوسێن ئینان، ئیبراهیم کایپاک کایا، هەروەها فەرهاد کورتای و چوار شەهیدەکە، هونەرمەندی گەورە ئۆزان مزگین، یادی هەموو شەهیدانی شۆڕشی تورکیا و کوردستان دەکەمەوە.

شەهیدانی ژن رێگای ئێمەیان ڕووناک کردەوە

هەروەها هەڤاڵان شیرین عەلەم هولی و لەیلا قاسم کە پێگەیەکی گرنگیان لە مێژووی ژنانی کوردستاندا هەیە، لە مانگی ئایار لەلایەن دەوڵەتی ئێران و ڕژێمی سەدامەوە لە عێراق لە سێدارە دران. لە کەسایەتیی ئەو هاوڕێیانەدا بە خۆشەویستی و ڕێزەوە یادی ژنانی بەرەنگاری کورد، هەموو ژنان دەکەمەوە. ئەم ژنانە، ژنانی کورد، بەڕاستی لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتیی نیشتمانپەروەری و ئازادییان کرد. ئەوان ڕێگای تێکۆشان و خەباتی ئێمەیان ڕووناک کردەوە. لە ڕاستیدا ئێمەش بە پێشەنگایەتیی ژنانی لەو شێوەیە بەرەنگاری دەکەین و بۆ ئازادی تێدەکۆشین و ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە بەردەوام بوو، هەڵوێستێکی هاوشێوەمان نیشان داوە. هەروەها نابێت ئەوە لەبیر بکرێت، کە هەڤاڵ شیرین عەلەم هولی پێش لە سێدارەدانی لەسەر دیواردا دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ی نووسیبوو. دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بەبێ گومان دروشمێکە، کە ڕێبەرەکەمان بۆ ئێمەی پێشنیار کردووە و بەڕاستی بە رەنج و هەوڵێکی زۆر، قوربانییەکی قورس و تێکۆشان و خەباتێکی گەورەوە قبوڵکراوە. ئەمڕۆ لە ئێران، هەموو ڕاپەڕینەکان بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بەڕێوەدەچن. لەسەر ئەم بنەمایە، دەمەوێت جارێکی دیکە سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم.”

لە کەسایەتیی ڕیبەرەکەماندا گەلەکەمان گۆشەگیرکراوە

ئەرزینجان لە پەیامەکەیدا شیکاریی بۆ گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار کرد:

“لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبەرایەتی ماوەی ٢٤ ساڵە گۆشەگیرکراوە، گۆشەگیری لە ٢٥هەمین ساڵدایە. ڕێبەرەکەمان ماوەی ۲٥ ساڵە لە ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی سەختدایە. بەم بۆنەیەوە، بە ڕێزەوە سڵاو لە هەڵوێستی بەرخۆدان و ئازادی ڕێبەرەکەمان دەکەم، کە ٢٥ ساڵە بەردەوامە.

ڕیبەرەکەمان لە ڕووی مێژووییەوە لە مێژووی تورکیادا ڕۆڵێکی مێژوویی و گرنگی گێڕاوە. لە بە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگای تورکیا، لە پێشخستنی هۆشمەندی و هۆشیاری ئازادی لە کۆمەڵگای تورکیادا، لە بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات بۆ ئازادی، ڕێبەرەکەمان ڕۆڵ و ئەرکێکی مێژوویی گێڕاوە.

بە تایبەتی لەم پرۆسەیەی هەڵبژاردندا هەندێک گفتوگۆ لەسەر ڕێبەرایەتی هەیە. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بە گۆشەگیرکردنی توندی سەر ڕێبەرەکەمان لە کەسایەتی ڕێبەرایەتیدا، گەلەکانمان گۆشەگیر دەکات و سیاسەتێکی فاشیستی بەڕێوەدەبات. ئەمە ئاشکرایە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دەبینین، کە هەندێک هێز، کە خۆیان بە دیموکرات و ئازادیخواز پێناسە دەکەن، پێیانوایە بۆ ئەمە تێدەکۆشن، ئەوانیش لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا بە دوای ڕانتێکی جدییەوەن. ئەوان سیاسەتێکی زۆر جدی، قیزەون و بێ ویژدانانە بەڕێوەدەبەن. واتە بۆ ئەوەی ڕێبەرەکەمان لە گۆشەگیریدا بمێنێتەوە هەندێک سیاسەت بەڕێوەدەبەن.

گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمان هەرگیز لە قازانجی گەلانی تورکیا دا نابێت. پێویستە ئەمە بزانرێت. هێزە دیموکراتییەکان و ئازادییەکان لە کوێ و چۆن تێدەگەن، بەڕاستیش هێزێکی دیموکراسی و ئازادین یان نا؟ لە هەڵوێستیان لەبارەی گۆشەگیرییەوە ڕوونە، بیر و بۆچوونیان هەرچییەک بێت، گۆشەگیرکردنی مرۆڤێک، پاراستنی ئەم گۆشەگیرییە و هەوڵەکان بۆ قووڵکردنەوەی گۆشەگیری، گەورەترین هەڵوێستی دژە دیموکراسییە. ڕیبەرکەمان هەم لە پرۆسەی دیالۆگ و هەم بە درێژایی ژیانی خۆی لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی تورکیا، لە پێناو ژیانێک لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی بۆ گەلانی تورکیا، ژیانی خۆی فیدا کردووە. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەو هەڵوێستە کە دەڵێت، ‘ئەگەر گۆشەگیرکردنی ڕێبەرایەتی کۆتایی پێبێت، ئەوا کەش و هەوای دیموکراسی لەناودەچێت’ ئەوە گەورەترین ناهەقی، نادادپەروەری،بێ ئەخلاقی و بێ ویژدانییەکی گەورەیە بەرامبەر ڕیبەرەکەمان. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەندێک هێز دەکەم ، کە خۆیان بە دیموکراتیک و ئازادیپارێز نیشان دەدەن، گرنگە ئەو هەڵوێستەی خۆیان لەبارەی ڕێبەرایەتیەوە لە بەرچاو بگرن و چاکی بکەنەوە. ئەوانەی پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستە دەکەن، بە توندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەم”.

پارتی چەپی سەوز بە سیاسەتەکانی پەیوەست بە ژنانەوە، ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت

“هەروەک لە سەرەتادا وتم، ئێمە لە پرۆسەیەکی زۆر جدیداین. لەم پرۆسەیەدا ڕوون دەبێتەوە تورکیا بەرەو کوێ دەڕوات. بەڕاستی لە چارەکی یەکەمی سەدەی ٢١دا، تورکیا کەوتە تاریکییەکی گەورەوە، کەوتە قەیرانێکی گەورەوە و کەوتە ناو نائومێدی و ناسەقامگیری و نائارامیەکی گەورەوە. بەم دواییانە، لەگەڵ کارەساتی بوومەلەرزەکە، ئەمە گەیشتە بەرزترین ئاست. سیاسەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا، گەل و ژناندا نەبووە، هەمیشە دۆڕاندوێتی. لە پرۆسە و سەردەمێکی وەهاداین. ئێستاش بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەرفەت بۆ گۆڕینی ئەمە ڕەخساوە. بە دڵنیاییەوە، پارتی چەپی سەوز لەبارەی سەرۆکایەتییەوە ڕایگەیاندراوی هەبوو. لە ڕاستیدا هەڵوێستی پارتی چەپی سەوز بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان گرنگ بوو و هەڵوێستێکی دروستبوو، بەڵام بێگومان دەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدرێت. دەبێت تاکە ڕێگا و موتڵەق بە پارتی چەپی سەوز بزانرێت.

بۆچی؟ چونکا پارتی چەپی سەوز بە پارادایم، بیر، بەرنامەی خۆی ئەو پارتەی دروستکردووە، کە تورکیایەکی دیموکراتییە بۆ سەدەی ۲۱ دروست بکات. ئەو حیزبەیە، کە دیموکراسی ڕاستەقینە، دیموکراسی ڕادیکاڵ و ئازادی بۆ تورکیا دەهێنێت. بۆ نموونە، پارتی چەپی سەوز دروسترین سیاسەتی خۆی پەیوەست بە ژنان، بە پڕاوپڕترین سیاسەتی پەیوەست بە ژنانەوە ڕاستیی خۆی ئاشکرا کردووە، هیچ حیزبێک لەو ئاستەدا ڕێگا و پێگەی بە ژن نەداوە، لە ریزی یەکەم و پێشەوەدا ژنی دانەناوە، بۆیە لە بابەتی نوێنەرایەتیکردنی ئازاد و یەکسانی ژنان، مافەکانی ژنان، پەیماننامەی ئیستەنبوڵ و چەندین بابەتی لەو جۆرەدا ڕادیکاڵە و یەکسانە. کاتێک مرۆڤ سەرنجی لایەنەکانی دیکە دەدات ئەمەیان تیادا نابینێت. ئەو کۆبوونەوە جەماوەریانە پارتی چەپی سەوز ڕێکیان دەخات، لە هیچ شوێنێکی تر نمونەی نییە و نابینرێت. زۆربەی کاندیدە ژنەکان لە زۆر ناوچە و بواری نێو لایەنەکانی دیکەدا نابینرێن و لە زۆر شوێندا نووسینگەکان و بنکەکانی ژنان ناکرێنەوە.

بۆیە پارتی چەپی سەوز، بە سیاسەتەکانی سەبارەت بە ژنان، بەڕاستی بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی یەکسان لە تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی و جددی دەگێڕێت. نەک تەنها بە سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە، بەڵکو بە هۆشمەندی و تێگەیشتنیان لە دیموکراسی، بە تێگەیشتنی ژینگەیی، بە نزیکبوونەوە لە گەنجان، بە نزیکبوونەوە لە مرۆڤەکان، عەقڵییەت و تێگەیشتنیان لە خۆبەڕێوەبردن، بە عەقڵییەت و تێگەیشتنێک، کە دەبێت سەرچاوەکان بۆ گەل بەکاربهێنرێن، هەروەها بە نزیکایەتیی لە عەلەوییەکان، نزیکبوونەوە لە باوەڕەکان، نزیکبوونەوە لە گەلان، بە کۆکردنەوەی گەلان لە دەوری یەک و نوێنەرایەتیکردنیان بە ڕۆڵێکی زۆر مێژوویی هەڵدەستێت.

با هەمووان دەنگ بە پارتی سەوزی چەپ بدەن

ئەگەر پارتی چەپی سەوز لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار بەدەست بهێنێت ئەوا ڕۆڵێکی جددی لە مێژووی تورکیادا دەگێڕێت. لە گەشەپێدان، گۆڕانکاری، بە دیموکراسیکردنی تورکیا، لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە قەیرانەکانی تورکیا، لە چارەسەر کردنی کێشەی دیموکراسی و ئازادی، کێشەی کورد، کێشە ئابوورییەکانی تورکیا بەشدارییەکی زۆر گرنگی دەبێت، بۆیە داوا لە گەلەکەمان، ژنان، هێزە دیموکراسییەکان و ئازادیخوازەکان دەکەم، کە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.

لە تورکیا و کوردستان، زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بە گەنجان و ژنانی گەنج دەکرێت. بەهۆی عەقڵییەت و سیاسەتە باوەکانەوە ژنانی گەنج لە کۆمەڵگادا زۆر بێ نرخ کراون و بێ ئیرادە کراون. بە سیاسەتی جۆراوجۆر هەبوونیان لە ژیاندا لەنابراوە. ڕوون و ئاشکرایە لە ڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە گەنجان و ژنانی گەنج هێشتا بەشێوەیەکی بەهێز بەشداری لە ژیان، سیاسەت و بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیدا دەکەن.

هەروەها هەڵوێست، نزیکایەتی و بەشداریکردنی خەڵکی عەلەویمان لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا لە نیشاندانی عەلەوێتدا، لە نوێنەرایەتیکرنیاندا لە ناو دام و دەزگاکاندا و لە نوێنەرایەتیکردنی لە ناو پارتی چەپی سەوزدا هەنگاوی گرنگ و جدی نراون. داواکارییەکانی خەڵکی عەلەویش لە بەرنامەی پارتی چەپی سەوزدایە. نزیکایەتی لەسەر ئەم بنەمایەیە، باوەڕی، هەموو گەل لە ناو پارتی چەپی سەوزدا نوێنەرایەتی دەکرێن. بۆیە پارتی چەپی سەوز، کە لە تورکیا نوێنەرایەتی هێڵی سێیەم دەکات، دەبێت بە دڵنیاییەوە پشتگیریی بکرێت. دەبێت دەنگ تەنها بە پارتی چەپی سەوز بدرێت. دەنگ بە هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بدرێت.

داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەم، بەتایبەتی گەلەکەمان لە ئەوروپا، کە ئێستا لە ئەوروپا دەنگ دەدەن، داوا لە هێزە دیموکراتی و ئازادیخوازەکانی تورکیا دەکەم، داوا لە هەموو ئەوانە دەکەم، کە ژیانێکی باش و ڕاستیان دەوێت، داوا لە ژنان دەکەم دەنگ بە پارتی سەوزی چەپ بدەن. بە پارتی چەپی سەوز تورکیا دەچێتە ڕۆژە جوان و ڕووناکەکانی.”

هاوبەشی :