ڕووسیا هێرشەكەی سەر کۆشکی كرملین دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا

213
0
هاوبەشی :

 

وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریكای بە بەرپرسی هێرشەكەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتى وڵاتەکەى تۆمەتبار كردو ڕایگەیاند، دەزانن بڕیارەكانی پەیوەست بەم كردەوەیە لە واشنتۆن دراون نەك لە ئۆكراین.

دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، واشنتۆن لە پشت هێرشەكەی سەر کۆشکی كرملینەوەیە و ئەمریكا هەوڵی خۆدزینەوە لەو هێرشە دەدات، دەشڵێت، ئەو ڕووداوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر و بەپەلە هەیە، ناتوانرێت بڵێین كەی ئەنجامەكانی دەردەكەون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا بەنیازە وتارێك پێشكەش بكات، یان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامبدات، هەروەها ئەم جۆرە هێرشانە نابێتە هۆی خاوكردنەوەی خێرایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكانیان لە ئۆكراین.

دیمیتری پێسكۆڤ باسی لەوەشكرد، دەزانین بڕیارەكانی پەیوەست بەم كردەوە تیرۆریستییانە لە واشنتۆن دراون نەك لە ئۆكراین، ڕووسیا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو، كە كیێڤ تەنها ئەم بڕیارەی جێبەجێكردوە.

جێگای ئاماژەیە، دوێنێ كۆشكی كرملین لەڕووسیا لەڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، تەنها هەندێك زیانی مادی هەبوو، هەروەها پەنجەی تۆمەت بۆ ئۆكراین درێژ دەكرا، دواتر سەرۆكی ئۆكراین بێبەری بوونی وڵاتەكەی لەو هێرشە ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك بەشێوەیەكی فەرمی ئەو هێرشەی نەخستوەتە ئەستۆی خۆی.

هاوبەشی :