ڕەمزی کارتاڵ: بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن

226
0
هاوبەشی :

ڕەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی-گەل داوای لە دەنگدەرانی ئەوروپا کرد بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن و وتی، ‘تا ٩ی ئایار بە شێوەی هەمەلایەنە لەسەرپێ دەبین.’

دەنگدان لە دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایاری ۲۰۲۳ لە تورکیا و باکوری کوردستان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستی پێکرد. پارتی چەپی سەوز لە ئەوروپا ماتەوزە و توانایەکی بەهێزی بۆ دەنگدان هەیە، کارێکی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت.
ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی – گەل بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار دەرفەتێکە بۆ بە دیموکراسیکردنی کۆمار، کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوە دامەزراوە، بۆیە داوای لە هەمووان کرد بە هەموو تواناییانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان و هەمەلایەنە خۆیان بۆ پارتی سەوزی چەپ تەیار بکەن.

ڕەمزی کارتاڵ ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار هەڵبژاردنێکی ئاسایی نین و وتی، “هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ ئاسایی و نورماڵ نین. هەڵبژاردن لە کاتێکی گرنگدا ئەنجام دەدرێت. ماوەی ١٠٠ ساڵە سیاسەتێکی نکۆڵیکردن لە دژی کوردەکان بەڕێوەدەچێت. بە تایبەتی بە شەڕی ٨ ساڵی ڕابردوو، کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هەوڵ دەدات ئیرادە و خواستی گەلی کورد بشکێنێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا بەرخودانێک و بەرهەڵستییەکی گەورە هەیە. لە ئەنجامدا سیاسەتی فاشیستی، کە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە. لەم بارودۆخەدا ئێمە هەڵبژاردن دەکەین. ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت ببێت بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ڕووی سیاسییەوە کۆتایی پێ بێت. بۆ ئەوەش ئەمە بۆ گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتییەکان هەڵبژاردنێکی گرنگە.”

بانگەواز بۆ دەنگدەران لە ئەوروپا

ڕەمزی کارتاڵ بانگەوازی بۆ دەنگدەرانی ئەوروپا هەبوو و وتی، پێویستە هەموو کەسێک بە تەواوی و لە هەموو ڕویەکەوە لە کاردا بێت و وتیشی، “لەم هەڵبژاردنەدا تەنها دەنگدان بەس نییە. پێویستە مرۆڤەکان ماڵ بە ماڵ بگەڕێن و باسی گرنگیی هەڵبژاردنەکان بکەن. پێویستە هەنگاو بە هەنگاو و زۆر زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشتر دەنگ بەدەست بهێنین. هەروەها پێویستە ئێمە ئەنجوومەنەکانمان، ڕێکخراوەکان و ڕێکخستنەکانمان بخەینە کار و بە تەواوی لەسەر پێ بن. پێویستە تاوەکو ٩ی ئایار واز لە کارەکانی خۆتان بهێنن و تەنها سەرنج بخەنە سەر هەڵبژاردنەکان. نەک تەنها هەر کورد، بەڵکو دەبێت هەموو هێزە دیموکراتییەکان و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە دەوری یەک کۆببنەوە و دەنگدەران ڕێکبخەن. پێویستە ئێمە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەین. دەبێت ئێمە هەموو توانا و دەرفەتەکانمان بخەینەکار و دەنگدەران بگەیەنینە بنکەکانی دەنگدان”.

هاوبەشی :