قەرەسوو: دەبێت بانگی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی ڕووی لە بەرفراوانترین بەشەکانی کۆمەڵگادا بێت

233
0
هاوبەشی :

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، دەبێت هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی دوور بێت لە نزیکبوونەوەیەکی تەسک و وتی، “دەبێت هاوپەیمانێتییەکە بانگی ڕووی لە بەرفراوانترین بەشەکانی کۆمەڵگا ببێت.”

قەرەسوو ئاماژەی بەوەدا، پارتی چەپی سەوز بەرفراوانتر لە هەدەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا دەکات و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی دژ بە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەی دروستکردووە و وتی، “ئەگەر ئەوان بە دروستی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، ئەوا دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێشەوە. بۆشاییەکی گەورە هەیە. هاوپەیمانیی میللەت هەیە، بەڵام هاوپەیمانیی میللەت هێز، بەرنامە و هەڵوێستێکی وەهای بۆ تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەم دەسەڵاتە فاشیستییە نییە، بۆیە پارتی چەپی سەوز دەتوانێت لەگەڵ پێکهاتەکانی خۆی و هێزەکانی هاوپەیمانیەکەی ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە.”

قەرەسوو ڕایگەیاند، دەبێت پارتی چەپی سەوز زیاتر خیتابی تورکیا بکات و وتیشی، “دەبێت لە خیتابکردنی کۆمەڵگەی تورکیادا هەنێک بوێرتر و هەندێک کراوەتر بێت. چونکە تورکیا بە کۆمەڵگاکەی خۆی هەڵدەوەشێت. من بۆ هێزە دیموکراتییەکانیش دەڵێم؛ پێویستە خیتابەکەتان بۆ دەوورووبەرەکەتان بەفراوانتر بکەن. کوردەکان تێدەکۆشن، ئێمە تێدەکۆشین. لەم ڕووەوە کێشە نییە، بەڵام پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراتییەکانی کورد بۆ ڕووخاندنی ئەم فاشیزمە زیاتر خۆیان بگەیەننە گەلانی تورکیا.

هەڤاڵان گوڵچیا، دڵخواز و پەلشین ڕەنجیکی زۆریان لە تێکۆشاندا داوە

من بە ڕێز و پێزانیینەوە یادی هەڤاڵ گوڵچیا، هەڤاڵ دڵخواز و هەڤاڵ پەلشین دەکەمەوە. هەڤاڵ گوڵچیا و دڵخواز هەڤاڵی کۆن بوون و ئێمە یەکترمان دەناسی. هەردووکیان فەرماندەی هەپەگە و یەژاستار بوون. هەڤاڵ گوڵچیا لە بڕیارگەی هەپەگە بوو. ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگە بوو. هەڤاڵ دڵخوازیش فەرماندەی ئەیالەت بوو. ئەم هەڤاڵانە هەوڵێکی زۆر گرنگیان دا لە خەبات و تێکۆشان دا داوە. هەردووکیشیان ڕۆڵەی بۆتانن. سەدان فەرماندەی ژن و پیاو لە بۆتان دروستبوون. ڕەنجێکی زۆریان لەم تێکۆشانەدا داوە. بۆتان، کە تا ئێستا سەدان فەرماندەی دروستکردووە، یەکێکە لەو ناوچانەیە، کە بەهیزترین نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزیی تیادایە. بۆتان ئەو ناوچەیەیە، کە تێکۆشانی گەریلامان تیادا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. ئەمە تایبەتمەندیی بۆتانە.

من لە نزیکەوە ئەو هەڤاڵانەم دەناسی. ئەو هەڤاڵەی، کە من لە زووە دەیناسم هەڤاڵ گوڵچیایە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٥ دا لە هەرێمی ئێمە بوو. من لەو کاتەدا لە مەتینا بووم. هەڤاڵ گوڵچیا لە بەهاری ١٩٩٥ چووە ناوچەی بەروار سەڤدین و لێڤین، واتە ڕۆیشت بۆ ناوچەی جۆلەمێرگ. لەو کاتەدا فەرماندەی یەکەیەک بوو. پێموابوو لە پایزدا بوو؛ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا. دەوڵەتی تورک هێرشی کرد. جەنگ دەستیپێکرد. هەڤاڵ گوڵچیا لە یەکەکەی دابڕا بوو.هەندێک جار لە جەنگدا هەڤاڵان لە یەکەکانیان دادەبڕان. هەڤاڵ گوڵچیاش لە یەکەکەی خۆی دابڕابوو. ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام بوو، ئەو بەتەنیا مابوویەوە. ئەو دەچێت بۆ ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانی و خۆی دەشارێتەوە.

پێموایە لە کۆتا ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەدایە، سەربازێک لەناکاو دێت بۆ ئەو شوێنەی، هەڤال گوڵچیا خۆی تیادا شاردووەتەوە. ئەو و گوڵچیا یەکتر دەبینن، کاتێک سەربازەکە هەڤاڵ گوڵچیا دەبینێت، دەڵێت، ‘فەرماندەکەم ژنێک لێرەیە، فەرماندەکەم ژنێک لێرەیە’ و دەڕوات. گوڵچیا دەبینێت لەو دۆخەدا هیچ شتێک نەماوە ئەنجامی بدات، بۆیە بۆمبەکانی خۆی ئامادە دەکات، فیشەک دەباتە پێشەوە و چاوەڕێ دەکات. بۆ ئەوەی ئەگەر سەربازەکان بێن، تا کۆتایی شەڕ بکات و دوایین گولـلەش بە خۆیەوە بنێت. چاوەڕێی دۆخێکی لەو شێوەیە دەکات. دوای ماوەیەک، کە دەنگی سەربازەکە نامێنێت. بۆ چەندین کاتژمێر کەس نایەت. پاشان هەر لەوێ دەمێنێتەوە. ڕۆژێک، یان دوو ڕۆژ دواتر، سەربازەکان لە ئۆپەراسیۆنەکە کشانەوە. هەڤاڵ گوڵچیا لە ناوچەی قەشوراوە بەرەو مەتینا بەڕێدەکەوێت. من لەو کاتەدا لە میتینا بووم. ئەوان بارودۆخەکەیان ڕوونکردەوە و پێشتریش ڕاپۆرتی خۆیان دابوو. دەیانوت پێکدادانەکان دەستیپێکردووە، هەڤاڵ گوڵچیا لە یەکەکەی دابڕاوە و هیچ هەواڵی نازانن. لەوانەیە شەهید بووبێت. دوای ئەوەی لە سنوور دەپەڕێتەوە، هەڤاڵان ئاگاداریان کردینەوە، کە بەرەو ئێمە دێن. داوامکرد بێت بۆ لای من، کاتێک هات باسی بارودۆخەکەی کرد. ئەو بۆ ماوەی ١٥ – ٢٠ ڕۆژ لە یەکەکەی دابڕابوو، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەبێت تاوەکو سنوور تێدەپەڕێنێت و دێت بۆلای ئێمە. ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕوویدا.

لەو کاتەدا فەرماندەی یەکەیەک بوو. لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشداری ریزەکانی گەریلا ببوو، ئەو ڕووداوە لە ساڵی ١٩٩٥ دا ڕوویدا. لەو کاتەوە من هەمیشە گرنگیم پێ دەدا. لەو کاتەدا بە سەختی ڕزگاری ببوو. پێموایە سەربازەکە دەچێت بۆ ئەوەی فەرماندەکەی ئاگادار بکاتەوە، پاشان کاتێک کەس لەو دەوروبەرە نابینێت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت هەڵسوکەوت دەکات. لەوانەش ئەو سەربازە لە بنەماڵەیەکی دیموکرات یان کورد بوو بێت. کاتێک سەرەتا دەیبینێت، بانگ دەکات، بەڵام دواتر دەبینێت کە هیچ کەسێک لە دەوروبەرە نییە، وەک ئەوەی هیچی نەبینیبێت هەڵسوکەوت دەات. یان ڕەنگە ڕۆیشتبێت و بڵێت، ئەوە سەربازەکان دێن و شەڕ ڕوودەدات و لەوێ ئەو هەڤاڵە شەهید دەبێت.

بە تەواوی خۆی فیدای ئازادیی گەلی کورد کردبووە

بە ڕاستی هەڤاڵێکی ئێمە بوو، کە لەو ناو بەها کۆمەڵایەتییەکانی بۆتان دا گەورە ببوو. خۆی بە تەواوی کردبوو بە فیدای ئازادی بۆ گەلی کورد، دڵسۆزی بەهاکانی خۆی بوو. لە هەموو شوێنێک ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەدەبرد. ئەرک بۆ ئەو نەک ئاسان، بەڵکو بۆ ئەو ئەرک کاری قورس و بەرپرسیاری بوو. هەمیشە بەو شێوەیە لە ئەرکەکانی نزیک دەبوویەوە. ئەو دەیویست ئەرکە قورسەکانیش بگرێتە دەست و جێبەجێیان بکات. لە هەموو شوێنێکە لە بۆتان، لە ئامەد مایەوە. ئەو بەرپرسی ئامەد، خەرزان و ئەرزرۆم بووە. پاشان لە زۆر بواردا؛ لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش فەرماندەیی دەکرد. هەڤاڵێکی وەها بوو، بۆ ماوەی ۳۰ ساڵ لە ناو تێکۆشاندا بوو. پێش ئەوەی شەهید بێت، بۆ ماوەی مانگێک یەکترمان بینی. پێش مانگێک، مانگ و نیوێک بوو. ئێمە لە مانگی ئاداردا یەکترمان بینی. دوای ئەوە لە کۆتایی مانگی نیسانی ۲۰۱۹ دا شەهید بوو. بە ڕاستی، وەک ڕۆڵەیەکی بۆتان، وەک فەرماندەیەک زوو بوو بۆ شەهادەتەکەی. لە گارە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیدا شەهید بوو، من بە ڕێزەوە یادی دەکەمەوە.

دەبێت بە تایبەتی، ژنان و کچانی کورد لە بۆتان هەڤاڵ گوڵچیا بکەنە نموونەیەک بۆ خۆیان. درێژە بە رێگاکەی بدەن. نابێت تێکۆشان و خەباتی ئەم هەڤاڵانە لە زەویدا بمێنێتەوە. به دڵنیاییەوه کوردستانی ئازاد پیکدێت، ئەوە هیوای ئەوان بوو.

هەروەها هەڤاڵ دڵخوازیش وەها بوو. ئەویش ڕۆڵەیەکی بۆتان بوو. هەروەها هەڤأڵ پەلشین لە مێردین، ئەو شوێنە، کە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری تیایدا بەرزە، بەشداریی لە ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادیدا کرد. من بە ڕێز و پێزانینەوە یادی ئەو هەڤاڵانە دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە یادەوەرییەکانیان لە خەباتی ئێمەدا بە زیندویی دەژین. ئێمە وەک شوێنکەوتووانی ئەوان، ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە، ئێمە تا دوا هەناسەمان درێژەی پێ دەدەین. بێگومان ئێمە کوردستانێکی ئازاد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک دادەمەزرێنین.

ماوەی ٨ ساڵە گۆشەگیرییەکی زۆر توند بەڕێوەدەچێت

لە ئێستادا ڕێبەرایەتی لە ٢٥هەمین ساڵی دیلگرتنیدایە لە ڕاستیدا ڕێبەرایەتی نزیکەی ٢٥ ساڵە لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە. جار جار و بەپێی کات، کاتێک دەسەڵاتی ئاکەپە دەیخواست دەسەڵاتەکەی خۆی بەهێز بکات، گۆشەگیریی کەمێک سست دەکرد و بۆ ئەوەش هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدران. چاوپێکەوتنی سیاسیش ئەنجام دران. ئێمەش دەچووین بۆ ئۆسلۆ. کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن هەبوو. لەو کاتەدا نزیکایەتییەکی نەرم هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە خاوەنی هۆشمەندییەکی دیموکراتیک نەبوو، هیچ ئەنجامێک لەو کۆبوونەوانە بەدینەهات. لەڕاستیدا ئەردۆغان ئەم کۆبوونەوانەی بۆ خۆی کرد بە ئامرازێک.

ئەمە ڕاستییەکە؛ لە تورکیا بەبێ دیموکراسیکردنی ڕاست و درست و بەبێ مێشکێکی دیموکراتیک ناتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، چونکە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی جیاواز سەیری پرسی کورد دەکات. دەیەوێت بەناو جینۆسایددا دەربازی بکات. کێشەیەکی سیاسی نییە. کەم تا زۆرێک داواکاری هەیە. دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لە شوێنێک دا چارەسەر بکرێت، بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە، کە قبوڵ ناکرێت. قبوڵ ناکرێت. واتە دەبێت سەرەتا بارودۆخێک، کە قبوڵ ناکرێت، ئەو بارودۆخە تێپەڕێنرێت. دەبێت هەبوونی قبوڵ بکرێت. لە تورکیا ڕاستییەک لەسەر ئینکارکردن و ڕەتکردنەوە هەیە. جار و بار دەڵێن، ئێمە نکۆڵیکردنمان شکاند، شتێکی لەو جۆرە نییە. واتە ئەم قسانە تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگا و جیهان بوون، چونکا ئێستا سیستەمی پاکتاکار بە هەموو خێرایی خۆیەوە کار دەکات. تەکنیکی پەیوەندیی بەکۆمەڵ و جەماوەری پەرەی سەندووە. تەکنیکی کۆمپیوتەر گەشەی کردووە، بەڵام گوشارکردن و داپڵۆسین بەشێوەیەکی فراوان بەردەوامە. لەبەر ئەوەش و بۆ شاردنەوەی ڕوخساری بکوژیان، بۆ دەمامکدان لە خۆیان لە هەندێک بواری وەک کولتوریدا خۆیان بە شێوەی سنووردار شل کردووە. لە دەرەوەی ئەوە گۆشەگیرییە بەهێز و قورس بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بۆ ئێستا، واتە ماوەی ٨ ساڵە گۆشەگیرییەکی توند بەردەوامە، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیویشو هیچ چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەیەک ئەنجام نەدراوە. هۆکاری ئەمە چییە؟ بۆچی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام نادرێت؟ بۆچی گۆشەگیری توند و قورس بەڕێوەدەچێت؟ ئەگەر ئەمە وەڵام بدرێتەوە، ئەو کاتە شتەکان ڕوون دەبنەوە و هەموان لەو سیاسەتە تێدەگەن.

سی پی تی لە کردەوەیەکی هەڕەمەکی و میزاجیدایە

بە ئاشکرا نایانەوێت تەنانەت یەک وتەی ڕێبەرایەتی بێتەدەرەوە. شەڕێکی دەروونی لە دژی ڕێبەرایەتی بەڕێوەدەچێت. هەر چۆن لە دەرەوە پاکتاوکردن، جینۆساید و جەنگ ئەنجام دەدرێت، بەو شێوەیەش گوشارێکی زۆر لەسەر گەل و دژی ڕێبەرایەتی هەیە. هەر خۆی یەکەم گوشار لەوێوە دەست پێدەکات. چونکا ڕێبەرایەتیە، کە ئەم گەلەی هۆشیار و زانا کردووەتەوە، ڕێکیخستوون و گەیاندونیتییە ئەم ئاست و دۆخەی خەبات و تێکۆشان، بۆیە ئەم گوشارە لە دژی ئەو بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەش گۆشەگیرییەکی توند هەیە. ئەم گۆشەگیرییە توندە بەو مانایە دێت: ڕێبەرایەتی سیاسەتەکانی ئاکەپە ڕەت دەکاتەوە و هەڵوێستی دژی دەگرێتەبەر. هەر وتەیەکی ئەو، لە دژی ئەوان دەبێتە هەڵوێستێک. بۆیە گۆشەگیری دەسەپێنن و ڕێگا نادەن چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت. بێگومان هەموو ئەمانە لە ڕێگەی پێشێلکردنی دەستووری تورکیاوە ئەنجام دەدرێن. هەروەها یاسا جیهانییەکانیش پێشێل دەکرێن. لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەمانە کردەوەیەکی هەڕەمەکین، کە خۆیان دەڵێن، من کردم و ئاوا ڕوویدا.

ئاشکرایە لەو دۆخەدا سی پی تی کەوتووەتە ناو کردارێکی هەڕەمەکی و میزاجی. سی پی تی دامەزراوەیەکی ئەوروپییە. ئەوروپا دەسەڵاتێکی هیرارشییە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، کە بە تەواوی بەرژەوەندیی ئابووری و بەرژەوەندییە ماددییەکانی کردووەتە کار و بنەمای سەرەکی بۆ خۆی. لە ئەوروپا بەهای مەعنەویی و موراڵی نییە. هیچ پێوەر و ستانداردێکی مەعنەوی و موراڵی ئەوروپی نییە. پێوەر و ستانداردە ماددییەکان ڕێگری لە پێوەر و ستانداردە مەعنەوی و موراڵییەکان دەکەن. ئەوە ناڵێین، کە هەرگیز هیچ نییە، بەڵام بەرژەوەندییە ماددییەکان ڕێگری لە بەها ئەخلاقییەکان دەکات. لەلایەکەوە دەچنە ئیمرالی و ڕاپۆرت دەنووسن. بە ئێمە ناڵێن! بە گەل ناڵێن، گوایە بە تورکیا دەڵێن.. ئەگەر بە شێوەی کراو و ئاشکرا خراپییەک و هەڵەیەک، کردەوەیەکی خراپ هەبێت… یانی دەیگۆڕن، ئەوە بیگۆڕن؟، هیچ ناڵێن. تکایە، باشە تورکیا گوێتان لێدەگرێت؟ خۆی لە خۆیدا هەر گوێ ناگرن، تورکیا خۆی ئەوە دەڵێت، من دەیکەم، ئەوروپا چی دەڵێت با بیڵێت.لەو ڕووەوە و وەک دەبینرێت سی پی تی هیچ ڕۆڵێک ناگێڕێت. واتە ئەمە ئەو دامەزراوەیە نییە، کە خۆی بەو شێوەیە ناساندووە.

واتە دامەزراوەیەک نییە، کە دژی ئەشکەنجە کار بکات، دامەزراوەیەک نییە، کە چاودێری بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجە بکات. ئەگەر بەو شێوەیە بوایە، ئەوا لە دژی گۆشەگیرییەکی ئەوەندە قورس هەڵوێستێکی دەبوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێکی نییە، کەواتە بەمشێوەیە چی ڕوودەدات؟. کاتێک سی پی تی هەڵوێستی نەبێت، ئەوە ئەو کاتە گۆشەگیری و ئەشکەنجە ڕەوا و ئاسایی دەبێت. تورکیاش بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی گۆشەگیری.

ئاکەپە و مەهەپە هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و گوڕەشە ئەنجام بەدەست بهێنن

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، هەڤاڵ بەسێ (بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە) لە بەرنامەیەکەدا بە وردەکاری و بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ کرد. ئەو هەموو گوشارە لە ڕێبەرایەتی دەکرێت، گوشار و هەڕەشە بە شێوەیەک لەسەر کۆمەڵگا، لەسەر بزووتنەوەکەمان هەیە. بە ئاشکرا سیاسەتی هەڕەشە و گوڕەشە بەڕێوەدەبەن. سیاسەتی گوشار بەڕێوەدەبەن. ئەمەش ئاستی دەوڵەتی تورک نیشان دەدات. ئێستاش هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و گوڕەشە شتێک بکەن و هەوڵ دەدەن ئەنجامێک بەدەستبهێنن، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان هۆشیار و زانایە. بزووتنەوەکەشمان دەزانێت ئەم مەترسییە چییە. لەمڕووەوە ئێمە دەزانین خەبات و تێکۆشان بۆ لابردنی ئەم گۆشەگیرییە پێویستە. خەبات و تێکۆشانی سیاسی پێویستە، خەباتی یاسایی پێویستە، خەباتی گەل پێویستە. بەم شێوەیە دەتوانرێت گۆشەگیری لاببرێت.

بە دڵنیاییەوە لەو ڕووەوە هەموو کەسێک بە قسەکانی وەزیری داد پێدەکەنێت. ئەو هەر بۆ خۆی کەسێکی سەرنجڕاکێشە، وەزیری داد نییە. بۆ ئەوەی ئەو ناهەقییە ئاشکرایە بشارێتەوە، بۆ ئەوەی کردارە خراپەکانی خۆی بشارێتەوە، دیماگۆجی و قسەی فریودەرانە دەکات. ئەو شتانە چین، کە ئاستی ئەواندا نییە!… لەوانەیە مانگێک بێت، دوو مانگ بێت، ٦ مانگ بێت. بەهۆی “ئەو شتانەی، کە لە دەستی ئەواندا نییە” گۆشەگیری دەکەن لەبەر ئەوە ڕێگا نادەن چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. پارێزەران لە ساڵی ٢٠١١ەوە نەیانتوانیوە دیدار ئەنجام بدەن. چ پەیوەندیی بەو شتانەوە هەیە، کە لە دەستی ئەوان دا نییە؟ پێشتر دەیانگوت، کەشتییەکە خراپ بوو، ئەو شتە خراپ بووە. ئێستاش ‘لەبەر ئەو شتانە، کە لە دەستی ئەواندا نییە’ ڕێگری دەکەن. یانی هیچ نییە. بۆیە ئەستەمە مرۆڤ بە شێوەیەکی جددی هەڵوەستە لەسەر ئەو شتانە بکات. لەوێ گۆشەگیرییەکی توند و قورس هەیە. لەوێ هەڵوێستی ڕێبەرایەتی هەیە. هەڵوێستی ئەو لە دژی سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکاریی حکومەتی ئاکەپەیە، بۆیە گۆشەگیرییەکی توندی لە دژ بەڕێوەدەبرێت. ئەرکی ئێمە تێکۆشانە لە دژی گۆشەگیری. نەک هەر شکاندنی گۆشەگیری، بەڵکو دەبێت ئازادی ڕێبەر ئاپۆش مسۆگەر بکەین.

بەشێک لە ناو دەوڵەتدا هێرشەکەی ساڵی ١٩٩٦یان ئەنجامدا

هێرشی ساڵی ۱۹۹٦ بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ بە توندی شەرمەزار دەکەم. لە ساڵی ۱۹۹٦، کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، ئێمە لە زاپ لە کۆبوونەوەی دەستەی سەربازیدا بووین. ڕێبەرایەتی بە تەلەفون قسەی بۆ ئێمە و هەڤاڵانی نێو کۆبوونەوەکە دەکردز لەکاتی گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، ڕێبەرایەتی تەلەفۆنەکەی بڕی، بۆ ماوەی ٥ بۆ ٦ خولەک تەلەفونەکەی ڕاگرت. پاشان بەردەوامیی دا بە وتەکانی بۆ ئێمە. ڕووداوەکە بەم شێوەیەیە، من پێموایە سەرکردایەتی لە نزیک ئەکادیمیای کوردییە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک ئەکادیمیای تورکی تەقیوەتەوە.

دیوارەکانی ئەکادیمیای تورکی ڕووخاون، بەڵام کەس هیچی لێنەهاتووە. بە دڵنیاییەوە ڕێبەرایەتی لە دوورەوە گوێ لە دەنگە بووە. دواتر بۆی دەردەکەوێت، کە ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێدا ڕوویداوە، ئەکادیمیای تورکیایە. هەڤاڵ جومعە (جەمیل بایک) و هەڤاڵانی تر لەوێن. لەوێ بۆمبەکە دەتەقێتەوە. میت لە چوارچێوەی کاری هەواڵگریدا ئەو تیرۆرەی ئەنجام دا. ڕاستەوخۆ حکومەت ئاگاداری ئەوە نەبوو، بەڵام هەندێک بەشی نێو دەولەت ئەو کارە دەکەن. لە جەلال بوجاقەوە بگرە بۆ هەندێک کەس، گروپێکی لەو جۆرە ڕێکدەخرێت و ئەو بۆمبەیان لە دیمەشق تەقاندەوە. ئەو بۆمبەیان بۆ گوشارخستنە سەر دیمەشق تەقاندەوە. لەو سەردەمەدا تورکیا لە بەرامبەر ئێمە شکستی هێنابوو و کەوتبووە دۆخی هەڵوەشاندنەوە. ساڵانی ۱۹۹۰ سەردەمێکی وەها بوو، کە تورکیا تووشی هەموو جۆرە داڕمان و داتەپینێک بوویەوە، بۆیە نەیدەتوانی ئەم تێکۆشانە بوەستێنێت. چونکا لە بەرامبەر شەڕدا تووشی هەموو جۆرە داڕمانێک ببوویەوە. بۆیە دەیانخواست ڕێبەرایەتی لەناو ببەن و کۆتایی بەو شەڕە بهێنن. بە نزیکبوونەوەی وەک ‘ئێمە ئاپۆ لەناودەبەین و ئیدی کاریگەری پەکەکەش نامێنێت’ ڕێبەرایەتییان کردبووە ئامانج. کاتێک لەوەدا سەرنەکەوتن، ڕێگای تریان گرتەبەر. ئەو دۆخە تا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەردەوام بوو. هەڤاڵ زیلان لە دژی ئەو پیلانگێڕییەی سەر رێبەرایەتی لە دێرسم دا گەورەترین وەڵامی دانەوە. هەڤاڵ زیلان بە هەڵوێستێکی فیدایانە وەڵامی ئەو تیرۆرەی دژ بە ڕێبەرایەتی دایەوە. بە شێوەیەکی ڕوون ئاشکرا هەموو بزووتنەوەکەمان و ژنان پەیامیان نارد، کە پشتیوانی ڕێبەرایەتین و خاوەنداریی لێدەکەن، ئەمە گرنگ بوو.

لەو ڕووەوە دەتوانم بڵێم، دوای ئەو تیرۆرکردن و هێرشە بۆمبڕێژکراوە بۆ سەر ڕێبەرایەتی لە دیمەشق، لە دژی هێرشەکانی سەر بزووتنەوەکەمان مەیل و ئاڕاستەی وەڵامدانەوەی فیدایی گەشەی کرد. زیلان دەستی پێکرد. دوای زیلان، ئەمە زیاتر گەشەی کرد. ڕێبەرایەتی هەمیشە لە ئامانج دا بوو و لە ساڵی ۱۹۹٦ هێرش کرایەسەری. لە ڕاستیدا ئەمە نزیکایەتی و ڕوانگەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کورد و کێشەی کورد نیشان دەدات. لە ڕاستیدا، بە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی کوشتن لە دژی ڕێبەرایەتی، دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، دەبێت وەک هێرشێک لە دژی تێکۆشانەکەمان و لە ئەنجامی شکست و نائومێدییان دا سەیر بکرێت.

هاوبەشی :