هەپەگە ئاماری شەڕی مانگی نیسانی ئاشکرا کرد

250
0
هاوبەشی :

 

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاماری شەڕی ١ تا ٣٠ نیسانی ئاشکرا کرد.

لە راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، “گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هێزی سەرەکی پاراستنی ئیرادەی ئازادیی گەلە بندەستەکەمانن، سەرباری دژوارترین هەلومەرجیش خاکی پیرۆزی کوردستانیان بە شێوەیەکی گیانبازانە لە هێزە داگیرکەرەکان پاراست ودەیپارێزن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاسیست کە دوژمنی سوێندخواردووی گەلی کوردە، هەموو دەرفەت و تواناکانی بەردەستی بەکاردەهێنێت و هێرش دەکات. رژێمی شەڕی تایبەتی فاشیست کە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە شکستی خواردووە لە سەر بنەمای لەباوبردنی ئیرادەی ئازادی گەلی کورد درێژە بە شەڕی قێزەونی خۆی دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات خۆی لەسەر پێ رابگرێت. سەرباری ئەوهێرشانە، گەریلاکانمان کە بە گیانبازی دەجەنگن، بە قوڵکردنەوەی هێڵی بەرخودان رێگەیان بە داگیرکەران نەدا و بە بەرخودان مێژوویان نوسیەوە”.

راگەیەندراوەکەی هەپەگە بەم جۆرە بەردەوامە:

” رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست هەبوونی خۆی لەسەر لەناوبردنی گەلی کورد بونیاد ناوە و دەیەوێت بە شێوازی شەڕی چەپەڵ بگاتە ئەنجام، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن هێرشەکانی زیاتر کردووە بە هەواڵی درۆ و چیرۆکی ساختەی سەرکەوتن دەیەوێت رای گشتیی بخەڵەتێنێت و ئەنجام لە سیاسەتی شەڕ بە دەست بهێنێت. رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی تاوانکاری شەڕ لە مێردینەوە تا بۆتان، لە بۆتانەوە تا سەرحەد، لە باکووری کوردستان بە هەزاران داگیرکەر و تەکنەلۆژیای بێسنوورەوە بە دەیان جار بەمەبەستی لەناوبردن هێرشی ئەنجامداوە. سەرباری ئەوەش لەبەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە بە ئیرادەی گیانبازی خۆیان رازاندووەتەوە، ناتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی دەیەوێت.

هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ١٠٨١ جار بۆردومان کراون

سەنگەرەکانی بەرخودان لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ئەوەندەی کە هێزەکانمان دەستنیشانیان کردووە ٧٦ جار بە فڕۆکەی شەڕ، ٦١ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، ٩٤٤ جار بە تانک، تۆپ، کاتیوشا و چەکی قورس واتە بە گشتی ١٠٨١ جار بۆردومان کراون. سوپای تورکی داگیرکەر تاوانەکانی شەڕی زیاتر کردووە، هەشت جار بە چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلا. رژێمی فاشیست بە شێوەیەکی دڕندانە هەموو جۆرە تاوانێکی شەڕ و تاو دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. ئەمەش کۆتا پەلەقاژەی رژێمێکە کە لە لێواری رووخاندایە. هێزەکانمان لەو شوێنانەی داگیرکەران هێرشیان کردە سەر، بەرپەرچیان دانەوە و شەڕ هاتە ئاراوە. لەو شەڕانەدا دوو داگیرکەر کوژراون، سیستمێکی کامێرای حەراری لەناوبراوە و چەکێکی تۆپی ٥٧ تێکشکێنراوە.

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە وەک گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک سەرلەنوێ خۆیان بونیادناوەتەوە و بوونە هیوای ئازادی ژنان، گەنجان و هەموو بندەستان، بە رەنجی پیرۆزی هاوڕێیانی نەمرمان کە تا کۆتا هەناسە بە گیانبازی تێکۆشان، هیوایان بە داهاتووی ئازاد زیاتر کرد. لەو گیانبازانەمان کە لە مانگی نیساندا چوونە ریزی نەمرانەوە هاورێیانمان خەباتکار باگۆک، باگەر وان، هێژار زۆزان، رۆسیدا باوەر، ئەکین رزگار مەلازگرت و هاورێمان بۆتان گۆیی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا چوونە کاروانی نەمرانەوە و بە پیتی زێڕین ناوی خۆیان لە مێژووی بەرخودانی شکۆمەندانەی گەلەکەمان نوسیەوە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە تێکۆشانی دڵخواز گابار و گوڵجیا گاباریان وەک میرات بۆ خۆیان دەبینن و روویان لە سەرکەوتن کردووە، لە سەر رێچکەی شەهیدان و هێڵی ئاپۆیی بە شێوەیەکی بێ دوودڵی تێدەکۆشن و دۆزی ئازادی بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین”.

هاوبەشی :