کەجەدەکە – ئە: با لە ١ی ئایاردا بۆ تێکشکاندنى ئاکەپە- مەهەپە دەنگ بدەین

225
0
هاوبەشی :


کەجەدەکە-ئە بە بۆنەی ۱ی ئایار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هەمووان کرد، لە ۱ی ئایاردا دەنگ بدەن و دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە تێکبشکێنن، دەشڵێن: فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و دیکتاتۆری ئەردۆغان، بوونەتە بەڵا بەسەر مرۆڤایەتییەوە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا- کەجەدەکە- ئە، بەبۆنەى ١ى ئایار ڕۆژى جیهانى کرێکاران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەنگدان لە دەرەوەی وڵات لە ٢٧ نیسان دەستی پێکرد و لە ٩ ئایار کۆتایی پێدێت، ١ی ئایار ڕۆژی خەبات و هاوپشتیی دژ بە داگیرکاری، زوڵم و جەنگ، زیاتر مانادارتر دەبێت.

دەشڵێن، وەک گەل، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجان، باوەڕەکان، چەوساوەکان و بندەستان، پێویستە بە ئیرادە و ورەی بەرخۆدان و یەکگرتوویی ١ی ئایار بکەن بە هۆکارێک لە دژی کارەسات، کۆمەڵکوژی و داگیرکردنی مۆدێرنەی سەرمایەداری و بیکەینە هۆی بۆ یەکگرتوویی دیموکراسی.

کەجەدەکە-ئە دەشڵێن: فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و دیکتاتۆری ئەردۆغان، کە بووەتە بەڵا بەسەر مرۆڤایەتییەوە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم بزووتنەوەی ڕەنج، یەکسانی و دیموکراسیدا بووەتە گەورەترین بەربەست.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە پێش هەموو شتێک جەنگ لە جوگرافیای کوردستان و شەڕ لە ناوچەکە بەڕێوە دەبەن و ئەو شەڕەش بە ڕەنج و قازانجی زەحمەتکێشان بەڕێوەدەبات و هۆکاری هەژاریی گەلان ئەم شەڕەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێمە دەبێت لە دەنگداندا لە دژی بلۆکی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە یەکبگرین و لە هەموو شوێنێک یەکبگرین و بەرخۆدانی ئازادی لە دژی گۆشەگیری و فاشیزم زیاتر و بەهێزتر بکەین.

باسلەوەشکراوە، ئێمە لەپێناو دروستکردنی جیهانێکی ژیانی ئازاد و ئازادیی ڕەنج، بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و بەرخۆدان و خەباتی دیموکراسیم بە بەهێزی تێدەکۆشین و ئەوەش بانگەواز و داواکاریی ئێمەیە.

هاوبەشی :