دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە:

1 ـی گوڵان (ئایار)  رۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆز بێت

کرێکاران و رەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و رەنجی خۆیان 1 ی گوڵانیان کردە رۆژی  یەکێتیی، تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان. ئەم جەژنە لە ئێستادا  لە سەرانسەری دنیا وەک رۆژێکی تایبەت و واتادار  پیرۆز دەکرێت.  با رۆژی یەکی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا پیرۆز بێت.

رۆژی یەکی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی لەخۆیدا رەنجێکی گەورە و بەهادارە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازییەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیانی دەزانن.

با ئەم جەژنە لە تەواوی خەڵک و گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی و رزگاری کوردستان پیرۆز بێت.

رژێمە سەرکوتکەرەکان، هەمیشە یادی ئەم جەژنەیان قەدەغە کردووە. هەزاران لەمپەر و بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران، تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن، بەڵام خەڵکی بێ سلەمینەوە، بەردەوام درێژەیان بەخەبات و تێکۆشان و رەنجی خۆیان داوە و لە دیوی خەباتدا ئەم جەژنەیان کردۆتە حەقیقەت و ساڵانە پیرۆزیان کردووە. گەلی کوردیش هەر لە سەرەتاکانی بوونی ئەم رۆژە بە جەژن وەک جەژنی خۆی قەبوڵی کردووە و بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە ئاهەنگی گێڕاوە.

ئەمساڵ، ئێمە کورد و کوردستانیان لە دۆخێکی هەستیار و جدیدا پێشوازی لە 1 ـی گوڵان دەکەین. لە چوار لای کوردستان هێرش و پلانی دژ بە گەلی کورد بەردەوامە. دوژمنان پرۆژەکانیان گەورەن، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەژێر مەترسیی گەورەدان. بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانیەکان یەکدەنگی و  یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لەیەک سەنگەردا دژ  بەو پلانانە بووەستنەوە و پوچەڵی بکەن.

لەئێستادا لە تورکیا و باکوری کوردستان هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز لە رۆژەڤدایە. کورد لەگەڵ دۆستانیاندا لیستەیەکیان ئامادەکردووە و بەشداری هەڵبژاردن دەبن. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن. لە سەرانسەری تورکیادا پێشبینیی گۆڕانکاری دەکرێت. لەم هەڵبژاردنانەدا ئامانجی هاوپەیمانی کوردستانی شکستپێهێنانی رژێمی شەڕخواز و فاشیستە و ناردنی ژمارەیەکی زۆری نوێنەرانە بۆ پەڕلەمان.

ئێمە وەکو ک ن ک،  پشتیوانی لیستی کوردی (هەدەپە HDP – پارتی چەپیی سەوز)  دەکەین و بانگ و داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بە جۆش و خرشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.

بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین  لەهەر شوێنێک بن بەشداری لە ئاهەنگەکانی 1 ی گوڵاندا بکەن و لە دژی هێرش و پلانەکانی داگیرکەران دەنگی نەڕازیبوون و قەبوڵ نەکردن هەڵبڕن و لە تەنیشت هێزەکانی پاراستنی کوردستان جێبگرن.

ک ن ک، 1 ی گوڵان (ئایار) لە هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکات. پیرۆز بێت یەکی گوڵان، جەژنی کرێکارانی جیهان.