لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە تاران.

241
0
هاوبەشی :

بەیانىی ئەمرۆ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە ئامانجی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گەیشتە تاران.

وەزیری دەرەوە، وەزیری کارەبا، سەرچاوە ئاوییەکان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە یاوەریی لەتیف ڕەشیدیان لەم سەردانەیدا بۆ ئێران کردووە.

گوایە پرسگەلێکی وەک ئاڵوگۆری بازرگانی و وزە، پرسی ئاو و دۆخی سیاسیی ناوچەکە لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ڕژیمی ئیران تاوتوێ دەکرێت.

ئێران و تورکیا بە درووستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووبارەکان، مەترسیی گەورەیان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی باشووری کوردستان و عێراق درووست کردووە.

هەروەها پێدەچێت مژاری نیشەجێبوونی حزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکە بێت کە لەم سەردانەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

ڕژیمی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشارێکی زۆری بۆ حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هێناوە تا حزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشوور چەک بکەن و لە هەرێم دوور بخرێنەوە.

هاوبەشی :