کەجەکە جەژنی رەمەزان لە موسوڵمانان پیرۆز دەکات
کۆمیتەی گەل و ئایینەکانی کەجەکە بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە مسوڵمانان کرد لە دژی فاشیستەکان، دەسەڵاتپەرستەکان، دوژمنانی کۆمەڵگا، بازرگانانی ئایین و مەزهەبپەرستەکان تێکۆشانی هاوبەش بەرێوە ببەن.
پەیامی کۆمیتەی گەل و ئایین و باوەڕییەکانی کەجەکە بۆ جەژنی رەمەزان بەم جۆرەیە: “جیهانی ئیسلام و کۆمەڵگا مسوڵمانەکان ئەمساڵ لەناو تەنگ و چەڵەمە و دژواری زۆردا رۆژووی رەمەزانیان تەواو کرد. هیوادارین جەژنی رەمەزانی ٢٠٢٣ بۆ هەموو گەلان ببێتە مایەی دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی؛ لە نێوان گەلان و ئایینەکاندا ببێتە مایەی برایەتی، ئاشتی و یەکێتی، دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراتیک. پیرۆزبایی لە مسوڵمانانی کوردستان و سەرجەم مسوڵمانانی جیهان دەکەین بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە کە بە پەرستشی خۆیان داوای ماف، دادپەروەری، چاکە و راستی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دەکەن.
لە بارودۆخی بومەلەرزەدا پێشوازی لێدەکەن
وەک گەلی کوردستان لە قۆناغێکی دژواردا پێشوازی لە جەژن دەکەین. بومەلەرزە لە کارەساتێکی سروشتییەوە لەلایەن دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە گۆڕدرا بۆ کەرستەیەکی کۆمەڵکوژی. لەبەر ئەوەی رێوشوێنی پێویست نەگیرانەبەر بۆ گەلەکەمان بووە کارەساتێکی گەورە. حکومەت باجی کۆکراوە بۆ بومەلەرزەی لەپێاو ئامانجە چەپەڵەکانیدا بەکارهێنا، لە شەڕی دژی مرۆڤایەتی لە کوردستان خەرجی کرد؛ پێشکەشی هەموو دزەکان، بکوژان، دەستدرێژیکاران و بازرگانانی مادەی هۆشبەری کرد کە بەدەوریەوە کۆبوونەوە. دواتریش رایگەیاند ‘چارەنوسە’ و داوای گەردن ئازادی کرد. بۆ ئەوەی رووداوە سروشتییەکان نەبنە کارەسات دەتواندرێت رێوشوێن بگیرێتەبەر، دەشگیرێنەبەر. بەداخەوە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەی فاسیست کە ئایینەکەمان بەکاردەهێنێت، رێوشوێنی نەگرتەبەر و بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار مرۆڤی ئێمە گیان لەدەست بدەن و گیانیان لەدەستدا. ئەوە چارەنوس و قەدەر نییە، ئەوە کۆمەڵکوژییەکە کە بەمەبەست ئەنجام دراوە. گەلەکەمان لێپرسینەوە لە بکوژانی گەلان و بازرگانانی ئایین دەکات. گەلەکەمان لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان برینی یەکتر ساڕێژ دەکەن. گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان لە کاتی جەژنیشدا برینەکانی گەلە لێقەوماوەکەمان ساڕێژ دەکەن، زیاتر دەبنە هۆی ساڕێژکردنی برینی لێقەوماوان.
هەڵبژاردن دەرفەتێکی گەورەیە
لەپێشەوە بۆ گەلی کورد، بۆ هەموو گەلان، ئایینەکان، ژنان و گەنجان لە تورکیا دەرفەتێکی گەورە رەخساوە. بە تایبەتی بۆ گەلی کورد کە هێرشی جینۆساید و کۆمەڵکوژی دەکرێتەسەر، بە هەڵبژاردنی ئەم بەهارە قۆناغێکی پڕ لە رووداوی گەورە دێتە ئاراوە. بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، بۆ ئەوەی سوود بە کوردان، عەلەویەکان، عەرەبەکان و گەل و ئایینە جیاجیاکان بگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە قازانجی ژنان و گەنجاندا بێت دەبێت مرۆڤ زیاتر تێبکۆشێت، خۆیان بە رێکخستن بکەن و بە شێوازی سەفەربەری بەشداری لە قۆناغەکەدا بکەن. هەربۆیە قۆناغی هەڵبژاردن هەم بۆ گەلان لە تورکیا و هەمیش بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگای کوردستان قۆناغێکی گرنگە. ئەو تێکۆشانەی کە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان ٥٠ ساڵە بەڕێوەی دەبات، دەسەڵاتداری فاشیستی خستووەتە ناو قۆناغی رووخانەوە. گەلی کورد پێداگرە کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەو قۆناغە بگەیەنێتە ئەنجام.
هێندەی پەرستش خێرە
هەربۆیە دەبێت بزانرێت کە هەوڵ لەپێناو ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، تێکۆشان لەو پێناوەدا هێندەی پەرستش خێرە. هەر مسوڵمانێک لە تورکیا ئەوانەی بڕوایان بە دیموکراسی و ئازادی هەیە، دەبێت بێ دوودڵی بەشداری لەم قۆناغەدا بکەن. گەل و ئایینەکان لە تورکیا، کولتورەکان لە تورکیا چارەنوسی خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا دیاری دەکەن. لەم هەڵبژاردنەشدا پارتی چەپی سەوز بە رۆڵی خۆی یەکلاکەرەوە دەبێت.
ئەرکی مرۆڤایەتی هەموو باوەڕمەندێکە
گەلی کورد لەو رۆژەوەی ئایینی ئیسلامی ناسیوە لەگەڵیدا برایەتی ئومەتی بە بنەما گرتووە، لەگەڵ گەل و ئایینە جیاجیاکان بەردەوام لەناو هاوپشتی و دۆسیتایەتیدا بووە. بەتایبەتی لە ٥٠ ساڵی رابردوودا لە رێگەی بزوتنەوەی ئازادییەوە ئەو کولتورە زیاتر بە زانابوون، بە مێشک و پێودانگی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد بەهێزتر بووە. لە هادەپەوە تا هەدەپە و لەم دواییەشدا پارتی چەپی سەوز، پارتەکانی وەک ئەوان بەها و دەستکەوتی ئەو تێکۆشانەن، لەبەر ئەوە بە شێوازی سەفەربەری دەبێت تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێت، رێکخستن بەهێز بکرێت، باشتر کاربکرێت و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەم هەڵبژاردنەدا سەربخرێت. بەتایبەتی لە کوردستان و هەموو ئەو ناوچانەی گەلی کورد تیایدا دەژین، لە دژی مێشکی دەسەڵاتداری کە بۆ پاکتاوکردنی هێرش دەکاتە سەر کوردان، ئەشکەنجەیان دەدات، راپێچی زیندانیان دەکات و لە کەسایەتی رێبەری گەلی کورددا گۆشەگیرییان بەسەردا دەسەپێنێت، ئەرکی مرۆیی هەر باوەڕمەندێکە کە تێبکۆشێت.
جەژنە پیرۆزە لەیەکتر بکەین
دەبێت بنەماڵەی زیندانیانمان بەسەر بکرێنەوە، لەبەرزترین ئاستدا پشتیوانیان لێبکرێت. لەم جەژنەدا دەبێت زیاتر خاوەندری لە شەهیدانمان بکرێت، یادیان بکەنەوە و بە شێوەی جەماوەری سەردانی مەزاری شەهیدان بکرێت. نابێت بنەماڵەی شەهیدانمان بە تەنیا بهێڵدرێن، جەژنە پیرۆزە لە یەکتر بکەن و سەردانی یەکتر بکەن. وەک بزوتنەوە بە بۆنەی جەژنەوە لەبەردەم یادی شەهیدانماندا بە رێز و پێزانینەوە بەژنی خۆمان دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانی ئەوان تا سەرکەوتن پەرەپێبدەین.
بەتایبەتی خێرێکی گەورەیە کە سەردانی لێقەوماوان لە ناوچە بومەلەرزە لدراوەکان بکرێت و پێداویستییەکانیان دابین بکرێت. دەبێت سەردانی هەموو مسوڵمانان لە هەرێمە بومەلەرزە لێدراوەکان چ کورد، چ عەرەب و چ نەتەوەکانی دیکە بکرێت و جەژنە پیرۆزەیان لێبکرێت.
بە بۆنەی جەژنەوە ئێمە داوا لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین بە تایبەتی داوا لە مسوڵمانان دەکەین کە لە دژی فاشیستەکان، دەسەڵاتپەرستەکان، دوژمنانی کۆمەڵگا، بازرگانانی ئایین و مەزهەبپەرستەکان تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببەن. هەربۆیە جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە هەموو لایەن مسوڵمانە دیموکراتیکەکان دەکەین، کە لە هۆشمەندی پێکەوە ژیانی گەلاندان و لایەنگری یەکێتی گەلانن. سەرلەنوێ هیوای خۆمان دووپات دەکەینەوە کە جەژن ببێتە مایەی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.