دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لە ئیمراڵی نییە و وەزارەتی دادیش دەڵێت، ‘لە دەستی ئەواندا نییە’

240
0
هاوبەشی :

 

وەزارەتی دادی تورکیا لە پاساوی دەرباری گۆشەگیری لە ئیمراڵی، کە پێشکەشی دادگای دەستوری کراوە ڕایگەیاند، “مامەڵەیەکی خراپ” نەکراوە و چاوپێکەوتنەوەکانیش بەهۆکارێک کە “لە دەستی ئەوان دا نییە” ڕاگیراون.

زیاتر لە دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە.

عەبدوڵا ئۆجالان دواینجار لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ دا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا کرد بوو. لە هەمان کاتدا هیچ زانیارییەک لە زیندانییەکانی دیکەی ئیمراڵی حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆناریش نییە.

چاوپێکەوتن و دیدارەکان بە شێوەیەکی میزاجی و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕاگیراون، سەپاندنی سزای دیسپلینیش درەنگ بە پارێزەران ڕادەگەیەنرێت.

پارێزەرەکان سەردانی دادگای دەستووری (AYM)یان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە بەهۆی چرکردنەوەی گۆشەگیری و بەربەست و رێگرییەکان مامەڵەی خراپ لەگەڵ موەکیلەکانیان کراوە.

لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، نوسینگەی یاسای ئاسرین دەیان جار سەردانی دادگای دەستووریی کردووە و سکاڵای لە دژی پێشێلکارییەکان لە ئیمراڵی تۆمار کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، دادگای دەستووری لەبارەی سکاڵاکانەوە، لەسەر ٢٣ سکاڵایان داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتی داد کردووە.

وەزارەتەکەش سەبارەت بە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ پارێزەران، سزای دیسپلینی بنەماڵە، مافی قسەکردن و پەیوەندی بە تەلەفۆن، قەدەغەکارییەکانی سەردەمی باری نائاسایی (OHAL) و زۆرێک لەو بابەتی لەو شێوەیە ڕوونکردنەوە و بۆچوونی خۆی  پێشکەش بە دادگای دەستووری کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، دادگای دەستووری لەبارەی ٢٣ سکاڵایانەوە داوای بۆچوون و ڕوونکردنەوە لە نووسینگەی یاسایی ئاسرین کردووە.

وەزارەت لە ۲۴ی ئازاردا، بۆچوونێکی پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد، کە تیایدا ئاماژە بەوە کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە گۆشەگیریی سەر ئیمرالی دا ‘مامەڵەیەکی خراپ نەکراوە’.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، خراپ مامەڵەکردن ‘بەگوێرەی کەسەکان دەگۆڕێت’، بڕیارەکانی سەبارەت بە ڕێگریکردن بەبیرهێنایەوە و گۆشەگیریی بە شتێکی ‘سووک’ زانیوە و ڕایگەیاند، هیچ “مامەڵەیەکی خراپ” لە ئیمراڵیدا نییە.

وەزارەتەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، مافی چاوپێکەوت لەگەڵ بنەماڵە، پارێزەران، تەلەفۆن و وەرگرتن و ناردنی نامە بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتەکە سەرنجی خستە سەر ئەنجامنەدانی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بنەماڵەکان و پارێزەران و وتی، “لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و داواکانی تر بۆ چاوپێکەوتن لە هەمان زیندان دا، لەبەر هۆکارگەلێک، کە لە دەستی ئێمە دا نین ڕێگرییان لێدەکرێت و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی بەهێز  بارودۆخێکی گونجاوە…”.

لە وەڵامی وەزارەتی داد دا لەبارەی ئەو ‘هۆکارانەوە، کە لە دەستی ئەوان دا نییە’ هیچ شتێکی ڕوون نەکردووەتەوە.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بەهۆی بارودۆخێکی “میزاجییەوە” نییە، هۆکاری ئەوەشی وەک قەدەغەکردنی داوای چاوپێکەوتنی پارێزەران پاساو بۆ هێناوەتەوە.

هەروەها دوای ئەوەی وەزارەت بۆچوونی خۆی پێشکەش کرد دادگای دەستووری لە ۳ی نیسان دا داوای لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسای ئاسرین کرد ئەوانیش بۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن.

پارێزەران تاوەکو ١٨ نیسان بۆچوونی خۆیان لەسەر ٢٣ کەیس و سکاڵا پێشکەشکرد و ئاماژەیان بەوە کرد، پاسا و ئارگۆمێنتەکانی وەزارەت سەبارەت بە ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران، ڕاست نین.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، پارێزەران سەرنجیان خستوەتە سەر بڕیارەکەی بن عەلی – لیبیا لە لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاماژەیان بەوە کردووە، پێوەر و یاسای قەدەغەکردنی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتنی خێزانەکان و پارێزەران پێشێلکراوە. ئەوەشیان بە ‘ دابڕاندن لە دونیای دەرەوە – necommunicado’ پێناسەکردووە

پارێزەرەکان ئەوەشیان ڕایانگەیاندووە، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی وەزارەت، پێویستە داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی ماددەی ۱۷ی دەستووردا جێبەجێ بکرێت (چونکا قەدەغەکردن مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە).یە.

پارێزەران سەرنجیان خستە سەر یاسا نێونەتەوەیی و نەتەوەییەکان و ڕایانگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا مافەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و موەکیلەکانی دیکەیان زەوتکراون.

پارێزەران جەختیان لەوە کردەوە، دروستکردنی شەرت و مەرجێک بۆ ئەوەی بەرگری و بەرخودانی جەستەیی و ئەخلاقیی مرۆڤێک تێکبشکێنن، پەیوەندییان بە قەدەغەکردنەوە هەیە و ئەوە “مامەڵەی خراپ”، کە ئەو مامەڵە خراپە بوونی هەیە.

ماوەی چەند ساڵێکە دادگای دەستووری وەڵامی سکاڵا و داواکارییەکانی پارێزەرەکانی نەدەدایەوە و نازانرێت ئەو سەردان و سکاڵایانەی ئەمدواییە کەی وەڵامیان دەدرێتەوە.

 

هاوبەشی :