دەسەڵات و حەقیقەتی شۆڕشی پێغەمبەران

275
0
هاوبەشی :

نوسینی: هەرێم مەحمود سەمەن

نوێگەری هزری یەکێکە لە هەرە سەختترین ئەو کارانەی کە مرۆڤ دەیکات،پێغەمبەرانیش لەم بوارەدا پێشەنگ بوون،باجی قورس و گرانیان داوە، بە ئاگر، بە ئاو بە دەرکردن و بەلەخاچدان و بە سوکایەتی ، بە برسیکردن هەوڵدراوە بێ کاریگەر و نامۆیان کەن.
لەبەرامبەر ئەواندا ، زاڵم هەبوون ، بەرامبەر هەر پەیامبەرێک نەمرودێک یان فیرعەونێک هەبووە، ئەمانە دەسەڵات بوون و ئەم نوێگەریە لە دژی ئەوان بووە.
هەموو هەوڵێکی پەیامبەرانیش بۆ بە ئاگاهێناوەو ڕۆشنبیرکردن و تێگەیاندنی کۆمەڵگاکان بووە.لە قۆناغێکدا کە کۆمەڵگا لە هەرە خراپترین ڕەوشدابوون ئەوان هاتوون پێشەنگایەتیان کردووە بۆ دەربازکردنیان، سەرەتا لە ڕووی هزریەوە پاشان ئاواکردنی سیستەمی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ژیانکردنی کۆمەڵگا،دەسەڵات هەوڵی بێ ئاگاکردن و پێگۆتکردنی کۆمەڵگای داوە، بەپێچەوانەشەوە پێغەمبەران هەوڵی بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگایان داوە، هەر پێغەمبەرێک میکانیزم و شێوازی جیاوازی هەبووە،بەڵام یەک ئامانجی جەوهەریان هەبووە، ئەویش وەک ئەوەی پپێغەمبەر محمد دەڵێ(وانما بعثت لاتمم مكارم الاخلاق) واتا هەرکاتێ بەها ئەخلاقیەکان لاوازبوون، پێغەمبەرێک هاتووە بۆ بەهێزکردنی .ئەو بەهایانەش بەردەوام کاریگەربوون بە چاندی کۆمەڵگاکان، ڕەفتارە بەردەوامەکان بە باش یان خراپ بووە بە چاند و کەلتوری ئەو کۆمەڵگایانە.هەر بۆیە بەهاکانیش بەپێی کات کاریگەر بوون بەوانە..
لەبەرامبەردا دەسەڵات بە میکانیزمی جیا هەوڵیداوە ئەو بەهایانە لاواز بکات،لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەمە بەڕوونی دەبینین، شەڕی تایبەت ئامرازێکی هەرە کوشندەی دەسەڵاتە بەرامبەر بە کۆمەڵگا،پووچەڵکردنەوەی پێویستی بە تێگەیشتنی تەواو هەیە لە مێژووی دەسەڵات و مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی.لەمەدا پێغەمبەران تووانیویانە پێشەنگ بن..
پێغەمبەر ئیبراهیم کاتێ بتەکان دەشکێنێ لەخۆڕا نەبووە، چونکە ئەو کاتە دەسەڵات کۆمەڵگای بە کڕنۆشبردنەوە سەرقاڵ کردووە، سەرەڕای ئەوەش چەندین خوداوەندی جیای درووستکردووە بۆ ئەوەی خەڵکی خوداکانیشیان جیاواز بێت و یەک خودایی کە مانای یەک قیبلەیی دێ دەبووە هۆی هاتنەلای یەکی کۆمەڵگا و بەهێزبوونی هێزی بەرگریان . هەربۆیە دەسەڵات بە فرەخوداوەندی کۆمەڵگای لەیەکتر دابڕی، بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگاش پەرەستگای گەورە هەبوو کە خوداوەندی هەر بنەماڵە و هۆز و تیرەیەک لەشێوەی پەیکەر لەوێدا دانرابوون،بەڵام بابەتی جەوهەریەکە فرەخوداوەندیەکە بوو،کە دەسەڵات لەڕێیەوە کۆمەڵگای بێهێزکردبوو،پەرستگاکەش بۆ پەردەپۆشکردن و بێ ئاگاکردنی خەڵک بوو.!
پێغەمبەر ئیبراهیم هەر لەسەرەتای شکاندنی بتەکانەوە خەڵکی لێی بە جواب هاتن…پێغەمبەر ئیبراهیم ووتی ؛
ئەمە خودای ئێوە نیە ئەمانە بێ گێانن و هێزیان نیە!
ووتیان ئەی خودای ئێمە کێیە؟؟ ووتی یەک خودا هەیە!( وەک لە پێشدا ووتمان ،یەک خودایی واتا یەک قیبلەیی بۆ کۆمەڵگا و بەهێزبوونی).
ووتیان ئەی لە کوێیە؟؟ ووتی لەسەر ئەرز نیە و لە ئاسمانە!
( لە باوەڕی مێزۆپۆتامیایی ، مەنزڵگەی دووایی مرۆڤەکان لە ژێر زەویدا بوو، حەوت تەبەقە بوو، بەپێی کاروکردەی مرڤەکان پێگەیان لەو شوێنەدا دیاری دەکرا ، حەوت دەرگای هەبوو، مرۆڤەکان پێیدا تێپەڕ دەبوون، دوواتر شوێنی خۆیان دەگرت، لەبەر ئەوەی ئەم شوێنە دەستی مرۆڤەکانی پێ دەگەیشت هەر بۆیە موداخەلەکردنی لەڕێی خوداوەندەکانەوە ئاسان بوو، مرۆڤەکانیش زۆر بە ئاسانی دەتووانن خوداکانیان وەک خۆیان لێ بکەن) هەر بۆیە پێغەمبەر ئیبراهیم سەرەتا خودای لە مرۆڤەکان پاراست و بە تێگەیشتنی خۆی بەرزیکردەوە بۆ جێگایەک کە دەستی مرۆڤ پێی نەگات و نەتووانن لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن و نەتووانن بەپێی پێویستی خۆیان پەیکەری بۆ داتاشن،هێزی هزری پێغەمبەر ئیبراهیم لەمەدا دەرکەوت و تووانی بۆ ماوەیەک خودا لەدەستی مرۆڤەکان بپارێزێ.بۆ ئەوەی خودایەک بێت کە هێزوئیرادەو توواناو بەهای مرۆڤەکان بپارێزێت و نەمروودەکان نەتووانن گورز لە کۆمەڵگاکان بدەن..
لەبەرامبەر ئەمەشدا نەمروود بە ئاگر وەڵامی ئەو هەوڵە هزری و تێکۆشانە سەختەی پێغەمبەر ئیبراهیم دەداتەوە!
بەڵام چونکە پێغەمبەر ئیبراهیم ئیتر تێگەیشتبوو و کەسایەتی خۆی بەو تێگەیشتنە بەهێز کردبوو، ئاگر نەیتووانی لاوازی کات……
پێغەمبەرانی تریش بۆ هەمان مەبەست تێکۆشاون و سەختیان کێشاوە،ڕێبازی پێغەمبەر ئیبراهیمیان بەردەوام کردووە و میکانیزمی نوێیان بۆ بەئاگاهێناوەی کۆمەڵگا بەکارهێناوە، دەربەدەرکراون ، نامۆ کراون، بوهتان و تاوانی دونیا دراوەتە پاڵیان هەمووی لەپێناوی ئەوەی کە نوێگەری هزری نەکەن و هەوڵ نەدەن بۆ بەئاگاهێناوەی کۆمەڵگا…
ژمارەی پێغەمبەران ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە خودی کۆمەڵگاش لە دەسەڵات بەتەواوەتێ تێنەگەیشتوون و دوواتر بە عەقڵیەتی دەسەڵات کاریگەربوون و بوون بە بەشێک لە دەسەڵات، هەروەک چۆن لە جەزیرەی عەرەبی لەنێوان خۆیان و خودا نێوەندگیریان دانا و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنا…
لەم قۆناغەشدا پێغەمبەر محمد دەرکەوت و تووانی بە ئیجتیهاد و هەوڵی بەردەوام زاهیدانە نوێگەری هزری بەرپا بکات.دەربەدەر کرا نامۆ کرا ، چەندین کەسی دەسەڵاتخواز دەوریان گرت، تەنانەت لە ئایەتێکدا ئەمە بە زەقی دەبینرێت( ومن حولک من المنفقین) واتا لەوانەی دەوروبەرت کە مەبەستی سەحابەکانە مونافیق هەن!
کار گەیشتە ئەوەی ژەهرخواردی بکەن و تیرۆری کەن!
پێغەمبەر موحەمەد هەرە پێشەنگە بە ئەخلاق و ڕاستگۆکان بووە، مەسیحی بووە، شەش ساڵ لەلایەن حەلیمەت و لسەعدیە وە پەروەردە کراوە، دوواتر تا تەمەنی چل ساڵی خادمی کڵێسا و قوتابی قەشە، وەرەقەی کوڕی نەوفەل بووە، ئامۆزای خەدیجەی هاوژینی بووە، حەزرەتی خەدیجە ژنێکی پێشەنگ و بەتووانا و تێگەیشتوو بووە، بازرگانێکی گەورە و دونیابین بووە،لەنێوان ووڵاتاندا گەڕاوە، لەسەر دینی مەسیحیەت مێرد بە پێغەمبەر دەکات و لە کڵێسا مارەی دەکات.تا خەدیجەش مابوو ، پێغەمبەر بەهێز بوو..پشت و پەنای پێغەمبەر بوو…پێغەمبەر تا ئەوڕۆژەی کە وەفات دەکات پاروویەک نان بە بێ هاوڕێکانی خەدیجە نەخواردووە، چونکە پێغەمبەر وەفادار بووە.(لێرەدا دەسەڵات بۆ بێکاریگەرکردنی پێغەمبەر هەوڵ دەدەن بەهۆی ژنەوە لێی نزیکبنەوە و هەریەکەو بەبیانوویەک کچی خۆیان دەدەن بە پێغەمبەر،بۆئەوەی کۆنترۆڵی کەن و لەدوواییشدا بینیمان هەر ئەوانە دەسەڵاتیان گرتە دەست) تا ئێستاش شوێنکەوتەی ئەوانە بوهتان دەدەنە پاڵ پێغەمبەر بۆ بەرژەوەندی خۆیان…
پیرۆزی مرۆڤەکان لە کردەوەکانێاندایە، هەرکاتێ کردەوەی خراپ بوو لەپیرۆزی دەکەوێت ، دەسەڵات ئەم شتەی باش زانیوە، هەر بۆیە بەو شێوەیە دونیاێەک تاوانیان خستۆتەپاڵ پێغەمبەر، بۆ نموونە بەوەی کە عائیشەی بە منداڵی خواستووە، یان شەوی چل جار جووت بووە، یان زۆر درۆ و تەشهیری تر کە کاتێک مرۆڤ قوڵدەبێتەوەو تێدەگات دەزانێ کە هەموو ئەوانە ڕاست نین بەڵکو تەنها بۆ لێدانە لە کەسایەتی پێغەمبەڕ و بێکاریگەرکردنی ڕۆڵی گەورەیەی ئەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی…
لە ڕاستیدا ئەم بابەتە زۆر لق و پۆپی لێدەبێتەوە، بەڵام هەوڵمدا بە کورتی تێگەیشتنێک لای ئێوە درووستکەم،لەسەر سەختی ژیانی کەسایەتی پێشەنگ و ئەو هێرشانەی لەسەریانە و ڕۆڵی پێغەمبەران لە مێژوودا..
هیوادارم کە خۆتان بتووانن لێکدانەوە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ بکەن لەسەر ڕۆشنایی تێگەیشتنتان لە ڕوداوەکانی مێژوو و ڕۆڵی دەسەڵات لە تێکدانی کۆمەڵگاو شۆڕشی پێغەمبەران و شەڕی تایبەت..

تێبینی؛
گەیشتن بە حەقیقەت لە ڕووانگەی عەقڵیەتی دەسەڵاتەوە بەمانای کافربوون دێت و هەزاران و ملیۆنان کەس لەو ڕێگایەدا گیانیان بەختکردووە..

هەرێم مەحمود سەمەن

٢٨ ی خاکەلێوە(مانگی یەک) ی ٢٧٢٣

هاوبەشی :