لە شەنگال کۆنگرەی خۆبەڕێوەبەری دەستیپێکرد

280
0
هاوبەشی :

 

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال حەسۆ براهیم لە پێنجەم کۆنگرەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا رایگەیاند، “رێککەوتنی ٩ی تشیرینی یەکەم بە هەڵوێستی گیانبازانەی کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلانی عەرەب شکستیپێهێندرا”.

کۆنگرەی پێنجەمی خۆبەڕێوەبری شەنگال بە دروشمی “بە رازاوەیی نیسان شەنگال ئاوەدان دەکەینەوە، خۆبەڕێوەبەری مسۆگەر دەکەین” لە ناوچەی سنونێی شەنگال دەستیپێکرد. کۆنگرەکە لەسەروبەندی جەژنی چوارشەممەی سوور سازدەکرێت و پەیامی نوێکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال رادەگەیەندرێت.

نوێنەرانی رێکخراو و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری، نوێنەرانی کۆمەڵە ئایینی و باوەڕییەکانی شەنگال، هێز و لایەنە سیاسیەکانی شەنگال بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هەروەها لە دەشتی نەینەوا، سلێمانی، بەغدا و ئەوروپاوە ٣٥٠ نوێنەر و ١٠٠ میوان، واتە گشتی ٤٥٠ کەس بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هەروەها بنەماڵەی پێشەنگی کۆمەڵگای ئێزدی مام بەشیریش لە کۆنگرەکەدا ئامادەن.

‘قوربانی گەورە دران’

کۆنگرەکە کە رۆژێک دەخایەنێت، بە بەخێرهێنانی میوانان و رێزگرتنی لە سەرجەم شەهیدانی شەنگال دەستیپێکرد و دواتریش هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال حەسۆ براهیم وتاری کردنەوەی کۆنگرەکەی پێشکەش کرد.

حەسۆ لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە لە کۆنگرەی چوارەمەوە تا ئەم کۆنگرەیە لە پێناو پاراستن و بەرەوپێشبردنی خۆبەڕێوەبەری تێکۆشانی گەورە ئەنجامدراوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: “لە قۆناغی رابردوودا زۆر کەسی رێزدار و شکۆمەند کە هەریەکێکیان وەک بەردێکی چیای شەنگال بوون، رووبەڕووی هێرشی دوژمن بوونەوە. فەرماندە و پێشەنگانی کۆمەڵگای ئێزدی سەعید حەسەن، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل (دژوار فەقیر) لەلایەن دوژمنەوە کرانە ئامانج. بەو هێرشانە ویستیان ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە. دوای ئەو هێرشانە هاوڕێ ئەنوەر و ئازاد کرانە ئامانج. لە ئەنجومەنی گەلی سنۆنێ هاوڕێ ئیبراهیم و منداڵی ئیزدی سەلاح شەهیدبوون. لەم دواییەشدا فەرماندەی ئازا و نەترسمان پیر چەکۆ و ئاگر جەفەری تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون. یەک لە دامەزرێنەرانی ئاسایشی ئێزدخان فەرماندە شێرزادیش چووە کاروانی شەهیدانەوە. هەموو ئەو هاوڕێیانە بەشدارییان لە کۆنگرەی چوارەمدا کردبوو. ئێمە رێز و پێزانینەوە یادیان دەکەینەوە”.

‘بەرخودان رێگریی لە رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کرد’

حەسۆ براهیم هەروەها سەرنجی راکێشا بۆ سەر رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک، پەدەکە و حکومەتی کازمی واژۆکرابوو، بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: “فەرمان لە ژێرناوی یاسا، رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، ویستیان لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە فەرمانمان بەسەردا بسەپێنن. لەسەر ئەو بنەمایە چەندین هێرش کرایە سەرمان. بە شێوەیەکی گیانبازی دایکان، ژنان و بەتەمەنەکان، هەموو کۆمەڵگای ئێزدی و گەلی عەرەب خۆڕاگرییان کرد و رێگرییان لەو رێککەوتنە کرد”.

براهیم لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە سیستمی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە رەنج و تێکۆشانێکی گەورە گەیشتووەتە ئەمڕۆ و وتی، ” تائەمڕۆ خۆبەڕێوەبەریمان لەسەر پێڕاگرتووە و لەمڕۆش بەدواوە درێژەی پێدەدەین. لەرێگەی ئەم کۆنگرەیەوە دەمانەوێت پێشەنگایەتی خۆمان بەهێز بکەین. هەنگاوی نوێ و بەهێز هەڵبگرین. ئێمە ئەمڕۆ کۆنگرە هەڵدەبژێرین. ئێمە لە سەروبەندی جەژنی سەری ساڵی نیسان و سەرەتای ساڵی نوێداین. ئێمە تا کۆتایی لە سەر بنەمای بیر و بڕوامان رێدەکەین، کەس لە ئێمە لە ماڵی خۆی بە بێ کاری و دەستەوەستانی دانانیشێت”.

کارنامەی کۆنگرە

کۆنگرەکە کارنامەیەکی تێر و تەسەلی هەیە. لە کۆنگرەکەدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال کە لە ١٠١ ئەندام پێکهاتووە هەڵدەبژێردرێن. دوای نوێکردنەوەی ئەنجومەنی گەل، هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال و دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال هەڵدەبژێردرێن. یاخود لە رێگەی ئەم کۆنگرەوە هەم ئەنجومەن و هەمیش بەڕێوەبەری نوێدەکرێنەوە.

 

هاوبەشی :