لە هێرشەکەی قامیشلۆدا باران نسێبین شەهید بوو
یەپەگە رایگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قامیشلۆ باران نسێبین کە بە شێوەیەکی چالاک لە تێکۆشانی کۆبانێ تا منبج، لە رەقاوە تا دێرەزور لە دژی داعش بەشداری لە شەڕدا کردبوو، شەهیدبوو.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند، کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەدژی ئۆتۆمبێلێک لە شاری قامیشلۆ محەمەد ساری (باران نسێبین) شەهیدبووە. یەپەگە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و خەڵکی نسێبین کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە ١٤ی نیساندا کاتژمێر ٠١:٤٥ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئۆتۆمبێلێکی لە سەر رێگای حیزامی قامیشلۆ لە نزیک دەروازەی نسێبین بۆردومان کردووە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەڤاڵمان باران نسێبین شەهید بووە.
هەڤاڵمان باران خەڵکی ناوچەی نسێبینی مێردین و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا هاتووەتە دنیاوە. ناوچەی نسێبین لە مێژوویی تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا بەردەوام گۆڕەپانی بەرخودان بووە و خەڵکەکەمان لە نسێبین بە کولتوری بەرخودانەوە بە ناوبانگن. هەرلە سەرەتای شۆڕشی رۆژئاواوە وەک زۆر گەنجی دیکەی هەر چواربەشی کوردستان هاوڕێمان بارانیش بووە یەک لەو جوامێرانەی بەشداری لە بەرخودانی کۆبانێدا کرد. دواتر لە کۆبانێوە تا منبج، لە رەقاوە تا دێرەزور لە دژی داعش شەڕی کرد و لە ناو هێزەکانی ئاسایش، قەسەدە و یەپەگەدا کار و خەباتی کرد، لەم دواییەشدا لە کاری دروستکردنی کەلوپەلی سەربازیدا بەشداربوو و بە ژیری و زانایی خۆی بەهای زۆری ئافراند.
ئەوەی داعشی لەسەر زەوی شکستدا و خستیە ژێر زەویەوە گیانی بارانەکان و بە هەزاران شەهیدی ئێمە بوون. دەبینە رێبوار و شوێنکەوتووی نەمرانمان و ئاڵای رزگاری کە ئەوان شەکاندوویانەتەوە دانانەوێت و بە سەرکەوتن تاجدار دەبێت. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژا و بەڕێزی شەهیدەکەمان و خەڵکی مێردین و تەواوی خەڵکی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.
ناسنامەی شەهیدەکەمان بەم جۆرەیە:
ناسناو: باران نسێبین
ناو و پاشناو: محەمەد ساری
ناوی دایک: شەریفە
ناوی باوک: محەمەد ئەمین
کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤ی نیسانی ٢٠٢٣- قامیشلۆ”