لەتیف شێخ مستەفا
بەگوێرەی بریاری دەستەی ناوبژیوانانی سەربەژوری بازرگانی پاریس بێت کە تازە بلاو بۆتەوە« ٢٧٧ » لاپەڕەیە، تورکیا پێش وەخت تەڵەی بۆ ھەرێم ناوەتەوە.
دیارە بابەتی رێککەوتنی ھەرێم و تورکیا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم بریاری شەوڕۆژێک نەبوەو پێشتر چەندین ساڵ بوە ئامادە كاری بۆ کراوە بەدلنیاییەوە ھەر لەسەرەتاکانی دەست پێکردنی ھەرێم بە پرۆسێسی گەڕان بەدوای نەوت و دۆزینەوەی و دواتر دەرھێنان وبیرکردنەوە لە ھەناردە کردنی ، کە دەبێ لەرێی تورکیاوە بێت.
ئەوەیش دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی سەرەتای دوای روخانی رژێمی سەدام و بەتایبەتیش لەسالی ٢٠٠٧ ەوە .
ھەرێم «یان وردتر چەند کەسێک لەھەرێم » وە تورکیا رێک کەوتون کە لە دیوی تورکیاوە نەوتی ھەرێم لەرێی بۆریەکانی عێراقەوە ھەناردە بکرێت بۆ بەندەری جەیھان بۆ بازاڕ کردن ئەو بۆریانە بۆ یەکەم جار و دوای بریاری خۆماڵی کردنی نەوت لەلایەن عێراقەوە، لەسالی ١٩٧٣بەگوێرەی رێک کەوتنیک لە ٢٧ ئابی ساڵی ١٩٧٣ دروست کراون، بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک.
ئەو رێککەوتنە چەند پرۆتۆکۆڵی پاشکۆو رێک کەوتنی تری بەدوادا ھاتوە لەسالەکانی ١٩٧٦ و ١٩٨٠ و١٩٨١ و ١٩٨٥ و ١٩٩٦ لە ھیچیاندا بەزەقی باسی ئەوەی نەکردوە کە دەبێ ئەو بۆریانە تەنھا بۆ ھەناردەی نەوتی عێراق بەکاربھێنرێ بە گوێرەی رێنمایی وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵام لەساڵی ٢٠١٠ «سەرنج بدەنە بەروارەکە» تورکیاو ھەرئم رێکدەکەون لەسەر ئەوەی کە بەرێککەوتننامەیەکی نوێ، رێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٣ ی نێوانیان ھەموار بکەن و چەند برگەو مادەیان ھەموار کردوە، کە وەک ئەوە وایە تورکیا خۆی ئامادە بکات بۆ دوای رێککەوتنی لەگەل ھەرێم سەبارەت بە ھاناردەی نەوت بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامەیەی ساڵی ٢٠١٠ کە بە ئیمزای سەرۆک کۆماری عێراقی ئەوساش « جلال حسام الدین تاڵەبانی» دەرچوە، کە رێککەوتننامە کۆنەکەی ھەموار کردۆتەوە و ھەندێ مادەو برگەی تازەی بۆ زیاد کردوە کە لە کۆنەکەدا نەبون لەوانە مادەی ٢ ی کە دەڵێ دەبێ ئەو بۆریانە تەنھا بۆ ھەناردەی نەوتی عێراق بەکار بھێنرێن و بە گوێرەی رێنمایی وەزیری نەوتی عێراق و وە ئەگەر بریار بێ رێگا بدرێ بە «لایەنی سێیەم» نەوتی پێدا ھەناردە بکات – کە دیار نیە ئەو لایەنی سێیەمە کێیە- بەلام بەدلنیاییەوە ھەر مەبەستیان ھەرێمە، ئەوە لەو حاڵەتە دەبێ بە ڕێککەوتنی ھەردو لایەنی عێراقی و تورکی بێت کە ئەمەش جێی گومانە لە کاتێکدا تورکیا لە ژێرەوە لەگەل ھەرێم تاوتوێی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کردوە لەرێی بۆریەکانی عێراقەوە بە تاکلایەنانەو بەدزی عێراقەوە و بەبێ رەزامەنی ئەو، کەچی لەھەمان کاتدا ، رێککەتننامەکەی لەگەل عێراق ھەموار دەکاتەوەو ئەو برگەیەی بۆزیاد دەکات کە دەبێ ئەو بۆریە تەنھا بۆ ھەناردەی نەوتی عێراق بەکاربھێنرێ و بەگوێری رێنمایی وەزارەتی نەوتی عێراق،وە نابێ بەبێ رەزامەندی عێراق رێگا بدا بەلایەنی سێیەم نەوت بەو بۆریانەدا ھەناردە بکات
ھەروەھا لەرێکەوتنەکەی ساڵی ١٩٧٣ و دواتریش باسی ئەوەیان نەکردوە ئەگەر کێشە کەوتە نێوانیان و بۆیان چارەسەر نەکرا پەناببەنە بەر دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەلام لەرێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٠ لە مادەی ١٠ ئەوەشیان بۆ زیاد کردوە،« چونکە بۆ پەنابردنە بەر دەستەی ناوبژیوانی پاریس دەبێ ھەردوولایەنی کێشەکە رازی بن کێشەکەیان ببەنە بەردم ئەو دەستەیە ئەمەش دەریدەخات کە تورکیا لەو کاتەدا کەویستویەتی لە گەل ھەرێم رێککەتن بکات بۆ ناردنی نەوتی ھەرێم بەبۆریەکانی عیراقدا بێ رەزامەندی عێراق، لەھەمان کاتدا ، لەگەل عێراق زیاتر خۆی شەتەک داوەو خۆی پابەند کردوە،ئەمەش لە کلاوێکی یاسایی دەچێت کە تورکیا خستویەتیە سەر سەری بەرپرسانی ھەرێمچونکە بریارەکەی دەستەی ناوبژیوانی پاریس بە ئاستێکی زۆر پشتی بەو ھەموارەی ساڵی٢٠١٠ بەستوەو بەتایبەتی لە خاڵانەی کە بەقازانجی عێراق بریاری داوە.
کورد دەمێکە وتویەتی بەردێک نەزان بیخاتە گۆمە ئاوێکەوە، بەھەزار مەلەوان دەرناھێنرێتەوە ساڵی ٢٠١٣ کە حکومەتی ھەرێم کۆبونەوەی لەگەل سەرۆکی فراکسێۆنەکانی پەرلمانی عێراق و کوردستانیش کرد سەبارەت بەھەناردەی نەوت لەرێی تورکیاوە، من بە حزوری ٤٠ بۆ ٥٠ وەزیرو پەرلەمانتارو راوێژکارو سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران کۆمەلێک پرسیارم کرد داوای رونکردنەوەم کرد ،یەکێک لەوانە وتم کێ دەلێ ئەمە تەڵە نیەو تورکیا بۆی نەناوینەتەوەو لە نیوەی رێگا وازمان لێناھێنێ، جوابی موقنیعی پێ نەبوو ، بەلام ئێستا بۆم دەرکەوت کە وابوە.