بەڵگەفیلمی نوێ: رۆژئاوا، کورد، دەوڵەتی تورک و داعش

275
0
هاوبەشی :

 

بەڵگەفیلمی “رۆژئاوا، کورد، دەوڵەتی تورک و داعش” لەبارەی هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ چەتەکانی داعش و بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی داعش لە کەناڵی دەبڵیو دی ئاڕی ئەڵمانی پەخش دەکرێت.

دەرهێنەر کاوە ئەکراوی و رۆژنامەوان گوڵان ئەکراوی بۆ بەدواداچوونی دۆخی ناوچەکە سەردانی رۆژئاوا/باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایان کرد. گوڵان ئەکراوی باسی لەوەکرد کە کارەکانی وێنەگرتن لە ئەیلولی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە.

کاوە ئەکراوی تیشکی خستووەتە سەر هاوکاری نێوان دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش و مەترسییەکانی ئەو هاوکارییە. لە بەڵگەفیلمەکەدا دەرهێنەر سەرنجیش بۆ سەر بەرخودانی ژنانی کورد و قەسەدە رادەکێشێت.

گوڵان ئەکراوی ئاماژەی بەوەکرد کە کە لە بەڵگە فیلمەکەدا هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە رێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیەوە کە راستەوخۆ مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج راوەستەی لەسەر کراوە.

لە بەڵگەفیلمەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە زیاتر لە ٤ ملیۆن مرۆڤ لە رۆژئاوا دەژین و ژیانی گەلان لەوێ راستەوخۆ لە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعشدایە.

لە بەڵگەفیلمەکەدا هەروەها هێما بۆ مەترسییەکانی زیندانەکان و کەمپەکانی راگرتنی ئەندامانی داعشیش دەکرێت. لە بەڵگە فیلمەکەدا باس لەوە دەکرێت کە ١٢ هەزار چەتەی داعش زیندانی کراون و ٥٠ هەزار لە کەسوکار و بنەماڵەی چەتەکانیش لە کەمپەکاندا دەژین.

بەڵگە فیلمەکە بەدوای وەڵامەوەیە بۆ ئەم پرسیارانە: رۆژئاوا چۆن دەتوانێت بەرامبەر بە هەڕەشەی دەوڵەتانی دراوسێ و سەرلەنوێ خۆرێکخستنەوەی داعش خۆی بپارێزێت؟ بۆ راگرتنی چەتە ئیسلامییەکان و سەرلەنوێ گەڕاندنەوە و پەروەردەکردنەوەی منداڵان پێویستی بە گرتنەبەری چ هەنگاوێک هەیە؟

بەڵگەفیلمەکە ١٢ی نیسان کاتژمێر ٢٢:١٥ لە کەناڵی دەبڵیو دی ئاڕی ئەڵمانییەوە پەخش دەکرێت.

لینكی فلیمەكە

https://1649452211.rsc.cdn77.org/2023/04/2023-04-12-rojava-belgesel-tanitim-1.mp4
هاوبەشی :