ئیڤان فایه‌ق وه‌زیرى كۆچ‌و كۆچبه‌رانى عێراق: “پارتی دەنگی ئاوارەكانی قۆرخكردوەو لەجیاتى ئەوان دەنگده‌دات

255
0
هاوبەشی :

ئیڤان فایه‌ق وه‌زیرى كۆچ‌و كۆچبه‌رانى عێراق له‌دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا رایگەیاند”پارتی دەنگی ئاوارەكانی قۆرخكردوەو لەجیاتى ئەوان دەنگده‌دات، هاوكات ڕێكخراوی خێرخوازیی بازرانیی دەستی بەسەر كه‌مپی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستاندا گرتوە، ئێمه‌ش وه‌ك عێراق هیچ دەسەڵاتێكمان بەسەر كه‌مپی ئاوارەكاندا نییەو بەشێك لەئاوارەكان ته‌نانه‌ت ڕوبەڕوی فشار بونه‌ته‌وه‌ “.

وه‌زیره‌ عێراقیه‌كه‌یە ڕاشیگه‌یاندوه‌،”داوا لەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتى‌و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت ده‌كه‌م پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بەئاوارەی كه‌مپەكانی پارێزگاری هەولێرو دهۆك ڕابگیرێت، هەروەها ئەوكەسەشی بەرپرسە لەكه‌مپەكانی هەرێم وەزارەتی ناوخۆیە، ئیدارەی ناو كەمپەكانیش لەلایەن ڕێكخراوی بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت، ئه‌م پێشێلكاریانه‌ ڕابگرن”.

ڕۆژان حەمە ڕەش، ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لەڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەبەوەدەکات پارتی لە ڕێگەی حكومەت و نوێنەرایەتیەکان و وەزارەتی ناوخۆ، ڕێگە نادات ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان، چونكە بازرگانی بە دەنگەكانیانەوە دەكات. پێشبینی دەكرێت لە ماوەی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆیە پارتی وەك بەربەستێك لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا وەستاوە، بەو پێیەی دەنگەكانیان لەبەرژەوەندى خۆى بەکاردێنێت و كورسی زۆر لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا بەدەست دەهێنێت، ئەمە جگە لە بازرگانیكردن بە دۆسێیەى ئاوارەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ڕێكخراوی پەی ڕایگەیاندوە، زیاتر لە ٩٠٠ هەزار ناوی مردوو و ئاوارە و دووبارەبووەكان لەخۆدەگرێت و ئەگەر پێداچوونەوەی ئەم تۆمارە بكرێت دەتوانین هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە ئەنجامبدەین، ئەم بابەتەش كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر كورسی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێكدا، كە ڕۆژی ٢١-١٠-٢٠٢١ بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت، دەسەڵاتی ئەمنی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشێوەیەكی نایاسایی ئازادی هاتوچۆی ئاوارەكان لە كامپەكانی بۆ ئاوارەكان سنووردار دەكەن.

هاوبەشی :