دوران کاڵکان: پەکەکە پێشەنگی پەروەردە و ڕێکخستنە

253
0
هاوبەشی :

دوران کاڵکان: پەکەکە بەگوێرەی پارادایمێکی نوێ خۆی بنیات ناوە، پێشەنگی پەروەردە و ڕێکخستنە. تاک و کۆمەڵگە ئاراستە دەکات و دەستی هاوکاری درێژ دەکات. هەروەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەسەر بناغەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بۆ کۆمەڵگە پێشنیاردەکات.

کۆنفرانسی «تەحەداکردنی مۆدێرینتەی سەرمایەداری» لەژێر درووشمی «جیهانی پێشوومان دەخوازین»، لەسەر بنەمای هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چوارەمین ڕۆژی تێپەڕاند. دوران کاڵکان ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی پەکەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی کۆنفرانسەکە کرد و گوتی: «پێش هەموو شتێک، سڵاو و ڕێز دەنێرم بۆ تەواوی بەشداربووان بەناوی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیدارەی پارتەکەمانەوە. سوپاسی ئەوانە دەکەم هاتن بە هانای گەلەکەمانەوە کە بۆ ماوەی سەد ساڵە ڕووبەڕووی قڕکردن دەبێتەوە و بەم دواییانەش بومەلەرزەی تووش هات».

«پەکەکە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییە»

لە پەیامەکەدا هاتووە:

«بێگومان زیهنیەتی سۆسیال دیموکراسی پێدراوی دەرەکییە، زیهنیەت و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەخۆوە ساز نابێت.

هەروەک دیالەکتیکی کۆمەڵایەتی_مێژوویی ئەم ڕاستییە دەسەلەمێنێت. هەڵبەت ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ بەم ئەرکی هۆشیارکردنەوەیە هەڵدەستن. بزووتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییە، ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازە وەک بزووتنەوەیەکی گەنجانە و هزری لە ساڵی ١٩٧٣ ـەوە سەریهەڵدا و وەک بزووتنەوەیەکی پێشەنگ خۆی دەرخست.

پارتی کرێکارانی کورستان لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، ویستی بەڕێگەی جیاواز ئەم ئەرکە پێشەنگایەتییەی پارتەکە بەڕێوەببات. بەڵام ڕەهەندە سیاسی و سەربازییەکان بوون بە ئەولەوییەت، بۆیە ڕەهەندە هزری و ئایدۆلۆژییەکان تاڕادەیەک پاشەکشەیان کرد. بێگومان، ئەمە لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە وەک هەموو سەرتاپای کادرەکانمان و گەلەکەمان، وەها لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەما ڕوانی، نەوەک ئەمە خودی ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بێت. بە مانایەکی تر، ئەرکەکانی سەرۆک و ڕێبەر و بەڕێوەبەر هاتەپێش، بەڵام ڕەهەندە هزری و زانستی و ئایدۆلۆژی و پەروەردەییەکانی پاشەکشەیان کردووە [لەپێش چاومان]. ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆ هیچ دژییەکییەکی دیالەکتیکی لەخۆ ناگرێت، بەڵکو هەموو ئەمانە لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدان پێکەوە، هەرچەند دۆخی ئێستەی وەک سەرەتا نییە، ئەمەش دەرخەری پەیدابوونی ڕێبەرێکە لەسەر ئاستی نەتەوەیی.

ڕاستییەکەی، وەختێک لە ڕێبەر ئاپۆ دەپرسن، بەبێ دوودڵی دەڵێت، بەهێزترین چەکی لەوکاتەدا زمانەکەیەتی. واتە خۆی وەک فێرکار و پرۆپاگەندەکارێک پیشاندەدات. هەموو هەوڵێکی دا بۆ تێکۆشانی سیاسی و سەربازی لەڕێگەی هێزی زمانەوە، واتە لەڕێی پەروەردە و ڕێکخستنەوە.

لەگەڵ گۆڕانی پارادایم، ڕەهەندە هزری و ئایدۆلۆژییەکان دەرکەوتن

لەگەڵ ئەو گۆڕانی پارادایمەی بەهۆی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییەوە پەیدابوو، ئەم ڕاستییە زیاتر دەرکەوت. ئیتر ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەوڵەت و دەسەڵات کۆتایی هات. پارتی کرێکارانی کوردستان گۆڕا بۆ پارتێک لەسەر بنەمای ئازادی ژن و ئیکۆلۆژیا و کۆمەڵگەی دیموکراتی. هەروەها لەڕووی هزری و تیۆری و ڕۆحییەوە زیاتر بەرەو پێش چووە. پێناسەی پارتی پێشڕەو گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، بەگوێرەی پارادایمی کۆن، بزووتنەوە ئاشتیخوازەکەمان پەروەردە و ڕێکخستنی پارتەکەی لەخۆدەگرت، بەڵام زیاتر پەیوەست بوو بە ڕێبەرایەتی سیاسی و سەربازییەوە. لەگەڵ پارادایمی نوێ، پەروەردە و ڕێکخستن زیاتر بوون. لەم گۆڕانە ڕادیکاڵەی پارادایمدا، پەکەکەش هەمدیسان پێناسەی ڕێبەرایەتی لەڕیشەوە گۆڕی.

ڕاستییەکەی، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی وەک جەستەی نەتەوەیەکی دیموکرات دەبینێت، لە بواری سیاسی و سەربازییدا، هەروەک ڕێبەرایەتی پارتەکە وەک ڕۆحی ئەم کۆمەڵگەیە دەناسێنێت. ڕۆحی کۆمەڵگەی دیموکرات یان کۆمەڵگەی نەتەوەیەکی دیموکراتیکە. بە مانایەکی تر، پەکەکە هزر و هەست و پەروەردەکەی وەک ڕاستینەی ڕێبەرێتی دەناسێنێت. بەم جۆرە گۆڕانکاری لە پەکەکەدا هاتەکایەوە، لەگەڵ گۆڕانی ڕیشەییدا پەیوەست بە پارادایمی پێشەنگ. لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت لە پەرەسەندنی سیاقی بزووتنەوەی پێشەنگ تێبگەین، لەو دۆخەی تێیدا ئیدارەی زیاتر بەندە بە ڕێبەرایەتییەوە.

«ئاشکرایە، ڕێبەر ڕێگە دەکاتەوە، ڕێگە دەبینێت، ڕێگە پیشان دەدات. لە زمانی تورکی بە Önder و لە زمانی کوردی بە ڕێبەر و لە زمانی فارسییدا بە رهبر ناودەبرێت. لە هەموو زمانێکدا هەڵگری پێناسەیەکە. سەرۆک، فەرماندە، بەڕێوەبەر لەسەر ئەو ڕێگەیە دەچێت کە پیشاندراوە.

بۆیە دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان سەرۆک و فەرماندە و بەڕێوەبەر لەگەڵ ڕێبەر. هەڵبەت، ڕێبەر ڕێگە دەبینێت و ڕێگە پیشان دەدات و ڕێگە دەکاتەوە، کەچی سەرۆک و فەرماندە و بەڕێوەبەر لەسەر ئەو ڕێگەیە دەچن. سەرۆک و فەرماندە کاریان ئیدارەکردن و حوکم کردن و بەڕێوەبردنە. بەڵام ڕێبەر سەرقاڵە بە زیهنییەتەوە و پشت بە هێزی هزر دەبەستێت. بەڵام سەرۆک و فەرماندە پشت بە هێزی سیاسی و سەربازی دەبەستن. بۆیە سەرۆک و فەرماندە لەڕێگەی هێزی سیاسی و سەربازییەوە هەڵدەبژێردرێن. بەڵام ڕێبەر بەهۆی هێزی هزرەکەیەوە لەلایەن مرۆڤ و جڤاکەوە قبووڵ دەکرێت و ڕوودەکەنە رێبەرەکەیان. مرۆڤ بە هەڵبژاردن و هێزی سیاسی و سەربازی نابێتە ڕێبەر. ڕێبەر بە هێزی تێفکرین و هێزی ئایدۆلۆژییەوە دێت، بە ئافراندنی ژیانێکی نوێ، ڕێگەیەکی نوێ پیشانی مرۆڤ و جڤاک دەدات.

لە مێژوودا، ڕێبەرایەتی لە پەیامبەرێتی و زانایی و فەلسەفە و زانستی کۆمەڵایەتی دەنوێنرایەوە. لە دەسپێکی مێژووی شارستانییەتی چیندا، ژەنڕاڵێکی سیاسی و فەرماندەیەکی سیاسی هەبوو. هەوڵدەدرێت ئەم دوانە وەک یەک پیشان بدرێت. هەروەک لیبراڵیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، دەیەوێت سەرۆک و فەرماندە و بەڕێوەبەری دیموکراتی لەگەڵ ڕێبەر وەک یەک پیشان بدات، هەموویان وەک دیکتاتۆر بناسێنێت. ئەمە بانگەشەی لیبراڵیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە و هیچ ڕاستییەک هەڵناگرێت.

هەموو بندەستەکان پێویستیان بە ڕێبەرایەتی پەکەکەیە

ئێمە ئەم گۆڕانە لە پەکەکەدا بەڕوونی دەبینین. ئەو دەمەی پارتە پێشەنگەکانی پێشوو ڕوویان لە دەسەڵات و دەوڵەتدارییە. پەکەکە بەگوێرەی پارادایمی نوێ، ڕوودەکاتە پەروەردە و ڕێکخستن. ڕێگە بە مرۆڤ و جڤاک پیشان دەدات و هاوکاری پێشکەش دەکات. هەروەها بەڕێوەبردنی سیاسی لەسەر بنەمای کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک بۆ جڤاک جێدەهێڵێت. فەرماندارێتییەکەشی لەسەر بناغەی خۆپاراستنی جڤاکی دادەڕێژێت. بەم جۆرە، جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکە بەدیار دەکەوێت، واتە لەبەرامبەر ژیانی موڵکایەتی تایبەت و سیستەمی دەوڵەتی، سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و تاکی ئازاد و کۆمۆنەی دیموکراتیک دەخاتەپێش. ڕاستییەکەی، لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازی هەیە. بەگوێرەی ئەو گۆڕانەی بەسەر ڕێبەرایەتی هاتووە، پێویستە ڕێبەرێتی ڕێکبخرێتەوە. بەڵێ، لەکۆتاییدا کردە و پراکتیک یەکلاکەرەوەیە. بەڵام چالاکی لەڕێگەی ڕێکخستنەوە دەبێت، هەروەها ڕێکخستن لەڕێگەی پەروەردەوە دەبێت. هیچ چالاکییەک نابێت بەبێ ‌هێزی پەروەردە و ڕێکخستن. بۆیە ڕێبەرایەتی نوێ گرنگی دەداتە ڕێکخستن و بە بنەما وەری دەگرێت. ئەودەمەی ڕێبەرێتی پەکەکە ڕێکخستن و پەروەردە بەڕێوەدەبات، ئیتر چالاکی شۆڕشگێڕی و پەرەسەندنی شۆڕشگێڕی مومکین دەبن لەسەر هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک.

ئەگەر ئێمە شۆڕش وەک ڕووداوێکی خۆڕسک و تەقینەوەیەکی خۆبەخۆ نەبینین، ئەگەر بە زیهنیەتی ڕێبەرێکی هۆشمەند و ڕێکخەرەوە لە هەر هەلومەرجێکی خەباتدا لە شۆڕش بڕوانین؛ ئەوکات دەبینین هەموو جڤاک و بندەست و کرێکار و ڕەنجبەرێک، بەتایبەت ژنان و گەنجان، پێویستیان بە ڕێبەرێکی وەک پەکەکەیە.  چونکە پێویستیان بە گۆڕانێکی شۆڕشگێڕییە. پێویستیان بە ڕزگارییە. ئاشکرایە، ئەمە لەڕێگەی بیردۆزی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە مومکینە. بۆیە ڕێبەرایەتی پەکەکە پێویستە بۆ ژنان و گەنجان و کرێکار و ڕەنجبەران و هەموو بندەستان، هێندەی نان و ئاو گرنگە. هەروەک بایەخێکی ژیانی هەیە».

هاوبەشی :