فەلسەفەی نەتەوەی دیموكراتی چییە؟ بەشی(١١ -٢٠) ، نوسینی: ئیبراهیم فەرەج

224
0
هاوبەشی :


 

بەشی یانزە.

فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی کاتێک کەم و کوڕیەکانی دەردەکەوێت ،کە بچێتە بواری پراکتیکی لەلایەن گەلانەوە . واتە سیستمەکە بچێتە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە وە. لەخۆبەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی(الإدارة الذاتية ). ئەو سیستمە بەپراکتیکی لە باکورو ڕۆژھەڵاتێ سوریا،لە شەنگال ، لەشارەوانیەکانی باکوری کوردستان لەبواری پراکتیکیدایە. کاتێک لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا. کەسانی ئیدرای دزو گەندەڵ، ئاشکرا بوون بەرتیلیان لەخەڵک وەردەگرت . یەکسەر سزا دران و زیندانی کران . ھەرچەندە ھەندێکیان کەس وکاری شەھیدانیش بوون . لەداگادا سزای تاوانەکەی خۆیان وەرگرت. بۆیان نییە لەھیچ دام و دەزگایەکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کار بکەن.

سیستمی نەتەوەی دیموکراتی وەکو ئاوێکی پاک وایە .ئەگەر پیسی تێکەوێت بەسەر ئاوەکەوە دیاردەبێت. مرۆڤی پۆخڵ و قڕێژ ، ناخ پیس ،دەست پیس، تەمەڵ ،بەرژەوەندخواز، دەسەڵاتخواز ،ژن کوژ ،دژە ژینگە ،ڕەگەزپەرست،ئاینگەراو مەزھەبگەرا ،دژە دیموکراتی، …..ھتد لە خۆبەڕێوەبەێتی دیموکراتیک جێگایەکیان نییە . بەردەوام ئەم سیستمە ڕەخنە لەخۆی دەگرێت و ھەڵەو کەم و کوڕیەکانی چاک دەکات، بەپێی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە و ژینگە خۆی نوێ دەکاتەوە خۆی ڕێک دەخات . ئەزموون لە باشیەکان و خراپیەکانی ھەموو ڕەنجەکانی مێژووی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتی وەردەگرێت. باشەکان دەھێڵێتەوە ھی ھەرسەردەم و ھەرجۆرە سیستمێکی سیاسی یان ئاینی بێت .خراپیەکان چاک دەکاتەوەو بۆ کۆمەڵگە بەپوختی دەیخاتە بەردەستی .
ئەوەی ئەم کارانە دەکات ،خودی کۆمەڵگە یە.چونکە کۆمەڵگە بەشداری کارای سیاسەتی گرێدراو بەئەخلاقە.

ئەگەر سەرنجی فەلسەفەی مارکسی لینینی بدەین لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ .کاتێک شۆڕش سەرکەوت و دەسەڵاتی گرتە دەست. چووە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە .نزیکەی حەفتا ساڵ دەوڵەت نەتەوەکانی یەکێتی سۆڤێتی بەڕێوەدەبرد . چونکە سوسیالیزم و دیموکراتی ،سیاسەت و ئەخلاق ، ڕەخنەو ڕەخنەدان ،نوێ بونەوە ی بەئامانج نەگرت .ئابوریەکی سوسیالیزمی دەوڵەتی پێش خست ،لەبری ئابوری کۆمیناڵ و پیشەسازی ژینگە دۆست.دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاو دەوڵەت نەتەوەی پێش خست ،دواتر ستالینیزمی بەرھەم ھێنا . ئەودکتاتۆرەبەملێۆنان مرۆڤی لەیەکێتی سۆڤێت تیرۆر کرد ،لەسەر ڕای ئازادو جیاواز.پاشان سیاسەتی گلاسنۆست و پرۆسترۆیکای سەرۆک میخائیل گۆرباتشۆڤ و شیفرنادزەو ھاتنی بۆریس یەلسن ھیچی نەیتوانی فریاد ڕەسی کۆمەڵگە ی سۆڤێت و ڕوسیا بێت .
دواتریش ئەوسیستمە ھەڵوەشاو پۆتینیزمی لێکەوتۆتەوە.ڕوسیا باشترین دەوڵەت و نزیکترینە لەڕووی فیکریەوە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی نەتەوەی دیموکراتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی پراکتیک بکات و لەو گێژاوە ھەمەلایەنەیە ی تێی کەوتووە خۆی و گەلانی ڕوسیا ڕزگار بکات.

بەڵام ئایا ئەو گۆڕانە ڕیشەییە لەسیستمی سیاسی بەکەسانی وەکو پۆتین دەکرێت ؟ بێگومان نەخێر چونکە ڕۆحی ئەوان ڕۆحی دەسەڵاتخوازی و دەوڵەت نەتەوەیە، سەرسامە بەسەرمایەداری . نەک ڕۆحیەتی دیـموکراتی و خزمەتگوزاری کۆمەڵگە .

مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوەو ئایدیۆلۆژیا کەیان کەلیبرالیزمە. ھەرچەندە ئەمیش بەردەوام ئەبدەیتی خۆی دەکات بەمکیاج کردن . بەڵام ناتوانێت ئەو ھەموو کەم و کوڕیانەی لە چوارسەد ساڵی ڕابردوو بەرھەمی ھێناوە چارەسەر بکات. دیارە مکیاج ناشیرینیەکانی سیستم بۆ دەرفەتێکی کاتی جوان دەکات، یاخود دایدەپۆشێت . بەڵام واتای ئەوە نییە ئەو سیستمە کەم کوڕی نییە. مکیاج کردن ناتوانێت چارەسەری ڕیشەیی بێنێت. دەم و چاوێکی کونج کونج و چاڵ و پەڵاوی بەمکیاج دەشارێتەوە .واتای ئەوەنادات ئەو دەم وچاوە کەم و کوڕی نییە. لەگەڵ لاچوونی مکیاجەکە چاڵ و چۆڵی دەردەکەوێت . ئەمە مانای ئەوە نییە سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە ھەموو کارەکانی نێگەتیفە. کاری باشیشی کەم نییە.بەڵام چەندین کاری ھەیە نەک نێگەتیفە بەڵکو مەترسیدارە .
سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری بەتایبەتی لەبوارە ژینگەییەکاندا. گۆی زەوی توشی کارەساتێک کردووە. ناتوانن وابەئاسانیی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. چونکە ھاوکێشەیەکی سیاسی ھەیە. کەپێی وایە ئەگەر سیستم خۆی ھۆکارو دەرھاویشتەی پیسیەکان و خوڵقێنەری بوو . ھەرگیز خۆی ناتوانێت ببێتە فریاد ڕەس . بەڵام ئەگەر سیستم باش بوو کەسانی بەڕێوەبەری خراپ بوون . ئەوا پیسەکان فڕێ دەدرێنە دەرەوە. بۆئەوەی ئەو سیستمە بەپاکژی بمێنێتەوە. کەواتە سیستمی سیاسی گرنگە نەک تاکی بەڕێوەبەر . چونکە کەسیستم خراپ بوو چەند مرۆڤی باشیش کاری تێدا بکەن خراپ دەبن . بەدەگمەن مرۆڤی پاکژو باش لەسیستمی خراپ جێگای دەبێتەوە .
ئەگەر سیستمی سیاسی باش بوو لەخزمەتی کۆمەڵگە دا بوو، نەک چینی دەسەڵاتدار.ئەوە گەر لەملاو ئەولاش کەسانی خراپی تێ بکەوێت . سیستمی سیاسی قبوڵی ناکات و فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی.

کاتێک سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوەکان .دارستانەکانی ئەمازۆن بۆ مەبەستی دروستکردنی کارگەی پیشەسازی لەناودەبەن .کاتێک دەرھاویشتنی گازە کوشندەکان بۆ ناو ئاسمان زۆر زۆر دەبێت. بەھۆی چاوچنۆکی سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری. بەستەڵەکی ھەردوو جەمسەری گۆی زەویش دەتوێتەوە . کارەساتی لافاوو زۆر بوونی ئاوی زەریاکان ودەریاکانی لێ دەکەوێتەوە . لەئایندەدا دەبێتە ھۆی ژێر ئاوکەوتنی چەندین وڵات و شار کەھەزاران ساڵ مێژویان ھەیە .لەلایەکی تریشەوە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و سەرھەڵدانی وشکەساڵی. پانتاییەکانی بەبیابان بوون لەجیھاندا فراوان دەبێت. بەتایبەتی لە ئەفەریقاو ئاسیا. ئیتر لێرەوە ئەم سیستمە دەبێتە مەترسی .
گێژاوە ژینگەییەکان ھەڕەشەیەکی گەورەن لە ئایندەی مانەوەی مرۆڤ و تەواوی زیندەوەران .

سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە . چەند نزیک نزیکە لە دراوو بانک ،ئابوری و پیشەسازی ،پاوانخوازی ،دژ بوون لەگەڵ ژینگە و مافی ژنان و کۆمەڵایەتی بوون ، ھەژمونگەرایی ،شەڕو کاولکاری ، دەسەڵاتخوازی و بەرژەوەند خوازی ،تاکگەرایی و خۆپەرستی ،دیموکراتی ساختە …….ھتد
ھەزاران ھێندەی ئەونزیکییە دورە لەچەمکی سیاسەتی گرێدراو بە ئەخلاق و کۆمەڵایەتی بوون .ھەرئەو دوورکەوتنەوەیەشە لەفەلسەفەی ئەخلاق. وادەکات ئەو چەمکە نێگەتیفانەی سەرەوە سەرھەڵبدات

مۆدێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی لەھەرشت زیاتر گرنگی بەچەمکی ئەخلاق دەدات .ھەربۆیە سیاسەت لەم سیستمە گرێدراوی ئەخلاقە. چونکە تاکی بەئەخلاق بنەمای کۆمەڵگە ی بەئەخلاقە.

کەی ھەرکەسایەتیەک پێچەوانەی سیاسەتی گرێدراو بەپرانسیپە ئەخلاقیەکان ، لەھەر یەکەیەکی خۆ بەڕێوەبەری دیموکراتی دەرکەوت . بەخێرایی سزای بکەرەکەی دەدرێت.سیاسەتی گرێدراو بە پرانسیپەئەخلاقیەکان لەھیچ کات و زەمەنێکدا بۆ ھیچ کەسێک لەھیچ بارودۆخێکدا دەستی لێ بەرنادرێت.چونکە ئەخلاق ناسنامەی مودێرنیتەی دیموکراتی و کۆمەڵگە ی نەتەوەی دیموکراتیکە.

ماویەتی.

بەشی دوانزە.

سیستمەکانی دەوڵەت نەتەوەو مودێرنیتەی سەرمایەداری, بەھەمو ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانیانەوە .دژن لەگەڵ فەلسەفە و سیستمی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی, کە کوردی نوێی ئازادیخوازو دیموکراتی خواز، لەژن و پیاو، لەکوڕو کچ پێشەنگایەتی دەکات . ئازادیخوازان ،دیموکراتیخوازان ، ژینگە دۆستان، داکۆکیکارانی ماف و ئازادی ژنان لەھەموولایەکی جیھان. لەگەلانی جیاواز ھاوکارو بەشدارن تیایدا. ئەوانیش ڕۆڵی گەورەو کاریگەریان ھەیە.

لەڕاستیدا سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژیا کانی .بۆیە بەردەوام بوون بەدرێژایی ئەم دوو سەد ساڵەی دوایی .چونکە سیستمێکی جێگرەوەی نەبووە . بەڵام بەدەرکەوتنی تێزە فەلسەفیەکانی بەڕێز ڕێبەر ئۆجالان لەمودێرنێتەی دیموکراتی ،نەتەوەی دیموکراتی ، ژنۆلۆژی . ئیتر جیھان بۆتە خاوەنی سیستمێکی گونجاوتر بۆ ژیانی گشت زیندەوەران و ژینگەکەی.

بۆیە دەبینین ئەومرۆڤانەی نەتەوە جیاوازەکان . درک بەمەترسیەکانی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەکەن .کەھەر خەریکی پارەو بازرگانی و پیشەسازیگەراییە،سێکسگەراییە . بەبەرچاویانەوە سروشت دەشێوێت ،قەیرانی ژینگەیی لێ کەوتۆتەوە ، ژن بەکاڵا دەکرێت ،ھونەری ڕەسەن و سینەما پوچ دەکرێت ، دێن و بەشداری ئەو ڕێکخستنە سیاسیە ئەلتەرناتیفە دەبن . لە گروپە ھەمە جۆرەکانی وەکو ڕێکخستن بوون و ژنۆلۆژی ،ژینگەپارێزی،ھونەری ،کەلتووری ،سیاسی و گەریلایی ….ھتد .

کاتێک کەلەخولە پەروەردەییەکاندا شیکاری مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی،ژنۆلۆژی دەبیستن . دەزانن سیستمێکی گونجاوی ئەلتەرناتیفە، بۆ سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە . ئیتر تێ دەگەن کە سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری چ کارەساتێک بۆ مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆی دێنێت. دەزانن ھەتا ئەو سیستمە بەردەوام بێت .کارەساتە ژینگەییەکان ، کۆمەڵایەتیەکان ، سیاسیەکان ،ئابوریەکان ، سەربازیەکان زیاترو قەبەتر دەبن .
چونکە سەرمایەدارەکان، دەستیان واڵایە بۆ بەدەستھێنانی قازانجی خێراو زۆر .ئازادن چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگە ،خاک ، ئاو، ھەوا بکەن. ئەوان بۆ بەدەستھێنانی سەرمایەی زیاتر ھیچ بەھاو ئەخلاقێک ناناسن .ئاساییە بەلایانەوە ملیۆنان دار ببڕنەوە ،بۆ شوێنی کارگەیەک،ئاساییە لایان لەجێگای مرۆڤ ملیۆنان ڕۆبۆتی میکانیکی بخەنە ناو کارەوە . ئاساییە لایان دەسکاری جیناتی ئاژەڵ و خۆراک بکەن .
ھیچ دوور نییە گەر ئەم سیستمە بەو جۆرە نائەخلاقیەی بەردەوام بێت. دەسکاری جیناتی مرۆڤیش بکەن . مرۆڤی دڕندەی بێ ھەست و سۆز بەرھەم بێنن ، بۆپاراستنی سیستمەکەیان .

سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری ناتوانێت خراپەکاریەکانی دژی ژینگەو ژن و بازاڕ ھونەر ڕابگرێت . چونکە خودی سیستمەکە خۆراک وەردەگرێت لە دژایەتی بەھا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە و کێ بڕکێی بێ بەزەییانەی بازاڕ، بەکاڵا کردنی ژن بازرگانی کردن بەجەستەیەوە ، تێکدانی ژینگەی سروشتی گۆی زەوی، پیس کردنی ئاو ،ھەوا ،خاک ، بازرگانی کردن بە وەرزشەوە ، بێ ناوەڕۆک کردنی ھونەری ڕەسەن لەموزیک و گۆرانی و سینەماو دراما و ئەدەب بەگشتی .

ملیۆنان مرۆڤ لەیوکراین ئاوارە بوون ،ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت ،ئەگەر ئێستا دەیان ھەزارکوژرا بێت ، لەداھاتودا ملیۆنانیش دەکوژرێن . ئایا ئەمەریکاو ئەوروپا نەیاندەتوانی نەھێڵن ئەو شەڕە مەترسیدارە ڕوبدات ؟ بێگومان ئەیانتوانی ،ئەی بۆچی ڕێگریان نەکرد ؟ چونکە سیستم بۆ مانەوەی خۆی ھەموو کەس دەکاتە قوربانی.
سیستم پێویستی بەوشەڕەیە . جا چەند مرۆڤ دەکوژرێ و ئاوارە دەبێت .چەندی تر ژینگەی گۆی زەوی زیانی پێ دەگات ،لای ئەوان بەھایەکی نییە . گرنگ ئەوەیە، ئەمەریکاو بەریتانیای پارێزەری سیستم ،باڵا دەست بمێننەوە .

فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی دژی شەڕو کاولکاری و ھەژمونگەرایی و باڵا دەستیە .دژی ھەموو خراپیەکانی، سیستمە قازانج پەرست ،خۆپەرست و دکتاتۆرەکانی جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوینە.

کاتێک ئێستا لەڕوی پراکتیکیەوە نمونە گەلێکی بابچوکیش بێت لە
شەنگال ، باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا ، ئەوشارەوانیانەی کەھەدەپ دەیبردنەوە لەھەڵبژاردن. فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی پەیڕەو دەکەن. دەکەونە خزمەتی کۆمەڵگە جیاوازەکانەوە . دەوڵەت نەتەوەکان وەکو مەترسی لەسەر خۆیان دەیبانینن . چونکە بەکردەوە سیستمی جێگرەوەی ئەوانە.

فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی ونەتەوەی دیموکراتی، لەگەڵ پرانسیپەکانی خۆی ڕێک و ڕاستە . بەھیچ جۆرێک لەھیچ بارودۆخێک. بۆھیچ کەسایەتیەک سازش لەپرانسیپە سیاسی و ئەخلاقی و ئیداریەکانی ناکات. دوفاقیانە و دووڕوویانە بیر ناکاتەوە .
بۆیە دەوڵەت نەتەوەکان، دەیانەوێت ھەربەبچوکی بیانخنکێنن . بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نییە بۆ ئەوان . چونکە سیستمێک کەبەرژەوەندی گشتی مرۆڤایەتی، گشت زیندەوەران ،ژینگەی گۆی زەوی لەبەرچاو بگرێت ، ژن تیایدا پێشەنگ بێت و ماف خوراو نەبێت .چەند دوژمنەکانی زۆرو بەھێز بن دواجار بەئامانجەکانی دەگات . چونکە گەلان دەبنە پشت و پەنای سیستمە نوێیەکە .

ئەگەر سەرنج بدرێت حیزبێکی وەکو ھەدەپ لەتورکیا . ئەو ھەموو دژایەتیە دەکرێت ھاوسەرۆکەکانی زیندانی دەکرێن . بەدەیان ھەزار ئەندام و لایەنگری تیرۆر دەکرێن ،دەخرێنە زیندان . کەچی ئەو حیزبە گەورەتر دەبێت . حیزبەکانی،وەکو ئاکەپەو مەھەپە بچوک دەبنەوە. بۆچی وایە ؟ چونکە ھەدەپ خاوەن پەیامێک و ئایدیایەکی ئاشتیانەو دیموکراتیانەیە ،بۆ گەلانی تورکیا. پەیامی ژنی ئازادو تاک و کۆمەڵگەی ئازادو ژینگە دۆست و دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی بوون لەھەگبەکەیداھەیە .
ئەو ڕستانە ھەروشەو قسەی بێ ناوەڕۆکی دورشم بازی نییە. گەروابوایە ئەو حیزبەش گەورە نەدەبوو . بەرگەی ئەو ھەموو فشارە دڕندانەی فاشیزمی تورکی نەدەگرت . ئەو بەکردەوە پەیامەکانی جێ بەجێ دەکات ، لەھەر جێیەکدا بێت . دەبینین فاشیزمی تورکی دژایەتیان دەکات ، ھاوسەرۆکانی شارەوانیەکان دەردەکات ،زیندانیان دەکات . کەسانی ڕەگەز پەرست و دزو گەندەڵی سەربە حیزبی خۆیان لەجێگایان دادەنێن، پیلان لەباکورو ڕۆژھەڵاتی سوریاو شەنگال دەگێڕێت،لەشاخەکان چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکاردێنێت.

تازھنیەتی فاشیزمی تورکی کەلەدەوڵەت نەتەوە دا بەرجەستە بووە . نەگۆڕێت بۆ زھنیەتی نەتەوەی دیموکراتیک . گەلانی تورکیا ھەر لەناو شەڕدا دەمێننەوە .بارودۆخی سیاسی ،ئابوری ، کۆمەڵایەتی ……ھتد ھەرگیز باش بوون بەخۆیەوە نابینێت.

کاتێک فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک .ھیچ زیانێکی، بۆ گەلانی تورکیا نەبێت . بەڵکو سودێکی زۆریان پێ بگەیەنێت . ئاقڵ مەندی نییە پەسەند نەکرێت .

دەوڵەت نەتەوە بۆچی بۆ نەتەوەی دیموکراتی وەرنەچەرخێت؟
دەسکەوتەکانی دەوڵەت نەتەوە بەتایبەتی بۆ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین چی بووە ؟جگە لە دکتاتۆریەتی قەومی و ئاینگەرایی و مەزھەبگەرایی ، ھەژاری ، برسێتی ، نەخۆشی ،شەڕو کوشتارو کاولکاری و ئاوارەیی ، ڕەگەز پەرستی و فاشیزم ،تێکچونی ژیانی خێزان و کۆمەڵگە ،شێوانی ژینگە، ……ھتد

مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی. دەروازەیەکی گرنگی، فیکری و فەلسەفییە. بۆ ڕزگار بوونی گەلان ،لە پەتاکوشندەکانی ، مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە .

ماویەتی .

بەشی سیانزە…

یەکێک لەمەترسیە ھەرجدییەکانی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە . پێشخستنی بواری پیشەسازیگەراییە (ئیندۆستریالیزم )ە.
کەئامانج لێی کەڵەکە بوونی زۆرتری قازانج و سەرمایەیە . بەجۆرێک بۆتە مەترسی بەتایبەتی لەسەر ژینگە .وای لێھاتووە خەریکە و ھەنگاو بەھەنگاو جیاوازی نێوان وەرزەکان نامێنێت .لەھەندێ شوێن وکاتدا زستان وەکو بەھاری لێ دێت. ئێستا لەباشوری کوردستان لەچەند ڕۆژێکی زستاندا ھەم گیا وەکو بەھار سەوزبوەوە ،لەزۆر شوێنیش گوڵەباخ خونچەو گوڵی کرد . واتە سوڕی سروشتی ژیانی ڕوەکیش تێکچووە .توانەوەی بەستەڵکەکانی ھەردوو جەمسەری گۆی زەوی . کەدواجار چاوەڕوانی کارەساتی ھەرەگەورەی لێ دەکرێت .ھۆکاری ئەو گۆڕانەیە بەسەر وەرزەکانی ساڵدا دێت . ساڵانی ڕابردوو بەر لەپێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پیشەسازیگەرایی . بەفرێکی ئێجگار زۆر دەباری و ھاوینیش بەم ڕادەیەی ئێستا گەرم نەدەبوو, تاشاخە بەفرینەکان بتوێنێتەوە . دیارە ڕۆڵی بەستەڵکەکانی ھەردوو جەمسەری باکورو باشووری گۆی زەوی گرنگ و کاریگەرە ،لەڕاگرتنی باڵانسی ژینگە .
کەواتە ژینگە بەشێوازێک تێکچووە لەدۆخی سروشتی خۆیدا نەماوە.

ھەتا سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژیاکەی لیبرالیزم و نیو لیبرالیزم تەمەنی درێژ بێتەوە . تەمەنی مانەوەی سروشتیانەی گۆی زەوی کورت دەبێتەوە . نەخۆشی ھەمەجۆرو نەزانراو دەردەکەوێت . بەزیانگەیاندن بە ژینگە، ئیتر ھەموو بونەوەرەکان زیانیانیان پێ دەگات ،لەسەروو ھەمویانەوە مرۆڤ . بەشێکی زۆری زیندەوەرەکان بەرەو لەناوچونی یەکجارەکی و قڕبوونی بەکۆمەڵ دەچن . بۆیە شینی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی .بۆ بەرگرتنە لەوکارەساتانەی لە ئێستاو بەدژوارتر لەئایندەدا ڕوو بەڕووی، مرۆڤ و ھەموو ئەوزیندەوەرانەو ژینگەی گۆی زەوی دەبێتەوە ،لەسەردەستی جانەوەرە بێ بەزییە دەسەڵاتخوازو پارەپەرستەکانی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە وسەرمایەدارە ملیاردێرەکانی، خاوەن بزنزە پیشەسازیگەراییەکان . سێ دێوەزمەکەی مرۆڤایەتی ،سەرمایەداری ,پیشەسازیگەرایی(ئیندۆستریالیزم)،دەوڵەت —نەتەوە. بوونەتە بەڵای گەورەی سەرشانی مرۆڤ و دەوروبەرەکەی لەسروشتدا.

مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە. ھەرگیز واز لە پیشەسازیگەرایی ناھێنن . چونکە ژیانی خۆیان گرێداوە بەپارەو سەرمایەوە .
ناتوانن پیشەسازیگەرایی قازانج ویست ، وەرچەرخێنن بۆ پیشەسازی ژینگە دۆست (پیشەسازی ئیکۆلۆژی). کەبەپێی پێویست و خواستی مرۆڤەکان کاڵا بەرھەم دێنێت . نەک زۆر زیاتر
لەخواست و پێداویستی مرۆڤ . لەسەر حسابی سروشت و ژینگە و خراپ بوونی خاک ،ئاو ،ھەوا . بەڕێزئۆجالان وەکو فەیلەسوفێکی ژینگە دۆست پێی وایە بەرھەم ھێنانی کاڵاو خۆراکی زیاد لەپێویست زەوی بەرەونەمان دەبات.زیانی زۆر بەژینگە دەگەیەنێت .
تەنانەت بەھەزاران زاناش پێیان وایە نەک چەند سەدەیەکی تر .بەڵکو چەند دەیەیەکی تر پیشەسازیگەرایی بەم شێوازە چاوچنۆکییەی بەردەوام بێت. کارەساتی گەورەی ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە، کەبەھیچ جۆرێک قەرەبووی ناکرێتەوە. ھەرلەئێستاوە ئەو زریان و لافاوانەی لەجیھاندا و بەتایبەتی لەئەمەریکاڕوو دەدات .لەلایەکی ترەوە سوتانی دارستانە سروشتیەکان لەتەوای جیھاندا .بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی. کەسەر چاوەکەی لەپیشەسازیگەراییەوەیە .دەریدەخەن گۆی زەوی، توانای بەرگەگرتنی ئەو ھەموو زیادەڕەویە، نائەخلاقیانەی نییە کەدەکرێتە سەری .بۆیە فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی لەبری سیستمی سەرمایەداری ، پیشەسازیگەرایی ،دەوڵەت نەتەوە . دێت ئەلتەرناتیف دەخاتە ڕوو کەبریتیە لە سیستمی سوسیالیست دیموکراتی ،ئابوری ژینگە دۆستی کۆمیناڵی دیموکراتی ،کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی .
بەم سێ فاکتەرە گرنگە دەتوانرێت ھێرشە ھەمەلایەنە دڕندانەکەی سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە بۆسەر مرۆڤ و ژینگەکەی بوەستێنرێت.

نەتەوەی دیموکراتی و مودێرنیتەی دیموکراتی ،ھیچ کەمتەرخەمیەک ناکات ،لە پەروەردەکردن و ئافراندنی تاک و کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک (ژینگەپارێز) . ھەموو تواناکانی دەخاتە گەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگە یەکی ئەخلاقی سیاسی ،دیموکراتی ,ژینگە پارێز .جێگای کۆمەڵگەیەکی تاکگەرایی ,دەسەڵاتگەراو دژە ژینگە بگرێتەوە.

ماویەتی.

بەشی چواردە.

مودێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە پوچگەرایی ھەمەلایەنەی کۆمەڵگە بەبنەما دەگرێت . کاتێک سیستمی پوچگەرایی پێش دەخرێت . بۆئەوەیە کۆمەڵگە یەکی دەستەمۆی دابڕاو لەکەلتووری دەھەزار ساڵەی ڕەنجی مرۆڤایەتی و بەھا کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکان بێنێتە دی . بەم کارە نائەخلاقیانەش تەمەنی خۆی ھەندێک درێژتر دەکاتەوە . کۆمەڵگە ی بێ کەلتوورو شوناس تاکی ناکۆمەڵایەتی وزھنیەت شێواو ئەقڵ بەلاڕێدا براو بەرھەم دێنێت . مرۆڤی بێ ھەست و بێ دەربەست ، زھنیەت پوچ کۆمەڵگە یەکی پوچ، ژیانێکی بێ واتاو پوچگەرایی دەخوڵقێنێت .

لەڕێگای سیاسیە بەکرێگیراوو دکتاتۆرە کانی دەوڵەت نەتەوە، لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ،کائیوسێکیان (گێژاوێکیان )خوڵقاندووە . ناوچەکەیان کردۆتە زیندانێکی گەورە . نوقمی فرمێسک و خوێنیان کردووە . ژمارەی زیندانەکانی ڕۆژھە ڵاتی ناوەڕاست خەریکە لەژمارەی نەخۆشخانەکان زیاتر دەبێت .

لەسەردەمی بەعسدا صەدامی فاشی .لەبری خەستەخانە لە شاری سلێمانی. زیندانی ئەمنە سورەکەی دروست کرد.
ئێستاش لەئێران و تورکیا بەردەوام ژمارەی دروست کردنی زیندانەکان زیاتر دەکەن لەسەرتاسەری ئەودوو وڵاتەدا.

دەوڵەت نەتەوە کەبڕوای بەئازادی و دیموکراتی نەبوو . ئیتر دەبێت بۆمانەوەی خۆی .زیندان زۆر بکات و تیرۆر ئەنجام بدات. مادە ھۆشبەرەکان بڵاو دەکاتەوەو شیرازەی خێزان ،کۆمەڵگە ،کۆمەڵایەتی بوون دەشێوێنێت.

ژیانی تاک و خێزان دەبێت گەڕان بێت بەدوای ئەوەی، چۆن پارە پەیدا بکەن. بۆ دابین کردنی پێداویستیە ھەمەجۆرەکانی ژیان . لەبچوکترین پێداویستی بۆ گەورەترین پێداویستی تاک و خێزان. مودێرنیتەی سەرمایەداری ژیان بەجۆرێک قورس دەکات .والە مرۆڤ دەکات ھەموو ژیان دەبێت ھەر ڕاکردن بێت بەدوای نان . خۆشەویستی و تێکەڵاوی و پێکەوەیی خێزان و دەورو بەر ھێندە قورس دەکات . کەھەر تاکێک دەبێت قوتی ژیانی خۆی و پێداویستیەکانی پەیدا بکات. بەمەش دابڕانی تاکەکانی خێزان ڕوو دەدات و سۆزو خۆشەویستی تابەرەو پێش بڕوات کەم دەبێتەوە .
فیلیمێکی ئەمەریکی ھەیە باس لە ژیانی کچ و باوکێک دەکات .فلیمەکە بەناوی(fathers-and daughters). دەتوانن بەو ناونیشانە تەماشای بکەن .
باوکی کچەکە نوسەرێکی گەورەیە . لەکاتێکدا بەھۆی نوسینی کتێبێکەوە تا تەواوی بکات و بیفرۆشێت بەپارەکەی پێداویستیەکانیان دابین بکەن . کاتی نییە بۆ کچە منداڵەکەی . ئەمەش منداڵەکەی توڕەو نیگەران دەکات و لەباوکی زویر دەبێت . باوکیش لەدیالۆگی لەگەڵ کچە منداڵەکەی قسەیەکی گرنگ دەکات. دەڵێت ژیان لەئەمەریکا ھەمووی بووە بەپارە ، پارە ،پارە .
پێویستمان بەپارەیە بۆ پارێزەر ،بۆ خواردن ،بۆ جل و بەرگ ،بۆ قوتابخانە ،بۆ کرێی خانوو تا خانووەکەمان لەدەست نەدەین .لەبەرئەوەی ئێمە لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای سەرمایەداری دەژین .قسەکردن لەخۆشەویستی لەھاوڕێیەتی ھیچ گرنگ نییە ، ئەوەی گرنگە پارەیە . ژیان تابێت لەسیستمی سەرمایەداری دا قورس و گران دەبێت .ئەم فلیمە بە گفتوگۆیەک پێمان دەڵێت کەڕەوشی خێزان چەند خراپ بووە . بەھۆی ھەوڵ بۆ دابین کردنی پارە چۆن کاریگەری لەسەر دەرونی منداڵ جێ دەھێڵێت .

فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی گرنگی تەواو بەخێزان و پەروەردەی ناوخێزان دەدات . لەبەرئەوەی ژیان سادەو ئاسان دەکات . کۆمەڵایەتی بوونی ناوخێزان ،دیالۆگ ،ڕێزو خۆشەویستی و…….ھتد گرنگی پێ دەدات . لەبری زیندان پارکی سەوزایی و خوێندنگاو ئەکادیمیاو نەخۆشخانەی سەردەمیانە دروست دەکات . پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە دەکاتە بەرنامەی لەپێشینەی خۆی . چونکە تاک و کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەتوانێت بیرکردنەوەی تەندروست بێت . تاک و کۆمەڵگە یەک کاتێک تەندروست بیر بکاتەوە . دەتوانێت سوود بەخۆی و دەورو بەری بگەیەنێت . خۆشەویستی بۆ خۆی و مرۆڤایەتی و ژینگە و زیندەوەران دەبێت. بیرکردنەوەی تەندروست ئەوەیە کە کەببیتە خاوەن فیکرو فەلسەفەیەک .جیاوازیەکانی ئەوانی تر قبوڵ بکەیت . ئازادی و دیموکراتی و لێبوردەیی و ژینگە دۆستی بنەمای بیرکردنەوەت بێت .

ماویەتی ..

بەشی پانزە .

بۆ ئەوەی ھەر فەلسەفەیەکی سیاسی ،،کۆمەڵایەتی ،ئابوری ،…….ھتد گەشە بکات و بگاتە کۆمەڵگە پێویستی بەکادری ھوشیارو زیرەک ھەیە. فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیش کادر پەروەردە دەکات لەناو کۆمەڵگە جیاجیاکان .
ئەوکادرانەی کەدەبنە ھەڵگری فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی لە ھەردوو ڕەگەز(ژن ؛پیاو) .
پێویستە ئەو تواناو ھێزەیان ھەبێت ،کەلەژێر ھەر ھەل و مەرجێکدا بێت .پابەندو پەیوەستی ئەخلاقی ژیانی ئازادو دیموکراتیک بن . گرنگە بگەنە ئاستی مرۆڤی ھوشیارو زاناو تێگەیشتوو .پێویستەئەو ھێزە پیشان بدەن کەتوانای مایە پووچکردنی سەرجەم ئایدیۆلۆژیا دەسەڵاتگەرا،میللیگەرا،ڕەگەزگەرا ،ئاینگەرا،لیبراڵ ،دۆگماکانیان …..ھتد ھەبێت.کەمرۆڤ لە ژیانێکی ئازادو دیموکراتیک و لەحەقیقەت دوور دەخەنەوە.
ئافراندنی کادری ئازادو دیموکراتیک .دەبێتە کۆڵەکەی گەشەو پێش کەوتنی ،فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک .
ئەکادیمیاکانی پەرەوەردەی کۆمەڵگە، ئەم ئەرکەیان دەکەوێتە ئەستۆ . ئافراندنی کادر بۆ بوارە جیاجیاکانی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە . بۆ نەتەوەی دیموکراتیک ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەیە. بێ کادرو پێشەنگی ئازادو دیموکراتیک ،ھوشیارو خزمەتگوزار ، کۆمەڵگە ناتوانێت گەشە بکات و پێش بکەوێت . بەبێ کادر ی شارەزا لەھەموو بوارە ھەمەلایەنەکانی ژیان . کۆمەڵگە ناتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت . بۆیە پەروەردەی کادر گرنگ و پڕ بایەخە بۆ ھەر کۆمەڵگە یەکی ئەخلاقی وسیاسی و دیموکراتی.
ئەوکادرانە کەدەگەنە ئاستی مرۆڤی ھۆشمەندو زاناو تێگەیشتوو. ئاستێکی بەرزیان دەبێت لە خوێندنەوەیان بۆ ڕوداوو پێشھاتە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیەکان . خزمەتگوزار دەبن بە کۆمەڵگەو ژینگەو سروشت . کەلتوورە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان دەپارێزن ،لەھەڵس و کەوت لەگەڵ کۆمەڵگە ، سادەو ساکارو پڕ ئەخلاق و زمان پاراو دەبن .ھەموو کارێکی ئەوان بۆ خزمەتی کۆمەڵگەوھوشیارکردنەوەیان دەبێت .
بەتایبەتی کادری لەوشێوازە بۆ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەغەرقی ئایدیۆلژیای دۆگماتیزم و دکتاتۆری و ئاینگەرایی و مەزھەبگەرایی و قەومگەرایی و میللیگەرایی سەرەتاییە ……ھتد گرنگ و پێویستە.

بۆگەیشتن بەچارەسەری دۆزی کورد لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.کادری لەو شێوەیە لەناوگەلاندا بەتایبەتی لەناوگەلی کورددا . دەتوانێت ڕۆڵی گەورەو کاریگەر لە پرسی چارەسەریدا بگێڕن .بۆیە بەڕێز ئۆجالان وەکو داھێنەری فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی ( پێی وایە گەر بەشێوەیەکی بەرجەسە کۆمەڵگا دیموکراتیک نەبێت؛ سوسیالیزم بونیادنانرێت. ھەربۆیە چارەسەری دۆزی کورد لەنەتەوەی دیموکراتیک دا دەبینێت). بۆ ئەومەبەستەش کۆمەڵگە ئەخلاقی و سیاسی سوسیالیستی ونەتەوەی دیموکراتی پێویستی بەکادری خاوەن باوەڕی دیموکراتیک وسوسیالیزمە . بۆیە تائێستا وانزیکەی سەد ساڵە لەناو گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین . دۆزی کورد لەناو بێ چارەسەریدا ماوەتەوە. چونکە بەتەنھا گەلی کورد، بۆپەروەردەکردنی کادری سوسیالیستی ودیموکراتیک ھەنگاوی ناوەوبەپراکتیک ئافرادویەتی .

کادری خاوەن باوەڕی سوسیالیستی و دیموکراتی. دژە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی و فاشیزم ودەسەڵاتخوازی و داگیرکاری. پێشێلی مافی ھیچ نەتەوەو خاوەن باوەڕیەکی فیکری و ئاینی و ئاینازایی ناکات . بەڵکوھاوکارو ھەماھەنگ دەبێت بۆ بەدەستھێنانی مافە سیاسی ،ئابوری ، نەتەوەیی و کەلتوریەکانی خۆی و ئەوانی تر. کۆمەڵگە بێ ئافراندنی کادری لەوچەشنە ھەر لەناو مەنگەنەی گێژاوە
ھەمە جۆرەکاندا دەمێنێتەوە . بۆیە بیرمەند ئۆجالان ھەربەدەرچوونی لە تورکیاو گەیشتنی بەدەشتی بیقاع لەسوریا یەکەم ئەکادیمیای پەروەردەی کادر دەکاتەوە .کەبەھەزاران کادری ھوشیارو زانا تیایدا پێدەگەن . دواجار ئەوکادرانە دەبنە داینەمۆی بەردەوامی شۆڕش . یەکێتی بیرو کردارو گوتار دەئافرێنن .کادری شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەی خاوەن بیرێکی قوڵ . خەیاڵێکی نەبڕاوە بۆ ئازادی ویەکسانی وکۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی سیاسی و سوسیالیستی و دیموکراتی .کادر لەفەلسەفەی تازەگەری دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی داھێنەرە پێشبینی ڕوداوەکان دەکات ،ھەڵسەنگاندنی وردو زانستیانە دەکات . ئەوکادرانەی ئێستا ھەڵگری پارادایمی مودێرنیتەی دیموکراتیک ونەتەوەی دیموکراتیکن . جگەلەوەی بەردەوام پەروەردەی زھنی خۆیان دەکەن. لەنوێبونەوەی بەردەوام دان . ڕەخنەگرتن لەخود ،لەکێماسیەکانی ڕێکخستن وکۆمەڵگە ، بەئەرکێکی گرنگ و پڕ بایەخی خۆیان دەزانن . ئەم کادرانە لەکادری ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی تر ناچن و خاوەن تایبەتمەندیەکانی خۆیانن . یەکێتی بیر ،گوتە ،کردار لەسیما دیارەکانیانە. ئەوان نابن بەبار بەسەر کۆمەڵگەوە. بەڵکو باری قورسی کۆمەڵگە دەخەنە سەرشانی خۆیان. خۆنەویستانە خزمەت بەکۆمەڵگە دەکەن. ھەر بۆیە شۆڕشی کورد لە تورکیا و لە باکوری کوردستان .نزیکەی پەنجا ساڵە درێژەی ھەیە یەکێک لەھۆکارە سەرەکیەکان ، کادری ھەمەلایەنەیە، لەناو ئەو تێکۆشانەی دوژمنی شۆک کردووە .

مودێرنیتەی دیموکراتی ونەتەوەی دیموکراتی. گەر لەھەرکوێ دەرفەتی بۆ بڕەخسێت. خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ھەبێت. بە گوێرەی پێداویستیە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگە کادری پرۆفیشناڵ پەروەردە دەکات.

ماویەتی .

بەشی شانزە.

ھیچ کۆمەڵگایەک بەقەدەر کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ناتوانێت ئازادی ،یەکسانی ودیموکراسی بەرھەم بھێنێت و دەستەبەر بکات.کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بەکۆمەڵگایەک دادەنرێت کەخاوەن بەرفراونترین ئاسۆو توانای گۆڕانکاری و وەرچەرخانە.

ھەموو ئەو قوتابخانە فەلسەفی ، فیکری ، زانستی ،ھونەری ،…..ھتد.پەیوەندییان بەکۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە نییە . بەشێوازێکی خراپ و دوور لەخزمەتی کۆمەڵگە لەدایک دەبن . ئەمانە زوو یادرەنگ مەترسی جدیی لەگەڵ خۆیان دێنن . دەبنە بارێکی قورس بۆسەرشانی کۆمەڵگە .
ئەخلاق و سیاسەت کەپابەند کرا بەیەکەوە . ئیتر مەترسی لەسەر ھاتنە ئارای سیاسی، دوور لەمۆراڵ و ئەخلاق بوونی نابێت. بیرمەندو فەیلەسوفێک کەداھێنانێکی دوور لە ئەخلاق بھێنێتە ئاراوە . کۆمەڵگە توشی داھێزرانی ئەخلاقی دەکات.

ئەوەی کەئێستا لەجیھاندا دەگوزرێت لە نەبوونی ئازادی ،دیموکراتی ،یەکسانی ،شەڕو کاولکاری ، داگیرکاری ، پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و زیادەڕۆیی بۆسەر سروشت . ……ھتد سەداسەد پەیوەندی بەنەبوونی کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسیەوە ھەیە.

قوتابخانەی فەلسەفی مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی . بەوە جیا دەکرێتەوە لەھەموو قوتابخانە فەلسەفیەکانی پێش خۆی کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی بە بنەما دەگرێت ، کۆڵەکەی دامەزراندنی ئەو قوتابخانەیەیە. بەڕێز ئۆجالان بونیاد نەرو داھێنەریەتی . مێژوو بەشانازیەوە باس لەم داھێنانە پڕواتایەدەکات . کەلەسەردەمی جەنجاڵی و لوتکەی دەسەڵاتدارێتی مودیرنیتەی سەرمایەداری قازانج ویست ،سەری ھەڵداوە .

کاتێک قوتابخانەیەکی فەلسەفی سەرھەڵدەدات و داھێنان بەسوودی کۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەکان دەکات . ئیتر کاتی ئەوە دێتە پێش ڕۆشنبیران ،بیرمەندان و پرۆفیسۆرو فەیلەسوفان. ببنە پشتیوانی ئەو قوتابخانەیە.گەشەی پێ بدەن ، کەم و کوڕیەکانی باش بکەن، پشتیوانی ناوەڕۆکە بەسودەکەی بکەن و بڵاوی بکەنەوە بەجیھاندا . قوتابخانەیەک ئەگەر قوتابی و مامۆستای تیا نەبێت قوتابخانە نییە. بینایەکی بەتاڵە لەڕووە فیزیاییەکەوە نا .لەڕووی ھاوکێشەی پەروەردەییەوە.

خاوەن دەرکەوتن لە فەلسەفەیەک کە زۆر گرنگە بۆ ئێستاو داھاتووی مرۆڤایەتی و ژینگەکەی . تەنھا بەوە دەبێت کە پشت و پەنای بۆدروست بێت. بیرمەندو فەیلەسوف ئەوەی لەسەرشانیەتی داھێنانە . ئیتر ئەو فیکرو فەلسەفەیە دەبێتە موڵکی کۆمەڵگە . بێ پشتیوانی کۆمەڵگە ناتوانرێت داھێنانە فەلسەفیەکە خزمەت بکات ، ئامانج بپێکێت . ھەر لەسەرکاغەز دەمێنێتەوە .

زۆر باس لەوەدەکرێت ئایا بۆ باشوری کوردستان پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گونجاوە ؟ بێگومان گونجاوەو زۆریش سوود دەگەیەنێت . چونکە نەتەوەی دیموکراتیک فەلسەفەیەک و پرۆژەیەکی فیکری دیموکراتیە . زھنی تاک ، خێزان کۆمەڵگە ، دەزگاکان، سیستمی بەڕێوەبردن دیموکراتی دەکات . گرنگە ئەوە بزانرێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە . نەتەوەی دیموکراتی وشەی دەسەڵات یان دەسەڵاتداران ڕەت دەکاتەوە . چونکە دکتاتۆریەت لەڕەگی ئەو وشەیەدایە .

وشەسازیش یەکێکە لەداھێنانەکانی نەتەوەی دیموکراتی. سەرلەنوێ واتا بە وشەو چەمکە سیاسیەکان دەداتەوە. خوێندنەوەی نوێیان بۆ دەکات، ھەروشەو دەستەواژەو چەمکێکی باش دەمێنێتەوەو پەرەی پێ دەدرێت .وشەی خراپ و بێ سوود بۆ بەکۆمەڵگە وەلا دەنرێت . کاتێک کەباس لەئازادی ، دیموکراتی ، یەکسانی ، مافی ژن ، ژینگە پارێزی …….ھتد دەکرێت . دەبێت بەڕاستی ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت . ھەر تەنھا وشە نەبێت و بەس ، بەڵکو ناوەڕۆکدار بێت.

کاتێک دەگوترێت دیموکراسی خۆبەڕێوەبردنی گەلە . نابێت سیستمێکی دەسەڵاتخوازی پاوانخواز بێت . لەژێر ناوی وشەی دیموکراتی دیماگۆجیەت بەرھەم بێنێت . سیاسی گەندەڵ و دەسەڵاتخواز لەبری گەل حوکمڕانی بکات. جارێکی تر واتادانەوەی ڕاستەقینە بەچەمکەکان سەرنج ڕاکێش و گرنگ دەبێت.

نەتەوەی دیموکراتی ژینگەو سروشت دەپارێزێت ، مافەکانی ژن دەستەبەر دەکات ، ئەخلاق و سیاسەت پەیوەستی یەکتری دەکات ،دژ نییە لەگەڵ بوونی ھەر ئاین و ئاینزایەک .بەزۆر سەپاندنی ئاین و ئاینزا بەسەر کۆمەڵگە ڕەت دەکاتەوە . واتە کۆمەڵگەیەک کە ھەڵگری ئاینی ئیسلامە بەزەبری ھێز نابێت بیکەیت بەمەسیحی ، یان بەزۆر ھەڵگرانی مەزھەبی سونە بکەیت بەشیعە ، پێچەوانەکانیشی ڕاستە .نەتەوەی دیموکراتیک ڕەگەز پەرستی و فاشیزم ڕەت دەکاتەوە ، پەلاماردەرو ھێرش بەرو شەڕانگێز نییە، ئاشتی سیاسی ،کۆمەڵایەتی ،نەتەوەیی بنەماکەیەتی بۆگەلان . گرنگی بەپەروەردەو تەندروستی کۆمەڵگە دەدات ، ئابوری و پیشەسازی ژینگە دۆستی کۆمیناڵی دیموکراتی ، سیما دیارەکانیەتی . دژە لەگەڵ ھەژاری برسێتی نەخۆشی .لەھەر ھەمووی گرنگتر، جیاوازیە فیکری و سیاسیەکانی کۆمەڵگە بەگرنگ دەزانێت . فرە فیکری و فرە ڕەنگی بەدەوڵەمەندی کۆمەڵگە دادەنێت . گرنگی بەجیاوازی بیرکردنەوە دەدات. وەکو مافێکی دیموکراتی دەیبینێت . کاتێک کە کۆمەڵگە یەک ڕەنگ و یەک بیر بوو .ھیچ نییە جگە لەدکتاتۆریەت .

ئیتر ئەم فیکرو فەلسەفەو پارادیگمایە کەسەرتاپای بۆ بەدیھێنانی کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتییە بۆچی بۆ گەلانی ھەرێمی کوردستان و تەواوی گەلانی عێراق و جیھان نابێت . چ خراپیەک یان قورسیەکی تیایە؟

ماویەتی .

بەشی حەڤدە.

دەکرێت مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک لەگەڵ فیکرو ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانی ترداکەلەجیھاندا بونیان ھەیە ، ئەم فیکرو فەلسەفە و پارادیگما نوێیەیەش بوونی ھەبێت . بۆئەوەی کۆمەڵگە لە ناو جیاوازیدا بژی . نابێت ھیچ فیکرو فەلسەفەیەک بە ھۆی بەکارھێنانی ھێز لەدژی ڕەت بکرێتەوە .ڕێگای بڵاو بوەنەوەی لێ بگیرێت . مرۆڤایەتی و ژینگەکەی بەم داھێنانە فیکری و فەلسەفیە لە گێژاوو لەناوچوون دەپارزرێت . کۆمەڵگەش بەشێوازێکی ئەخلاقی و سیاسی ژیان پێش دەخات . ھەر کات ڕێگری لەم بیرو ھزرە نوێیە بکرێت لەھەر جێگایەک ئیتر ئەو سیستمە فاشست و دکتاتۆریە. چونکە ڕێگری کردن لە بڵاو کردنەوەی ھزرێکی ئاوھا دیموکراتیک . زیان بە ئێستاو داھاتوی گەلان دەگەیەنێت .

ئەمە داھێانێکی فەلسەفیەو چۆتە سەر مەڵۆو خەرمانی داھێناکانی تری مرۆڤایەتی . ڕێگا لێگرتنی کارێکی نائەخلاقی و نادیموکراتییە .

کۆمەڵگە ی ئازادو دیموکراتیک و ئەخلاقی و سیاسی . ڕێگا لەبڵاو بوونەوەی ھیچ فیکرو فەلسەفەیەکی دیموکراتی ناگرێت . کۆمەڵگە ی یەک ڕەنگ ،یەک فیکر، یەک باوەڕی ناشیرین و ناپەسەندە . کۆمەڵگە بەجیاوازیەکانەوە ڕەونەقدار دەبێت ،گەشاوەو جوان دەبێت. گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و نوێ دەبێتەوە .

کاتێک کەباس لەکۆمەڵگەی ئازادو دیموکراتیک ،کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی دەکەین . باس لەحەقیقەتێک دەکەین . گەر مرۆڤ بەدوای حەقیقەتدا بگەڕێت . دەتوانێت بەشە زۆرەکەی لەکۆمەڵگەیەکی لەوشێوەیەدا بدۆزێتەوە. لەدەرەوەی کۆمەڵگە ی ئازادو دیموکراتیک ،لەدەرەوەی کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی . حەقیقەت نادۆزرێتەوە . ئەگەر ھەشبێت ڕێژەیەکی کەمە . کەبەشی ژیانێکی شایستەو ئارام و تەندروست بۆ مرۆڤایەتی و ژینگەکەی ناکات. باچەند نمونەیەک بخەینەڕوو . تا تێگەیشتن لەوشەی حەقیقەت ئاسانتر بێت. چونکە حەقیەقەت بۆ مرۆڤ پڕ گرنگ و بەبەھایە ،مرۆڤی بەھەڵوێست و ھوشیار وێڵی دوای حەقیەقەتە.

بۆ نمونە کۆمەڵگە یەک ئەگەر سەرتاپای ئیسلام بێت یەک مەزھەب بێت ، یان مەسیحی بێت و یەک مەزھەب بێت ، یان سەر مایەداری و لیبرالیزم بێت، یان نەتەوەپەرستی بێت ،کۆمۆنیزمی سەرتاپاگیری تاک حیزبی وەکو چین و کۆریای باکورو کوبا بێت . ھەریەکێک لەم باوەڕی و ئایدیۆلۆژیایانە . گەر پێیان وابێت خۆیان ڕاستینەی کۆمەڵگە ن (حەقیقەتی کۆمەڵگە ن) ئەوە ڕاست نییە. ھەریەکەیان بەشێکی کەم لەڕاستیان لایە .ھە موو حەقیقەت ناکەوێتە لای دەوڵەتێکی ئیسلامی کەدیموکراتی و ئازادی تێدا بەرجەستە نییە. کەچی خۆیشی بەحەقیقەت دادەنێ . دەیان ھەزار کەس لەسەر ڕای جیاواز، باوەڕی ئاینی و مەزھەبی و فیکری جیاواز و داواکردنی مافەکان لەدار دەدات . دەیان ھەزار زیندان دەکات. ئایا ھەر خودی ئیسلام بۆ خۆی چەندین ئاینزای (مەزھەب)جیاواز نیە؟ بۆچی دەبێت سونە دژی شیعە بێت یان شیعە دژی سونە بێت؟ ئەگەر ئاین و باوەڕیەکان دیموکراتیک بکرێن . جێگایەک بۆ ڕق لەیەک بوون، وەک دوژمن تەماشا کردنی یەکتری لەداردانی یەکتری بوونی نابێت. بۆیە ئیسلامی دیموکراتیک لەفەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک جێگای باس و گفتوگۆ دەبێت . شەڕە ناوخۆییەکانی پرۆستانت وکاثۆلیک ملیۆنان مرۆڤی تیادا بوو بەقوربانی. لەژێر ناوی پیرۆزیدا یان پاراستنی مەزھەبەکانی خودی یەک ئاین . شەڕی دەسەڵاتخوازی نێوان شیعەو سوننە سەدان ھەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی .ئەمانە زیانی گەورەیان لەمرۆڤایەتی داوە .شەڕی خوێناویان بەناوی دین و مەزھەبەوە کردووە . ئامانج لێی چەسپاندنی چەمکی دەسەڵاتخوازی و پاوانگەرایی بووە.

دەوڵەتێک کە نەتەوەی جیاوازی تێدایە ، بەڵام یەک نەتەوەیی و یەک زمانی دەسەپەێنێت .خۆیشی بەحەقیقەت دەزانێت ، ھاوشێوەی تورکیا ئەوە حەقیقەت نییە ، ئەوە دیماگۆگیە(چەواشەکاری)ە بەواتایەکی تر فاشیزمەوڕەگەزپەرستییە.

سیستمی سەرمایەداری کە ئەخلاق لای لەئاستی نزمدایە. بەرژەوەندی و قازانج لای گرنگی ھەیە . بەشێکی زۆر کەم حەقیقەتی لایە. نەمودێرنیتەی سەرمایەداری و نەپۆست مۆدێرنەش (پاش مودێرنیتە ). چونکە چاوچنۆک و قازانج ویست و پارە پەرست و پاوانخوازو قۆرخکارن .کەئەمانە ھەمووی دیاردەی خراپن ناتوانن ڕێژەی باشی حەقیقەتیان لا بێت .
سیستمی سیاسی کۆمۆنیزمی کەبڕوای بە دیموکراتی نییە ،ڕای جیاوازو ئاین و مەزھەب پەسەند ناکات دەسەڵاتخوازەو تاک سەرکردەو تاک حیزبی دەیبات بەڕێوە. بەشێکی زۆر کەم حەقیقەتی لایە . ئەمە مانای ئەوە نییە کەدەبێت ھەڵگرانی ئەو فیکرانە سەرکوت بکرێن .مادام ڕای جیاوازیان ھەیە . بەڵام ئەوانیش نابێت ھەڵگرانی فیکرو فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک وەکو دوژمن ببینن . لەڕێگای پەروەردەی تاک و کۆمەڵگەوە دەکرێت کۆمەڵگە وا پێش بخرێت ، بەھەموو جیاوازیە فیکری و باوەڕیەکانەوە پێکەوە ژیان بکەن .

بەداخەوە تائێستاش ئەو پێکەوەژیانە لەلایەن ھەندێک لەو فیکرو باوەڕیانە بەتەواوی ڕەت دەکرێتەوە . چونکە جیاوازی قبوڵ ناکەن ،دەسەڵاتخوازو خۆپەرستن.

کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی ،ئازاد و دیموکراتیک . دەتوانێت زۆرینەی ڕێژەی حەقیقەتی لەلابێت بۆچی ؟ چونکە چەمکەکانی ئەخلاق ،سیاسەت ، ئازادی ،دیموکراتی . بەباشی لەھەناوی خۆیدا جێ دەکاتەوە .ئەبێت ئەوە بزانین بەنەبوونی یەک چەمک کێشە بۆ چەمکی حەقیقەت دروست دەبێت .
واتا گەر کۆمەڵگەیەک ئەخلاق ، سیاسەت ،ئازادی ،تیایدا بوونی ھەبوو، دیموکراتی بوونی نەبوو ئەوە .
ناتەواوی بۆ ژیانی کۆمەڵگە دێتە ئاراوە . چەمکی حەقیقەت گورزی بەردەکەوێت . بۆیەنەتەوەی دیموکراتی ھەرچوار توخمەکە پەیوەستی یەک دەکات و لێک دابڕانیان بۆ نییە .واتا ئەخلاق ،سیاسەت ،ئازادی ،دیموکراتی چوار چەمکی پێکەوەیین لە فەلسەفەی مودێرنیتەی دییموکراتی (تازەگەری دیموکراتی )و نەتەوەی دیموکراتی دا . بەھیچ بیانویەک لەھیچ کات و شوێنێکدا نابێت لەیەک داببڕێنرێن . کەی ئەوە کرا کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی و چەمکی حەقیقەت گورزی بەردەکەوێت .

بیرمەند ئۆجالان قسەیەکی گرنگ دەکات دەڵێت لەھەر شوێنێک شتێکت لێ گوم بوو .دەبێ لەوێ بۆی بگەڕێیت ، ھەر لەو شوێنە دەیدۆزیتەوە . حەقیقەتیش لەناو کۆمەڵگە یەکی ئەخلاقی و سیاسی و ئازادو دیموکراتیک خۆی حەشارداوە ، گوم بووە ھەرلەوێش دەبێت بۆی بگەڕێیت و بیدۆزیتەوە . کەواتە چەند زوو بگەین بەکۆمەڵگەیەکی لەو چەشنە . ئەوەندە زوتر دەگەین بە زۆرترین ڕێژەی حەقیقەت.
ھەربۆیە مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک . کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی ،دیموکراتیک و ئازاد کۆڵەکەی پێکھێنانیەتی . کۆمەڵگە ی بەو جۆرە زۆرترین پشکی حەقیقەت لەخۆ دەگرێت.

ماویەتی ..

بەشی ھەژدە..

ھەموو کادرو ئەندامانی ھەڵگری یان باوەڕدار بەپرۆژەی مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک . گرنگە شیکردنەوەی وردی لەبارەوە بکەن . سادەیی و ئاسانی ئەو پرۆژەو فەلسەفەیە بۆ گەلان بخە نە ڕوو . نەتەوەی دیموکرات، ئەو جیھانبینیەیە کە ھەرشتی لە ناوخۆیدا پێناسەدەکاتەوەو سەرلەنوێ دەژێنێتەوە، ئەو وەڵامەیە کە ئیتر پێویستە کۆمەڵگەی باشوریش خۆی لەدەوری بئاڵێنێ بیگەیننە تاک ،خێزان کۆمەڵگە . ئەوانەی کە پێیان خۆشە و بەسوودی خۆیان دەبینن دەتوانن ببن بەبەشێک لێی . چونکە دواجار فیکرو فەلسەفە ھەر ئەوەندەھی خاوەنەکەتی کە لەمێشکیدایە.ھەرکە دەیخاتە سەرکاغەز، بڵاو بۆوە ئیتر دەبێتە ھی خوێنەران وئەوانی تر . ڕاستە ھەتا دنیای مرۆڤایەتی بمێنێتەوە ،مۆرکی ھەر فەلسەفەیەک گرێدراوە بەخودی داھێنەری فەلەسەفەکەوە . کەس ناتوانێت ئەو مافە زەوت بکات .
گرنگە ڕۆشنبیران ،ئەکادیمیەکان لەزانکۆکانی جیھان .ھەموو ئەو توێژەر و نوسەرانەی درک بە کەم و کوڕیەکان و ئەو گێژاوانە دەکەن کە مرۆڤ و ژینگەکەی بەرەو فەنا بوون دەبەن و سەرچاوەی ھەژاری و نەخۆشیە ھەمەجۆرە نەزانراوە لەپڕەکانن ،کەمرۆڤایەتی پێی ئاشنا نەبووە ،ھاوشێوەی ڤایرۆسی کورونا . ھەموو ئەوانەی حەز بەم داھێنانە فەلسەفیە دەکەن لەزانکۆ و پەیمانگاکاندا لەسەرانسەری جیھان . دەتوانن بیکەنە بابەتی گفتوگۆو شرۆڤەو لێکۆڵینەوە . گرنگە ببێتە ھەنگاوەیەکەمەکانی شۆڕشێکی تری ڕۆشنگەری . ھیچ پێویست ناکات بەقۆناغی بوژانەوە (ڕێنیسانس) ،قۆناغی ڕیفۆرم (چاکسازی سیاسی و ئاینی ) سەدەکانی ناوەڕاستدا بڕۆین .چونکە ئەم پرۆژەیەی مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک ھەرسێ قۆناغ و شۆڕشەکەی شرۆڤە کردووەو گەشتۆتە باشترین ئەلتەر ناتیف کە کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی،ئازادو دیموکراتیکە . لەمیانەی مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک وژنۆلۆژی. ڕێگا بۆ شۆڕشی ڕۆشنگەری سەدەی بیست و یەکی دوور لەبەکارھێنانی شەڕو توندو تیژی ، دەکرێت ئەنجام بەدەستەوە بدات. بەتایبەتی بۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئاسیا و ئەفەریقا .لە گەلانی تری دنیا زیاتر ژیان و گوزەرانیان بەدەست سیستمە دزو گەندەڵ و دکتاتۆریەکانەوە خراپ بووە . گەر دەیانەوێت کۆمەڵگە کانیان ، لەگێژاوی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و مشەخۆرو دەوڵەمەند بوو بەنائەخلاقی ڕزگار بکەن . پێویستە خۆیان بکەن بەبەشێک لەو پرۆژە گرنگ و پڕ بەھایە . کە ئەلتەرناتیفێکی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتیکە . مودێرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی تاک و کۆمەڵگەی سوسیالیستی و دیموکراتی دەکاتە حەقیقەتێکی بەرجەستە. کۆمەڵگە لەدەرەوەی کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی مرۆڤایەتی بەردەوام لەناوگێژاودا دەبێت. مودێرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک ڕێگایەکی زۆر گونجاوە و ئاسانە بۆ دەرچوون لەگێژاوی خوڵقێنراولەجیھاندا . گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین لەھەر شوێنێک ئەخلاقی چاکی لێنەبێت ئەخلاقی خراپ تیایدا بوونی ھەیە.
بەشێوازێکی تریش لەوشوێنەی ئەخلاقی باش وتەی باش کرداری باش بوونی ھەبوو پێچەوانەکانی جێگایەکیان نییە. بۆیە ئەم فەلسەفەیە سیاسەت و ئەخلاق وابەستەی یەک دەکات . ڕۆشنگەری سەدەی بیست ویەک بە فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک دا تێپەڕ دەبێت . ئەمەش دەبێتە ھۆی وەرچەرخان لەزھنیەت و ھەڵوێستی کۆمەڵگە .
مرۆڤ کەیەک جار لەدایک دەبێت و دەژی. یەکجاریش بۆھەتاھەتایی ژیان ئاوایی دەکات . شایستەی ئەوەیە لەژینگەیەکی پاک و ئارام و تەندروست ، بە خۆشی و بەجوانیەکانەوە بەئەخلاقەوە و لەسیستمێکی دیموکراتیکی ڕاستەقینەدابژی .
پرۆژەی مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک کەپرۆژەیەکی ھەمەلایەنەی فەلسەفیە بۆ نەتەوە جیاوازەکان . تەنیا پشتیوانی گەلانی دەوێت . ئەم چەمکە نەھەر بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ گەلانی جیاوازیش کەبەدەست ڕەگەز پەرستی و دکتاتۆری و دۆگماتیزمی فیکری و ئاینگەرایی و مەزھەبگەرایی دەناڵێن ( مەبەستمان لەئاین و مەزھەب )نییە مەبەستمان لەئاینی کۆمەڵگە نییە . بەڵکو مەبەستمان لە دەسەڵاتخوازیە بەناوی ئاینەوە ،دکتاتۆریەتە بەناوی ئاین و مەزھەبەوە .کردنی ئاین و مەزھەبە بەچەکێک بۆ کۆمەڵێ سیاسی دەسەڵاتخواز، بەرژەوەند خواز ، سێکس خواز …..ھتد . کەدەوڵەمەند دەبن بەناوی ئاینەوە .
وەکو تر ھەموو ئاین و مەزھەبەکان لەنەتەوەی دیموکراتیکدا جێگای شیاوی خۆیان ھەیەو ڕێز لەبیرو باوەڕیە جیاوازەکان دەگیرێت .
ئەم پرۆژەیە ڕێگای ھەمەجۆری بۆ گیراوەتە بەر . بۆ ئەوەی وەکو خۆی بگاتە گەلان .ئەم نوسینەی ئێمە یەکێکە لەوڕێگاو ھەوڵانە. کەئامانج لێی ناساندنی ئەو فەلسەفە ناوازەیەو پرۆژە گرنگەیە بەخوێنەران . خوێنەریش گرنگە ببێتە کارەکتەری ناو ی و لەدەرەوەی نەمێنێت . بەتایبەتی ئەوانەی کە پێیان باشە ،ئەوانەش کەڕەخنەیان لێی ھەیە ھەر دەتوانن بە ڕەخنەکانیان بۆ باشتر کردنی پرۆژە فەلسەفیەکە ببنە بەشێک لێی . پێشی بخەن و گەشەی پێ بدەن . ئەگەر کەم و کوڕیەک ھەبێت و بیرمەند ئۆجالان درکی پێ نەکردبێت . یان بەھۆی بارودۆخی خراپی زیندان دەستی بەزۆر سەرچاوەی گرنگ نەگەشتبێت . دەکرێت دەتوانرێت زیاتر ئەم پرۆژە فەلسەفییە دەوڵەمەند بکرێت . ھیچ فیکرو فەلسەفەو پرۆژەیەک نابێت لەسەروی ڕەخنەوە بێت . ئەم پرۆژە فەلسەفییە لەدەرەوەی ڕەخنەو نوێبوەنەوەی بەردەوام نییە. ئایدیۆلۆلژیا یەکی چەق بەستوو دۆگما نییە . تاڕەخنەو پێشنیار ڕەت بکاتەوە .
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی لەم گێژاوەی تێی کەوتووە ڕزگاری بێت . پێویستی بە قۆناغێکی نوێی ڕۆشنگەریە .
چۆن سەدەی ھەژدە بەسەدەی ڕۆشنگەری دەناسرێت . پێویستە مرۆڤایەتی ھەنگاوی دووھەمی ڕۆشنگەری بنێت ،لەسەدەی بیست و یەک . سەدەی بیست و یەک گرنگە ببێتە قۆناغی وەرچەرخانی زھنی مرۆڤایەتی بەئاراستەی مودیرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک .
گەر مرۆڤایەتی ھەنگاوی بەو چەشنە نەنێت . ئەوە دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ لەناوچوونی خۆی و ژینگەو سروشت و زیندەوەران.
قۆناغی ڕۆشنگەری سەدەی ھەژدە بووە بنەمای ھەڵوەشانی ئیمبراطوریەکان و
بناغەی دەوڵەت نەتەوە و سیستمی سەرمایەداری پیشەسازیگەرایی دژەژینگەوقازانج پەرستی دانا. ڕۆشنگەری سەدەی بیست و یەک کەبە ڕێبازی مودرنیتەی دیموکراتیک ونەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دا تێپەڕ دەبێت . دەبێتە ھۆی ھەڵوەشانی فۆرمی دەوڵەت نەتەوەی یەک نەتەوەو یەک زمان و سنور پیرۆز کراو . لەجێگایدا پێکەوەژیانی ئاشتیانەو دیموکراتیانەی گەلان. لەکۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی جێگای دەگرێتەوە . Ibrahem Faraj
ماویەتی ..

بەشی نۆزدە

ئیتر کاتی ئەوەیە گەلی کورد وەک پێشەنگی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک لەدەرەوەی وڵات . خۆی لەچوارچێوەی ئەو فیکردا ڕێک بخات . پەرلەمان یاخود کۆنگرەی گەل بئافرێنێت.ھەرچەندە ڕێکخستنی کەجەدەکە (کۆنگرەی جڤاکا دیموکراتیکا کورد )ھەیە لەئەوروپا گرنگە ئەو ڕێکخستنە بەرفراوان تربێت و یەکینەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک خۆسەر لەدەرەوەی دەوڵەت نەتەوە بئافرێنێت. کورد گرنگە لەدەرەوەی ڕێکخستنی نەتەوەی دیموکراتیک نەمێنێتەوە. بەبیرو ڕا جیاوازەکانی خۆیانەوە بێنە لای یەک . باشترین ڕێگاچارەی ئاشتیانەی دۆزی کورد دەبێت لەخودی کوردەوە دەست پێ بکات. کورد خۆی ڵەناوفەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک بەسیستماتیک بکات . ھەموو دام و دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانە لەدەرەوەی وڵات بئافرێنێت. واتە بەشێوازێک بێت پێویستی بەدەوڵەت نەتەوە ئەوروپیەکان نەبێت . بگرە ئەوان ناچار بکات بەفەرمی بیناسن وەکو ڕێکخستنێکی سیاسی و مەدەنی و دیموکراتیک .ئەوانیش ببنە بەشێک لەچارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتیانەی دۆزی کورد.

گرنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەوڕۆڵە بگێڕێت و ھەموو دام و دەزگاکانی خۆبەڕێوەبردن بئافرێنێت . ناوەکەی بگۆڕێت بۆ کۆنگرەی نەتەوەی دیموکراتیک.

کوردی ئازاد گەر ئەوکارەبکات لەسەر خاکی ئەوروپاو یەکینە دیموکراتیەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دابمەزرێنێت. کۆنفیدرالیزمی نێوان کوردی ھەموو پارچەکان بئافرێنێت . واتە ھەرپارچەیەک یەکەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی تایبەت بەخۆی بونیاد بنێت . دواجار ئەوچوار بەشە سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لەناوخۆیاندا دروست بکەن .کۆنگرەی یان پەرلەمانی ھەرچوار بەشی کوردستان کەنوێنەرایەتی کوردان و تەنانەت نوێنەری گەلانی تریشی تێدا بێت دروست بکەن . لەدەرەوەی ئەوحیزبانەی وابەستەی داگیرکەرانن .ئەوگەلانەی خواستی ژیانیان ھەیەلە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لەگەڵ کورد دەتوانن بەشدار بن .

گەلان بەھاتنە لای یەکی دیموکراتیانە لەودوژمنایەتی و یەکتر قڕ کردنەی دەوڵەت نەتەوەو سیستمەکانی کۆنی دەرەبەگایەتی ئافراندویانە ڕزگاریان دەبێت . لەبری دوژمنایەتی یەکتری دەبنە دۆست و ھاوکاری یەک. پێکەوەژیانی دیموکراتیانە دێتە ئاراوە. لێرەوە ئەوروپا دەخاتە ناودۆزی چارەسەرنەکراوی نەتەوەی کورد. ناچاریان دەکات ببنە بەشێک لەچارەسەری ئەودۆزە لەتورکیا ،ئێران ،سوریا،ئێراق. پێ ناچێت یاساکانی ئەوروپاش ڕێگری لەوەھا کارێک بکەن .

ئەوروپا بەتایبەت بەریطانیا سەرچاوەی دروست بوونی کێشەی کوردو پارچەپارچەکردنێتی . دەبێت کورد بە پرۆژە دیموکراتیکەکەی کەنەتەوەی دیموکراتیکە. دەوڵەت نەتەوەکانی ئەوروپا والێ بکات ھەڵەکانی ڕابردویان چاک بکەن.

ئێستا کوردی نوێ ھێزێکی گەورەی جەماوەری و دیموکراتیە لەجیھان بەگشتی ولەئەوروپا بەتایبەتی. ئەو کارە گرنگەش بۆ بیرکردنەوەی قوڵی بیرمەند ئۆجالان دەگەڕێتەوە . کەھەر لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشەوە. کادری ناردە شارەکانی ئەوروپا. تا لەڕووی ماددی و مەعنەوی کوردانی تاراوگە ڕێک بخەن و بیانکەنە پاڵپشتی شۆڕش. ئەوکادرانە بەشێکی زۆریان کارەکەی خۆیان بەباشی کرد. ھەرچەندە ھەندێکیان تەسلیم بەمۆدێرنیتەی سەرمایەداری بوون. ئەوەی ئێستا کوردو دۆستە ئازادیخوازەکانی لەگەلانی جیھان لەکارو چالاکی دیموکراتی ئەنجامی دەدەن. بەرھەمی کادرە ھوشیارو دڵسۆزەکانی سەدەی ڕابردووە.
ئێستاش بەھەزاران کادری خاوەن فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک ئافرێنراون .خەویان لەچاوی دوژمنانی کوردوداگیرکەرانی خاکی کوردستان و ھێڵی خیانەتی کورد زڕاندووە.

ئەودەوڵەت نەتەوانەی کوردو خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە دەبێت بزانن . کوردی نوێی باوەڕدار بەفەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک . خاوەنی پرۆژەی چارەسەریی ڕیشەییە بۆ دۆزەکەی . جگە لەئازادی و دیموکراتی و ژیانێکی بەشکۆو کەرامەت لەسەر خاکی مێژوویی خۆی . بەژیانی ژێردەستەیی و بێ مافی و سڕینەوەی نەتەوەیی و کەلتووری ڕازی نابێت .

کورد ی نوێ ڕازی نابێت لەبازاڕو بازرگانی و بەرھەم ھێنان داببڕێت و سامانی خاکەکەی بۆ ئەوانی تر بن . خۆیشی ھەژارو بێ کار بێت . خۆی خاوەن پرۆژەی ئابوری کۆمیناڵی دیموکراتیک و پیشەسازی ژینگە دۆستە. پرۆژەکەی جێ بەجێ دەکات.

بیرمەندو فەیلەسوف بەڕێز ئۆجالان . تێزی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی ئافراندووە کەیەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی فەلسەفەی مودرنیتەی دیموکراتی . ئەم تێزە بۆتە سەنتێزی سیستمە سیاسیەکانی جیھان . لەئەنجامی لێگەڕینی قوڵ و لێکۆڵینەوە خوێندنەوەی گشت تێزە سیاسی و فەلسەفیەکانی تری جیھان کۆتێزیکی بەرھەم ھێناوە .ناوی ناوە مودێرنیتەی دیموکراتیک .

ئەم کۆتێزە دەتوانێت ئەوگێژاوانەی ، کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتی و ژینگەکەی. کەبەھۆی تێزە جۆراو جۆرە کانەوە بەتایبەتی لیبرالیزم و مودێرنیتەی سەرمایەداری خوڵقێنراوە،چارەسەر بکات . ئەگەر گەلان فەلسەفەی مودرنیتەی دیموکراتیک ونەتەوەی دیموکراتیک نەکەنە بەرنامەو پرۆژە ی خۆیان. ھەر لەناو گێژاودا بۆ سەدان ساڵی تر دەمێننەوە . زیانی گەورە بەخۆیان دەگەیەنن .
دەوڵەت نەتەوە دژە شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانە .سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری بۆ بەردەوامی خۆی و مانەوەی دەسەڵاتەکەی و پاوانخوازی و ھەژمونگەرایی .تێزی دژە شۆڕشی گەلانی پێش خست و دەوڵەت نەتەوەی کردە قەڵغانی درێژەدان بەسیستمەکەی.دەوڵەت نەتەوەی کردە چەتری سەری بۆ خۆپاراستن ودرێژ بوونەوەی تەمەنی کەئەوە زیاتر لەپێنج سەد ساڵە بەردەوامە. لەسەدا ھەشتای دەسەڵات و سیستمە سیاسیەکانی جیھانی وەکو خۆی لێکردوون. وڵاتێکی وەکو چین فەلسەفەی کۆمۆنیزم پەیڕەو دەکات . کەچی سیستمە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکەی سەرمایەدارییە!!! ئازادی سیاسیشی تێدا نییە، واتا بیرو ڕای جیاواز تاوانە.

ئێستا کە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک وەکو دژە تێزی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە دەرکەوتووە . تەمەنی نزیکەی بیست و پێنج ساڵێکە پاڵپشتی شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانە .بەئاراستەی نەھێشتنی ستەمکاری دەوڵەت نەتەوەو نەھێشتنی چاوچنۆکی سیستمی سەرمایەداری دژە ژینگە ھەنگاو دەنێت . کەدوو چاوی ھەیە تەنھا قازانج و کەڵەکەی زیاتری پارەو سامان دەبینێت .

سیستمی دەوڵەت نەتەوەو ئایدیۆلۆژیا ھەمەجۆرەکانی بوون بەبارگرانی بۆسەر شانی گەلان . گەلان زوو یادرەنگ ، شانی خۆیان دەتەکێنن و باری قورسیان بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی ژن و ژیان و ژینگە دۆست سوک دەکەن.

بەشێک لەگەلی کوردو گەلی عەرەب بەشێک لەگەلانی ئاسوری و سوریانی و ئەرمەنی ،لە باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا . یەکەمینی ئەوگەلانەن بەپراکتیکی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکیان وەکو تێزێکی فەلسەفی خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە . توانیویانە کۆمەڵگە ی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتیک بئافرێنن. شەنگالیش لەعێراقی پڕ قەیراندا نموونەیەکی تری پیادەکردنی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکە. ئەوەتا ھەموو دەوڵەت نەتەوەکان دژایەتی و دوژمنایەتیان دەکەن .پێشەنگەکانیان بەدرندانەترین شێوەو تەکنەلۆژیای سەردەم تیرۆر دەکەن.

بەڵام ڕاستیەکی مێژوویی ھەیە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ھەمیشە لەگۆڕاندایە. بەتایبەتی ئەوکاتەی ئەلتەرناتیفی سیستمی کۆن دەردەکەوێت .یاخودی تێزو پارادیگمایەکی نوێ دێتە ئاراوە.
ئیتر گەلان کۆن وەلادەنێن. لە دەوری تێزی نوێ کۆ دەبنەوە خۆیان بەڕێکخستن دەکەن . بەتایبەتی کاتێک کە جیاوازیەکانی نێوان تێزی کۆن ونوێ دەبینن و دەگەنە ئەو بڕوایەی تێزی کۆن کەم کوڕی زۆرەو تێزی نوێ ئەو کەم و کوڕیانەی نەھێشتووە . دەبینن کەتێزی نوێ خزمەت بەوان دەکات. بۆیە ھەنگاوبەھەنگاو گەشەدەکات و دەبێتەپرۆژەی گەلان. ڕێکخستنی سیاسی دروست دەکەن . خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی و دواجار کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لەنێوان گەلان دەئافرێنن .ئەمە حەتمیەتی مێژووەکۆن لەبەرامبەر تازە خۆی نەگرتووە. ھەرچەندە بەرەنگاریشی زۆر کردبێت .تێزی کۆن ناچار بووە لەگەڵ تێزی نوێ خۆی بگونجێنێت. بەتایبەتی کەتێزی نوێ پاڵپشتی جەماوەری بۆ دروست دەبێت . ئیتر ڕێگایەک بۆ تێزی کۆن نامێنێت جگە لەخۆ گونجاندن لەگەڵ تێزی نوێ .
ھەرچەندە سیستمی سەرمایەداری بەردەوام خۆی بەشێوازی جۆراو جۆر نوێ دەکاتەوە. بەڵام نوێ بوونەوەکەی ھاوشێوەی مارە.کاژە دەرەکیەکەی فڕێ ئەدات . بەڵام سروشتی پێوەدانی ناگۆڕێت.

ماویەتی …

بەشی بیست .

فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیك کۆمەڵێک ڕەھەندیاخود پرانسیپ لەخۆ دەگرێت گرنگ و پڕبایەخە بۆ خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی گەلان .
بیرمەندو فەیلەسوف بەڕێز ئۆجالان .زۆر بەوردی دیاری کردوون .کەئێمە لێرەدا بەخاڵ دیاریان دەکەین .بەکورتی قسە لەسەر ھەریەکێکیان دەکەین.

دیارە دەکرێت و دەگونجێت ئەگەر ئەو پرانسیپانە لەکاتی پراکتیکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە . پێویستی بەزیاد کردن یاخود لابردن ھەبێت .گۆڕانکاری تێدا بکرێت . بەپێی تایبەتمەندی نەتەوەیی ،ئاینی و مەزھەبی و کەلتووری ،ڕەگەزی …..ھتد. بیرمەند ئۆجالان ئەم چەند خاڵە گرنگ و پڕ بەھایەی دیاری کردووەو بەباشی لەسەر ھەر پرانسیپێکیان شیکردنەوەی کردووە . ئێوە ی خوێنەر دەتوانن لەبەرگی پێنجەم دۆزی کوردو ڕێگا چارەی نەتەوەی دیموکرات تەواوی ئەو خاڵانە بخوێننەوە کەئێمە بەکورتی لەسەر ھەر یەکێکیان دەنووسین .

پرانسیپەکان بریتین لە:
١/
١/تاک .ھاونیشتیمانی ئازادو ژیانی کۆمۆنەی دیموکراتیک.
٢/
خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتیک و ژیانی سیاسی.
٣/
ژیانی کۆمەڵایەتی.
٤/
ھاوژیانی ئازادو دیموکراتیک .
٥/
خۆسەری ئابووری .
٦/
بونیادی یاسایی .
٧/
کولتوور .
٨/
سیستمی بەرگری خۆیی .(الدفاع الذاتي)
٩/
دبلوماسی .

بەکورتی ھەریەک لەم پرانسیپانە شی دەکەینەوە قسەی لەسەر دەکەین .

١/تاک .ھاونیشتیمانی ئازادو ژیانی کۆمۆنەی دیموکراتیک :
تاکڕەوێتی یان تاکخوازی سەرمایەداری لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لەکۆمەڵگا سەرچاوەی گرتووە. ئەم نکوڵیکردنە ،لەکۆمەڵگا بوون و کۆمەڵایەتی بوون ، لەکولتوورو نەریتە جیاوازەکان و مێژووی گەلان .گەورەترین شێواندن و چەواشەکاری ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمە.

لەبەرامبەردا تاک یان ھاونیشتیمانی نەتەوەی دیموکراتیک ئازادی خۆی لەکۆمۆنەکانی ناو کۆمەڵگە دا دەبینێتەوە.کۆمۆنی ئازادو دیموکراتیک سەرەکیترین ئەکادیمیایە کەھاونیشتیمانی نەتەوەی دیموکراتیک ی تێدا پەروەردە دەکرێت .تاکێکی ئازاد،دیموکرات ،ئەخلاقی و سیاسی تێدا دەئافرێت .کۆمۆنەکان ھەمەڕەنگ و فرەجۆرن و ھەرەوەز کارن . لەھەر بوارێکی پێویستی ژیاندا کۆمۆن دروست دەکرێت . ئەوکۆمۆن و کۆمەڵگە یەی دیموکراتی نەبێت سیاسی نابێت. ئەوکۆمۆن یاخود کۆمەڵگە یەی سیاسیش نەبێت ئازاد نابێت.ھاوتەریب بوون واتە پێکەوە ییەکی توندو تۆڵ لەنێوان دیموکراتی بوون و ئازادی و سیاسیبوونی کۆمۆن و کۆمەڵگە دا بوونی ھەیە. ئەمەیەکێک لەجیاوازیە ھەرەگرنگەکانی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکە. لەگەڵ کۆی سیستمە فیکری و ئایدیۆلۆژیە زەمینی و ئاسمانیەکان و فەلسەفەکانی تری جیھان . کە سیاسەت دەکاتە موڵکی کۆمۆنەکان وکۆمەڵگەو لەگەڵ دیموکراتی و ئازادی ھاوتەریبیان دەکات .
واتە ھیچ کۆمەڵگە و کۆمۆنێک ئەگەر چەمکەکانی سیاسەتی گرێدراو بەئەخلاق و دیموکراتی و ئازادی تیادا پەیڕەو نەکرێت. ئەوە دکتاتۆریەتی دەسەڵاتخواز لەکۆمەڵگا دا دێتە ئاراوە.
بۆئەوەی دکتاتۆری دەسەڵاتخواز و گەندەڵ و ھەژمونگەرا دروست نەبێت. نەتەوەی دیموکراتیک لەبنکەکانی خواری خوارەوە سیاسەت بەوچەمکانەی لەسەرەوە باسمان کرد دەکاتە کاری کۆمەڵگە و کۆمۆنە ئازادو دیموکراتیکەکان. ڕێگا نادرێت تاکی دەسەڵاتخوازو مشەخۆرو خۆپەرست . کەدواجار دەبێتە بەڵا بۆ کۆمۆن و کۆمەڵگە بوونی ھەبێت. بۆیە پرانسیپی سیاسەتی گرێدراو بەئەخلاق و دیموکراتی و ئازادی .لەبنکەکانی خواری خوارەوەی کۆمەڵگە دەبێتە کاری لەپێشینەی پەروەردەی کۆمەڵگە . ئەوتاکەی لەکۆمۆنەکان دا کاردەکات. دەبێت پابەندی ئەم پرانسیپە یاخود ڕەھەندە دیموکراتیکە بێت.

ئایدیۆلۆژیاکانی چین وڕوسیا یاخود سیستمە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیکەیان .کەخۆیان بەئەلتەرناتیفی ئایدیۆلۆژیای یاخودی سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا بەگشتی دەزانێت . ھیچ نییە جگە لە دوبارەکردنەوەی ھەمان سیستم و ھەمان فراوانخوازی و ھەژمونگەرایی . واتە ئاو لەئاشی ھەمان سیستمی سەرمایەداری دەکات دوور نییە خراپتریش بێت و سیستمی بەبارمتە گرتینی گەلان لەڕێگای ئابوریەوە بخوڵقێنێت و داگیرکاریەکی مەترسیداری گەلان لەڕێگای دەست بەسەراگرتنی ئابوریەکانیاوە بخوڵقێنێت . ئێستا چین ئەو سیاسەتە ئابوریە. لەجیھاندا بەتایبەتی لەڕۆژھەڵاتدا، وەک ھەنگاوی یەکەم جێ بەجێ دەکات.
فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک ،کەدەبێتە ئەلتەر ناتیف . بەوەیە کە ھەموو جۆرە فراوانخوازیی و ھەژمونگەرایی و دەستبەسەرا گرتنی ئابوری و سیاسی وسەربازی گەلان ڕەت دەکاتەوە . لەکۆمۆنە دیموکراتیەکاندا گەلان خۆیان خۆیان دەبەن بەڕێوە . بێ ئەوەی چاویان لەھیچ جۆرە داگیرکاریەک بێت.

ماویەتی .

لینكی بەشی(١ – ١:)

فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی چییە؟ بەشی یەكەم تا دەهەم

هاوبەشی :